چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا
#شەماڵ بارەوانی#
بەرهەمێکیتری ئەدەبی ناوازەی (شەهریار مندەنی بوری) نووسەر و ڕۆماننووسی بە ڕەگەز ئێرانیە و یەکەم چاپی بە زمانی ئینگلیزی لەساڵی2009 لە لە جاپدرا.
نووسەر لەو ڕۆمانەدا،
چیرۆکی ژیانی نووسەرێکی تەمەن پەنجاساڵی ئێران باس دەکات کە(نووسەری ڕۆماننووس خۆیەتی) ودەیەوێت چیرۆکێکی سۆزداری لەئێران بنووسێت.
لەو وڵاتەی نووسەر لەبارەیەوە دەڵێت من دەمەوێ چیرۆکی خۆشەویستی بڵاوبکەمەوە، کە لەنیشتمانەکەی خۆم دەینووسم، وەلێ نووسینی چیرۆکی خۆشەویستی و بڵاوکردنەوەی لە ئێران، کارێکی وا ئاسان نییە
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی خۆشەویسی نێوان(دارا و سارا)،
وەلێ ئەفسوس مقەستی تاریک بینی و سانسۆری وەزارەتی ڕۆشنبیری و ئیرشادی ئیسلامی حکومەتی ئێران(بورتفيری بیترۆڤیتش)دەیبڕێت.
بیترۆڤیتشی کەناوێکی خوازراوی کارمەندێکی وەزارەتەکەیە.
ئەو ئەرکی چاودێری و سەرپەرشتیکردنی دەزگای چاپەمەنیەکانی لە ئەستۆدایە، زۆر بە وردی چاودێری هەموو پەیڤێک و دێرێک و ڕستەیەک دەکات کە نووسەر دەینووسێت و داوای لێدەکات دەستکاری هەندێک ڕووداو هەڵوێست و دەستەواژەوەی ناو چیرۆکەکە بکات و بیانگۆڕیت و شتگەلێک بسڕێتەوە و وشەیتریان بۆ زیادبکات و وشەی(ماچ و مەمک و سەماو..تاد.)لابەرێت.
چونکە بە بڕوای بیترۆڤیتش ئەمانە وشە گەلێکیتری زۆر لە چیرۆکەکەدا هاتوون، ئارەزوو دەبزوێنن و ئاخوندەکان دەورووژێنن و لەگەڵ داب و نەریت و کەلتوری کۆمەڵی ئێرانی و ئادابی کۆمەڵ و ئەخلاقی گشتی و بنەماکانی شەرع و ڕێساکانی مەزهەبی شیعەگەرێتی کۆماری ئیسلامی و شۆڕشە ئیسلامیەکەی ناگونجێت و یەکناگرێتەوە.
لەهەمانکاتدا، بانگەشە و پڕوپاگندەشن بۆ بەدڕەوشتی و هۆکارن بۆ تێکدانی ڕفتار و سلۆکی تاک و شێواندنی شیرازەی خێزان و سیمای سونەتی کومەڵی ئێرانی!
وەک پاساوی بێ بنەما و نالۆژیکی و دژە ئازادی هەمیشەیی ئیسلامگەراکان، کە لەژێر پەردەی ئایین و بە پاساوی پارێزگاری کردن لە نەریت و بەرگریکردن لە پیرۆزیە مەزهەبی و ئایدیۆلۆژی و دۆگمه ئیسلامیەکان،
دەبن بە کۆسپ و بەربەستی بەردەم ڕێگەی فیکری ئازاد و بیرۆکەی داهێنان و ڕێگری لە ئازادی بیر و قەڵەم و ڕادەربڕین دەکەن و حیجر لەسەر ئەقڵانیەت و ئەقڵی مۆدێرن دادەنێن و هزری لیبڕاڵ و ئازاد کەرەنتین و زیندانی دەکەن و تابلۆی ئیرۆتیکی بەپۆڕن و وێنە حەرام و پەیکەر بە بوت و مۆسیقا بە میزی ئەهریمەن و خۆشەویستی بە تابۆ و ئازادی تاک بە بەڕەڵایی و ناپۆشتەیی و بێ لەچکی ژن، بەبێ حەیایی و..تاد.. ناودەبەن!
