$بەکەم تەماشکردنی ژن لەکوێوە دێت؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
بۆچی کەسێک چاک بێت پێی دەڵێین پیاو و بە کۆی فەزیلەتە ئەخلاقییەکانیش دەڵێین پیاوەتی؟ بەیەک وشە لەبەر ئەوەی لەڕابردوودا زمان ئەداتێکی تەواو دەستەمۆی دەستی پیاوان بووە و وەک هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان ئەمیشیان کۆنترۆڵکردووە. من پێم وایە پیاو پێش هەموو شتێک سەرەتا زمان کۆنترۆڵ دەکات ئەوسا لەڕێگای زمانەوە کۆی ژیان کۆنترۆڵ دەکات و ئیتر لێرەوە ئەوە درووست دەبێت هەروەک هێزەکە تەنیا پیاوان خاوەنی چاکە فەزیلەتیشن. کۆنترۆڵکردنی زمان وادەکات چاکەش وەک هەموو شتێکی دیکە بەتەواوی ببێتە موڵکی خۆی. ئێمە لەم بوونەدا بەخۆمان و بۆچوون و دینداری و ئایدۆلۆژیاکانمانەوە تێکڕا بە زمان دەورە دراوین و تەنیا لەچوارچێوەی زماندا دەتوانین بیربکەینەوە، خەیاڵ بکەین تەنانەت بوونی دیاردەیەکی نازمانیی وەک خوداش بناسین. ئێمە لەدەرەوەی زمان بوونێکمان نییە.
من پێم وایە ڕیشەکانی کەم تەماشاکردنی ژن نە دینین نە کلتووری و نە کۆمەڵایەتی و نە سیاسیشن، بەڵکوو دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێکی زۆر کۆنتر لە درووستبوونی ئەم دیاردانە، ڕیشەی ئەم باسە سەرلەبەری بەرهەمی درووستبوونی کۆگنیشن و زمانی مرۆڤن هموویان لەوێوە سەرچاوە دەگرن.
کاتێک مرۆڤ دەتوانێت هەست بەخۆی بکات و دواتر ئەو هەستانەشی لەڕێگەی دیاردەیەکی وەک زمانەوە بەیان بکات ئیدی سەرەتایەکی نوێ لە مێژوو دەستپێدەکات. بەهۆی بوونی هۆڕمۆنە نێرانەیەکان تێیدا و بەهێزی ماسوولکەکانی و توانینە زۆرەکەی بۆئەوەی خۆی وەک ئاڵفا و ئاغای نێو کۆمەڵگە بسەپێنێت، نێر دێت لەڕێگەی بەکارهێنانی زمان و پێودانگەکانییەوە هەموو دیاردە باش و جوانەکان لەڕێگای ئەم هێزەوە دەکات بەناوی خۆیەوە. هەم کلتوور و هەم دین و هەمیش سیاسەت و هەموو دیاردەکانی دیکەش چونکە کوڕی دونیای زمانن و زمان تاکە ئامرازی دەستیانە بۆ بەیانکردنی خۆیان دێن لەژێر هەژموونی ئەم دیاردەیەدا خۆیان بەیان دەکەن و بە ڕێژەییش بێت ڕازی دەبن بە ڕێسا و دەستوور و یاساکانی ئەو.
