ناونیشانی بابەت: جەنگ و هەرێمی کوردستان و بن بەست
ئامادەکردن: چیڤارا کەمال
من پێم وایە کە بارودۆخی ئەم هەرێمە گەیشتۆتە بن بەست و هیچ ڕێگە چارەیەک نییە کە بتوانێت ئەو هەموو نەهامەتی و گرفتە یەک لەدوای یەکانە چارەسەر بکات چونکە هیچ پلان و بەدواداچونێک نییە بۆ کێشەکان و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کێشە و گرفتی نوێ دێتە ئاراوە و دەچێتە سەر سکەی خۆیی و پیادە دەکرێت ، کاریگەریی هەموو گرفت و ڕووداوە یەک لەدوای یەکەکانی ڕۆژبەڕۆژ و سات لەدوای سات ڕوبەڕوی تاکی کورد دەبێتەوە لەم هەرێمە کەمەر شکێنە و وردەوردە بووەتە هۆکاری ئەوەی سادەترین ماف و داواکارییەکان بگڕیتەوە و کار وا بڕوات ئەم هەرێمە دەبێتە یەکێک لە ناوچەکانی ئەفریکای باشوور کە ڕووبەڕووی چەندین جۆر نەخۆشی دەروونی و قات و قڕی بۆتەوە ، لەم هەرێمە خۆدزینەوە بۆ قوتاربوون لە هەر پرسیارێک کە ڕووبەڕووی بەرپرسان و شارەزایان دەبێتەوە بە مەبەستی چارەسەر لە ئێستادا تەنیا بە ڕستەیەک وەڵام دەداتەوە کە ئەویش ئەوەیە (هەرێم لە جەنگدایە) ؟ کامە جەنگ؟ ئەو جەنگەی بەڕای 3/4 ی تاکی کورد بەزۆر کرا بە بەرۆکی ئەم هەرێمە و بووە شەڕی کورد؟ ئێستا سنووری هەرێمی کوردستان بووەتە پێگەی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیە ئایینی و تایفی و مەزهەبیەکان و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی جگە لە دەست خۆشی و قسەی باق و بریق هیچ هەڵوێستێکی تر بە دی ناکرێت ، کۆتایی هێنان بەم جەنگە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی کردەی تەنیا 2 ڕۆژە گەر بیانەوێت و بەرژەوەندی و گەرمکردنی بازاڕی چەکەکانیان بهێڵێت ، وەگەر نا دوور نییە ئەم جەنگە 100 ساڵی دی نەخایەنێت و کۆتایی بە کورد و کورد بوونی هەرچوار پارچەکەش بهێنێت ، درێژە پێدان و بەردەوامی ئەم جەنگە زۆرێک لە هاوکێشەکانی ناوچەکەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەریشەوە گۆڕی ، لەسەر ئاستی ناوەوە هەلێکی ئێجگار باش دەست حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی ئیداری کەوتووە بۆ بیانوو هێنانەوەی نەبوونی داهات و مووچە و نەوت و بەنزین و خۆراکی کولێتی بەرز و دەرمان و هتد .. ، تەنیا کەسێکیش کە باجەکانی زۆر بەسەختی لەسەر کەوتووە و دەیدات تاکی کوردە ، هاووڵاتی سڤیلی بێ دەرامەت و داهاتە، ئەو هاووڵاتییەی سەرباری نەبوونی بژێوی و لانە و خۆراک لە بەرەکانی جەنگێکی نەویستراو ونەخوازراودا ڕۆژانە دەبێتە سوتەمەنی و بە دەستی خەڵکانێک لەناو دەچێت نازانرێت کێن و لە کوێوە هاتوون و چییان دەوێت؟ هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی دەڵێن لەسەربانەوە بیخەیتە خوارەوە بەو شێوەیە کەوتە ناو ئەم جەنگە و گورزی کەمەر شکێنی لەگەڵ خۆیدا وەشاند کە هێنانی قات و قڕی و بە بن بەست گەیاندنی ئەم هەرێمە بوو تا دوا بڕگەکانی ژیان تیایدا ، لەسەر ئاستی دەریشەوە بازاڕێکی ئێجگار گەورە و زەبەلاحی بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانانی واڵا کردووە کە مەحاڵە بەو زوانە دەرگا و دەڕابەکانی دابخرێن لە کاتێکدا کە ڕیکۆردی ئابووری و ژێرخانی ئابووری وڵاتان لە ئاستە نزمەکانیدایە بە تایبەت بازاڕی چەک و تەقەمەنی کە گەر بەوردی بڕوانینە ئەو بازاڕە تەنیا لە سووریا و ئێراق جمەی دێت و کێ بڕکێکە ئەوەیە کە هەر