دەقی پەیام:
#نێچیرڤان بارزانى#، ساڵى تازەى زایینى، پیرۆز دەکات
ساڵى تازەى زایینى لە خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزە ئەمنییەکان، لە تەواوى گەلى کوردستان و ئێڕاق و جیهان پیرۆز دەکەم. ئومێدەوارم ساڵى بەدیهاتنى هیواکان و سەرکەوتن، بڕانەوەى شەڕ و ئاڵۆزى و پەتا و ناخۆشییەکان بێت، ئارامى و ئاساییش و سەقامگیرى، باڵ بەسەر تەواوى مرۆڤایەتیدا بکێشێت.
دەبێ بەرژەوەندیی گەلی کوردستان، ئامانجی سەرەکیی هەموومان بێت. با لەگەڵ دەستپێکردنى ساڵى تازەدا، یەکڕیزى، تەبایى، پێکەوەیى، یەکترقبووڵکردن و هاریکاریى هاوبەش، بکەینە لاپەڕەیەکى نوێى پەیوەندیى نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان و هەموو پێکهاتەکانى هەرێمى کوردستان. پێکەوە کار بکەین بۆ پاراستن و مسۆگەرکردنى مافە دەستوورییەکان و فیدراڵى و چارەسەرکردنى کێشەکان لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى ئێڕاق لەسەر بنەماى دەستوور.
دووپاتى دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان ئەرک و بەرپرسیاریەتیى هاوبەشى خۆى جێبەجێ دەکات و وەک هەمیشە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەبێت، بۆ هەموو هاوکارییەکیش ئامادەیە لەپێناو ڕووبەڕووبوونەوەى تەحەدییەکان و چارەسەرکردنى کێشەکانى وڵاتدا، بۆ بەدیهێنانى ئارامى و سەقامگیریى سیاسى و ئەمنى لە ئێڕاق، بە شێوەیەک ماف و شایستەکانى هەموو پێکهاتەکانى وڵات پارێزراو بن.
لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچەکە و دۆستان و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى، برە و بە پەیوەندییەکانمان لەسەر بنەماى ڕێز لە یەکگرتن و بەرژەوەندیی هاوبەش دەدەین. لە هاریکاریى هاوبەش بەردەوام دەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى مەترسییەکانى تیرۆر و نەهێشتنى تیرۆرستان. پێکەوە کار دەکەین بۆ چەسپاندنى ئاشتى و ئارامى و سەقامگیرى.
کار دەکەین بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان، بۆ قووڵکردنەوەى زیاترى فرەیى، پێکەوەژیان، لێبوردەیى، پاراستنى دیموکراسى، مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و ئازادییەکان. بە ئومێد و گەشبینییەوە لە ساڵى نوێ و داهاتوو دەڕوانین. هیواى تەندرووستییەکى باش، سەرکەوتن، شادى و کامەرانى بۆ هەمووان دەخوازم. [1]
#نێچیرڤان بارزانى#
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#31-12-2022#