بۆ نابیت بە قەحبە
1
لەڕووکەشا؛
پیاوێکی هێمن و لەسەرخۆم
لێ لە مۆخی ئێسقانەکانمدا، شێتێکی پەتەڕیم.
2
دەچمە بیابانی سەماوە هێندێ ئێسک و پروسک کۆ دەکەمەوە ،
دەیکەم بە تابلۆ و لە یانەیەکی شەوانەدا، هەڵی دەواسم،
کە تیایا ژنەکانی بێ دەرپێن.
3
پێڵاوی ئەنفال کراوێک دەکەم بە شەپقەو خۆم دەکەم بە هۆڵی کۆنگرەی حیزب و کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران.
4
تەنیا گوێم لە کڕووزانەوەی منداڵی شەهیدە، دەڕۆم کۆشکی بەر پرسەکان بەرد باران دەکەم تا؛
تاوێ زریکەی
منداڵەکانیان ببیستم
5
لە پزیشکی دادوەریدا، ئەو ژنانە توێکاری دەکەم،
کە قوربانی دەستی گەوادەکانن
6
بە کوتکێکی ئاسن و خاکەناسێک بە نێو گۆڕستانی ئەمیرەکانا،
تێدەپەڕم و کێل دەشکێنم و گۆڕ هەڵدەدەمەوە.
7
لە بەرقاپی مزگەوتێکا، عەرەق دەفرۆشم.
8
لە کڵێسایەکدا وێنەی ڕووتی مریەم بڵاو دەکەمەوە.
9
لەناو پاسا ،یەکەم بەیاننامەی حیزبێکی نوێ دەبەشمەوە کە پێی وایە؛
ئیبلیس گەردوون بەڕێوە دەبات نەک خودا.
10
تووشی هەر پاکیزەیەک دەبم پێی دەڵێم؛
تکایە بۆ نابیت بە قەحبە.!!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]