وڵاتە و بە پێی تواناکانی خۆی بەشداری دەکات لە چمکێکی ئەو جەنگەدا و بەپێی ئەو چەک و تەقەمەنیانەی خۆی دەیەوێت مامەڵەیان پێوە بکات و ساغیان بکاتەوە ، هاووڵاتییان لەوانەیە لە نەگەن کە هەر گوللەیەک لە سنووری هەرێم بتەقێنرێت نرخەکەی زۆر گران لەسەرمان دەکەوێت و بە دەیان و سەدان قات لێمان وەردەگیرێتەوە جا وەرە بۆ حساباتی هاتوچۆی فڕۆکە و بۆمب و تەقەمەنی قوورس و جۆراوجۆری تر ، وەی بە حاڵمان بۆ ئەو گرفت و نەهامەتیانەی دوای جەنگیش ، چونکە تاڵاوی وەرگرتنەوەی پارە و پولی جەنگمان چەشتووە لە ڕابردودا بە نموونەی قەرەبوی جەنگەکانی کوەیت و ئێران ، ئێمە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ، یان باشترە بڵێم هەر چەند ساڵ جارێک و بە جۆرێک باجی جەنگ و شەڕی بێ بنەما و کەمەر شکێن دەدین و بێ نان و ئاو و کارەبا و بەنزین و مووچە و لانە دەبین ، ئاخر تاکی کورد تا کەی بەرگەی ئەو هەموو ئازار و برین و داچۆڕانە بگرێت ؟ تاکەی جەنگ و نەبوونی و قات و قڕی؟ تاکەی بێ پلای و خۆ گلاندن لە شتانێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەوە نیە؟ بۆ دەبێت خۆمان وەربدەینە هەندێک گرفتی وا گەورە کە لە ئاست نێودەوڵەتیدا بن و پاشان هەوڵ بدەین بە گژیا بچینەوە ، ئاخر بە کامە داهات و بە کامە چەک و بە کامە پشتگری ، ئاخر خۆ ئێمە هیچ نین تا بمانەوێت دەرکەوین و خۆمان بسەلمێنین ئەویش لە ڕوانگەی توانای جەستەیی و شەڕکردنمان! باشە ئەم هەرێمە تا ئێستا نەیتوانیوە سادەترین ماف و بنەماکانی مرۆڤایەتی دابین بکات بۆ تاکەکانی چ جای بیەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی خۆی دەربخات ، ئێمە ئەوە ماوەی 30 ساڵ دەبێت ناتوانین ماڵی خۆمان بەڕیوە بەرین و پێداویستییە سەرەتاییەکانمان فەراهەم بکەین لە کارەبا و نەوت و بەنزین و خۆراک و مووچە تازە بە تازە مان دەگیرێت بۆ مووچە لەم هەرێمە کە با تانکەر نەوت دەفرۆشێت و داهاتی ناوخۆیشی بەردەوامە ، من ئەوەندە دەڵێم سەردەمی ڕژێمی پێشووی سەدام حسێن لە هەموو داهاتی ئێراق تەنیا 5% خەرجی کراوە بۆ دانیشتووانەکەی و بەو شێوەیەش ژیان دەگوزەرا کە زۆرێکمان بیرمانە ئەمە لە کاتێکدا بوو کە ئێراق لە جەنگێکی قوورس و سەختی 8 ساڵەدا بوو لەگەڵ دەوڵەتێکی تری گەورە! خەڵکی ئەم هەرێمە بەو شێوەیەی وەک ئێستا هیلاک و ماڵوێران نەبوون! ئێستاش دەمی هەر کەسێکی ئەو سەردەمە بکەرەوە دەڵێت کورە بابە کێ ەیزانی ئەسڵەن کە شەڕە؟! ئەی باشە بۆ ئێستا لەگەڵ خەرجکردنی ئەو هەموو ترلیۆن و ملیارد و ملیۆن و 17% ی داهات بەو حاڵە بەڕێوە دەچین ؟ ئایا ئەمە سەیر نییە ؟ ئایا ئەمە سیحر نیە؟ ئەمە جیاوازی نییە ؟ کێ وەڵامی نهێنی ئەم هاوکێشەیە دەداتەوە؟ کێ هەیە بتوانێت ئەم (لوغزە) وەک ئەڵێن حەل بکات ؟ لە هەرێمی کوردستان ئێمە بۆ ناژین لەگەڵ ئەو هەموو داهات و پارە و نەوتە؟! ئایا ئەم هەرێمە بە بن بەست نەگەیشتتوە؟ تکایە هەرکەس زانی با وەڵام بداتەوە پاداشتی گەورەی لە دونیا و قیامەت دەبێت و من وەک خۆم بە بلیمەت و پڕۆفیسۆر و بیرمەند و شارەزا ناوی دەبەم و دەیناسێنم. [1]
Kurdîpêdiya ne berpirsê naverokê vê tomarê ye, xwediyê/a tomarê berpirs e. Me bi mebesta arşîvkirinê tomar kiriye.
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 272 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!