بڕێک ڕووتیی
مردم ئەوەندەی بە دیار برینەکانی نیشتمانەوە بلەرزم
بە دیار کوێرەکانییەکانی نیشتمان
بە دیار جەنگەڵە سووتاوەکانی نیشتمان
شەقم برد ئەوەندەی تەماشای فرمێسکی گوڵ و
بنچکە گیا و
ئەستێرەی ڕژاو بکەم
لەم نیشتمانەدا،
هیچ شتێ نەماوە، ڕەش دانەگەڕابێت-بەفریش
هیچ شتێ نەماوە کوێرایی دانەهاتبێت- چراش
هیچ شتێ نەماوە ڕەق و وشک نەبووبێتەوە-بارانیش
هەمیشە تەرمێکم بە کۆڵەوەیە،
یا هی کۆڵبەرە
یا هی پێشمەرگە
یا هی پارچەیەک مووزیک.
هیچ شتێ لەم نیشتمانەدا نەماوە، نەشکابێ؛
قەدی درەخت -مەبەستم قەدی ئومێدە
باڵی کۆتر- مەبەستم باڵی ئاشتییە
لاقی کەروێشک- مەبەستم لاقی ڕووبارە.
وەرە دۆستە شیرینەکەم، گەر بۆ شەوێکیش بێت؛
کەمێک جوانیی
کەمێک ڕووتیی
کەمێک ئارامیی.
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]