$لە (گۆران و ڕەفیق چالاک و تۆفیق وەهبی)یەوە بۆ پەرواز حوسێن$
#ئیدریس مستەفا#
بۆ زەڕڕەیەک گلەیی ناکەم لە ئیسلامیەکانی کوردستان کە هەمیشە پشتیوانی خۆیان بۆ ئیسلامیەکانی تری ناوچەکە دەرببڕن و دەست خۆشی لە ئەردۆگان بکەن لە قەتڵ و عامی کورددا، چونکە ناسنامە و بوونی خۆیان بە ئاشکرا بەیان کردووە کە دژە کوردن و تەواو، نوقتە لەسەر دێڕ. بەڵام ئەوەی بۆ من و زۆرێک لە خەڵکی تری کوردستان ئەوەیە کە ئەم جاش کلتووری و بێ ئاوەزیە بچێتە نێو کەسانی هونەری و نێوەندی ڕۆشنبیریەوە لە ئێستادا و بۆ ئەم نەوەیەی ئێستا. کچێکی گۆرانی بێژ کە ناوی پەرواز حسێنە ئاڵای فەڵەستین لە ملی خۆی بپێچی و هاوسۆزی و پشتیوانی خۆی بۆ ئیسلامیەکانی فەڵەستین دەرببڕێ کە هەڵوێستی هەبێ و نەبێ بە سفر حساب دەکرێت لەوێ بەڵام بۆ ئێمە جێگە دەگرێ و دەبێ هەڵوێستەیەکی لێ بکەین. هەمووان دەزانین ئەو کچە بەهۆی کوردبوونیەوە لە عارەب ئایدڵ ناوبانگێکی باشی دەرکرد و کوردیشی باش ناساند بە جیهانی عەرەبی و ئەمە ڕاستیە دەبێ بوترێ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە پەرواز بۆ ئەمە دەکات.
بێ ئاگایی و نەزانی لە کێشەی فەڵەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەو بێ مێشکیەی ڕەگێکی مێژوویی هەیە وا لەو کچە دەکات ئەو کارە قێزەوەنە بکات و واشدەزانێ شتێکی باشی کردووە بەڵام نازانێ دەبێتە شەرمێکی مێژوو بۆ خۆی و بۆ هونەرەکەی و بۆ میللەتەکەشی. ساڵی جارێ دوو جار ئیسلامیە تیرۆرستەکانی فەڵەستین بەزمێک درووست دەکەن تاکو نانێکی چەوری لەو هەڵایەی درووستی دەکەن بخۆن و هەروەها سوودێکی سیاسی نێوخۆیی هەیە کە دەیانەوێ دووبارە لە ڕێگەی هەست و سۆزی نیشتمانی و ئایینیەوە خەڵک لە دەوری خۆیان کۆبکەنەوە. بۆ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیلیش وەها بووە. دووبارە نیشاندانەوەی هێز و بازووی سەربازی دەوڵەتی ئیسرائیل و تەغزیە کردنەوەی هێزی نێوخۆی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی. لەم میانەیەدا لایەنگیری بێ مێشکی نەتەوەکانی تر دەردەکەوێ بۆ ئیسلامی سیاسی وەک لەنێو کورددا هەیە و لێرەدا من باسی نوخبەی هونەری و ڕۆشنبیری دەکەم کە بەشێکی سەرەکین لەو بێ عەقڵیەدا.
ئەو بێ مێشکیەی پەرواز حسێن ئێستا دەیکات ڕەگەکەی بۆ باووباپیران دەگەڕێتەوە. لە ساڵانی جەنگی دووەمی جیهانیدا گۆرانی شاعیر و ڕەفیق چالاک و تۆفیق وەهبی چوو بوون بۆ فەڵەستین و لە ڕادیۆی قودس بە خۆبەخش کاریان دەکرد بۆ فەڵەستینیەکان دژ بە جوولەکە و درووستبوونی وڵاتی ئیسرائیل و بە شانازیەوە نامەیان دەناردەوە بۆ هاوڕۆشنبیرانیان لە کوردستان لەوانە پیرەمێرد لە سلێمانی گوایە ئیمام و خەتیبی قودس خۆی سەردانی کردن و سوپاسی کردوون. ئەمە لە کاتێکدا کورد لە ئێڕاق و سووریا دەربەدەر و تەعریب دەکران و دەکوژران. هەر ئەو نامانە و ئەو عەقڵانە بوون کە کوردانی جوولەکە ئایینزاکانیان لە کوردستان دەرپەڕاند لە وڵات. کوشتن و داگیرکرنی موڵک و ماڵی جوولەکەکان وتەنانەت هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان لە کوردستان بە تایبەت لە سلێمانی بەرهەمی ئەو بێ عەقڵی و جاش کلتووری و بیری فاشی قەومی ئاری هیتلەری و فیتی عەرەبیە ئیسلامیە بوو کە ئێستاش لە ناو میللەتی ئێمەدا بوونی هەیە. ئەو شەکر شکاندنەی کە ئێستا کچە گۆرانی بێژێکی کوردی وەک پەروازخان دەیکات ئەوە لە گۆران و ڕەفیق چالاک و تۆفیق وەهبیەوە بۆی ماوەتەوە. بێ مێشکی لە کورد نابڕێت! [1]
Ev babet bi zimana (کوردیی ناوەڕاست) hatiye nvîsandin, klîk li aykona
bike ji bu vekirina vî babetî bi vî zimana ku pî hatiye nvîsandin!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Ev babet 623 car hatiye dîtin
Raya xwe li ser vî babetî binivîsin!