تەماشا وشەی ڤێرچیو Virtue وشەیەکی ئینگلیزییە بەمانای فەزیلەت دێت. لە زمانی ئیتاڵیدا ئەم وشەیە دەبێتە ڤێرتو، ماکیاڤیلی لە نووسینەکانیدا ئەم وشەیە زۆر بەکار دەهێنێت. بنەڕەتی وشەکە لە وشەی ڤیر Virەوە وەرگیراوە کە بە مانای صەلابەت و تووندوتۆڵی پیاوانە یا ڕق و خەشمی پیاوانە دێت. لە زانستی پزیشکیدا گەر بمانەوێت تووندوتیژی یا مەترسیداری ڤایرۆسێک یان بەکتریایەک دیاری بکەین وشەی ڤیریولەنس-Virulance ی بۆ بەکار دەهێنین کە بەمانای هێز و خەشمی پیاوانەی ئەو بوونەوەرانە دێت، ئەم وشەیە لە هەمان ڤیر - Virەکەی وشەی فەزیلەت Virtueەوەوە وەرگیراوە. چەندە ڤیریولانسی میکرۆبێک بەرزتر بێت ئەوەندە ماکەکانی لەسەر جەستەکە تووندتر و مەترسیدارترە. ڕیشەی ڤیر لە ئەساسدا وشەیەکە بۆ نیشاندانی زەبری پیاوانە.
لە فارسیدا و لە وەرگێڕانی فەزیلەت یان ڤیرتووی ماکیاڤیلیدا وشەی هونەر هنر یان بەرانبەر وشەی ڤیرتوو داناوە. وشەی هونەر مانای هەمان وشەی art ی ئینگلیزی دەدات. لەڕابردوودا بە پیاوەتی یا فەزیلەت گوتراوە هونەر و بە کەسانی خاوەن فەزیلەت گوتراوە هونەرمەند. وشەی art ی ئینگلیزی لە وشەی ئارخێ arche یان ἀρχή ی یۆنانی وەرگیراوە کە دەقیق بەمانای کۆی فەزیلەتە ئەخلاقییەکان دێت. لە وشەی هونەریشدا پاشکۆی نەری وشەکە هو-نەر یا ﮪ-نر هەمان نێرە، واتە نێرینەکان خاوەن فەزیلەتن. ئەمڕۆ لەبەرانبەر هونەردا زیاتر وشەی پیاوەتی بەکار دێت.
لەبەرانبەر وشەی هونەری کوردی هنری فارسی دا لە عەرەبیدا وشەی مروءت خۆی نیشان دەدات، لای فارسەکان وشەی مروّتیش بەکار دێت کە لە هەمان ڕیشە عەرەبییەکەوە وەرگیراوە دەقیق بەمانای پیاوەتی دێت و لەهەناویدا سکپڕە بە مانای فەزیلەت، وشەکە دەیەوێت بڵێت ئەو سیفەتانەی لە پیاودا هەن فەزیلەتی ئەخلاقین. ڕیشەی ئەم وشەیەش دیارە لە مرء ەوە وەرگیراوە کە دیسان بەمانای پیاو دێت.
حافزی شیرازی دەڵێت:
اسایش دووگیتی تفسیر این دو حرف است//با دوستان مروت با دشمنان مدارا
واتە ئاساییشی دوو دونیا دوو وشە زیاتر نییە، پیاوەتیکردن لەگەڵ دۆستان و تەحەمولکردنی دوژمنان حافز دەقیق پیاوەتی وەک خاوەنی کۆی فەزیلەتە ئەخلاقییەکان لێرەدا بەکار دەهێنێت.
تەماشای وشەکانی کەڵەپیاو، پیاوەتی، مەردایەتی، پیاوی مەرد بکە لە کوردیدا چ مانایەک دەدەن. ئەی وشەکانی ژن، ژنانە، وەک ژن ڕایکرد، لەژن کەمتر چ مانایەک دەدەن؟
لە بەشی هەرە زۆری زمانەکاندا هاوشێوەی کوردی ژن بەمانای کەموکورتی و ژنانەش بۆ تەعبیرکردن لە کەموکورتی و کورتهێنانی فەزیلەتی و ئەخلاقی لە کەسێکدا بەکار هێنراوە و دەهێندرێت.
مەحوی دەڵێت:
هەی لەژن کەمتر موعەتەڵ بۆچی نەیژەن لێدە نە//ساقیا ساقت شکێ بەس بوەستە بێنە مەی
لەژن کەمتر دیارە گوزارشت لە چ کەم و کەسرییەک دەکات!
[1]