بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2023، پیرۆزبایی لە گشت هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاساییشی ناوخۆ و بنەماڵە و کەس و کاری سەربەرزی شەهیدان، هەروەها گەلانی ئێڕاق و جیهان دەکەم. هیوادارم ساڵی نوێ، ساڵی خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن و گەشەپێدانی زیاتری کوردستان بێت.
سەرەڕای سنوورداری تواناکانی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ساڵی ڕابردوودا، توانیمان بە هاوکاری کەرتی تایبەت، چەندین پڕۆژەی جۆراجۆر لە شارەکانی کوردستان، لە بوارەکانی ڕێگەوبان و کشتوکاڵی و پیشەسازی و بەدیجیتەڵ کردنی خزمەتگوزارییەکان ئەنجام بدەین . ئەمە جیا لەوەی ساڵی ڕابردوو، لە بواری دیپلۆماسی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە و ئەوروپا، ساڵێکی بەرهەمدار بوو.
بەڵام بە داخەوە، لە ساڵی ڕابردوودا، ڕووبەڕووی چەندین هێرش و پەلاماریش بووینەوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، فاکتەرێکی ئارامیی و سەقامگیریی بووە لە ئێڕاق و ناوچەکەدا و هیچ کاتێک مایەی هەڕەشە نەبووە بۆ هیچ لایەنێک. بۆیە هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا، ئاساییش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و ئێڕاق و ناوچەکە بە گشتی، پارێزراو و جێگیر بێت و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش لەسەر بنەمای دەستوور و بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر ببن، بۆ ئەوەی بتوانین بە هاوکاری هەموو لایەک، درێژە بە پڕۆسەی چاکسازییەکان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان بدەین. بە هیواین هەموو لایەک بەرژەوەندی نیشتمانیی بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەوە و ڕێز لە سەروەری یاسا بگرین.
ئومێدەوارم ساڵی نوێ، ساڵی کۆتایی هاتنی ناخۆشی و پەتا و قەیرانەکان و دەستەبەربوونی ئاشتی و ئاسوودەیی بێت بۆ مرۆڤایەتی بە گشتی.
ساڵی نوێ لە هەمووان پیرۆز بێت و خوای مەزن کوردستان بپارێزێت. [1]
#مەسرور بارزانی#
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
#31-12-2022#