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی دۆزەخی ژیانە لە ئێران،
ژیانێک لەناو قەفەسی شوشەییدا لەژێر سێبەری کۆمەڵێکی پارێزگار و حکومەتێکی تۆتالیتاردا، دەسەڵاتێک چاودێری هەموو ورد و درشتێکی ژیانی تایبەتی و گشتی خەڵک دەکات و ئازادی تاکەکان دەخاتە ژێر فلتەری مەزهەبی و بیری مرۆڤەکان لە قاڵب دەدات و دەست لە تایبەتمەندی مرۆڤەکان وەردەدات و مرۆڤ لەسەر ئازادی و بیروڕا ونووسین و جل و بەرگ پۆشین،
سزا دەدات و لێپێچینەوە لەگەڵ دیدجیاوازان دەکات و هەموو جیاوازیەکان دەسڕێتەوە و لەناو بۆتەی تاقە ڕەنگێک، هەموو ڕەنگەکانی تر دەتوێنێتەوە و دەنگەکانی تر، جگە لە دەنگی خۆی و هاو ئایدیۆلۆژیاو هاو مەزهەب و هاوئاوازانی هەمووی دەخنکێنێت.
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی موعانات و نەهامەتی نووسەر و ئیلیتە(نوخبە)ی ڕۆشنبیرە ئێرانییەکانە، نووسەر لە ڕێگەی ئەو ڕۆمانە ڕۆمانسیە-سیاسییەییدا.
ڕەخنەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵی ئێرانی و سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتەدەکات و ئەوەمان پێدەڵێت کە ئازادی لە کۆمەڵێکی نەریتگەرا و لەناو دەوڵەتێکی کۆنزهەرڤاتیڤ و مەزهەبی و سیوکراتی چەشنی کۆماری ئاخوندەکان مەحاڵە.
لەوەها کومەڵێکی پارێزگاری سونەتی و کۆنەخوازدا، بۆ ئەوەی بژیت و سەلامەت بیت، دەبێ بە دڵی ئەویتر بجوڵێیتەوە و هەوڵدەیت هیچ کاتێک لە پێوەرە نەریتگەراکانی کۆمەڵ لانەدەیت و هیچ ڕەخنەیەک نەگریت و بۆچوونێکی جیاواز دەرنەبڕیت و تاقە وشەیەکی ئەنتی باو لەفز نەکەیت و ئیتر بە ئاقڵی دەست بنێیتە بان چاوەکانتەوە و بەیاسای شاری کوێران بژیت و تەبای عامێ(مێگەڵ)بچیتەشامێ.
لەوەها کۆمارێکی تۆتالیتار و شمولیدا،
ئازادی بیرکردنەوە، ئازادی نووسین، ئازادی ڕا دەربڕین، ئازادی ویژدان و بینین، ئازادی پۆشاک و پۆشین..تاد. هەمووی دەکەوێتە ژێر هەڕەشە و سانسۆر و چەقۆی ئاخوندەکان و پیاوانی ئایینی و شمشێری کۆماری ئیسلامی.
وڵاتێک، چیتر دەبێت بە دۆزەخ بۆ پێنووسی ئازاد و، وشەی ئازاد، وەک بۆمبێکی مەترسیناک دەبینێت بۆ سەر هزری داخراو دواکەوتوانەی مەزهەبی و سیستەمی سیاسی سیوکراتی خۆی.
بۆیە بە مقەسی سانسۆر و لێ پێچینەوەو قرتاندن نووکی قەڵەمی ئازاد دەشکێنێت و زمانی وشەی ئازاد دەبڕێت و هزری ئازادیش لە پشت شیشی زیندانی بیرە کۆنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست زیندانی دەکات.
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی تراژیدیای ژیانە،
لەو وڵاتەی بووەتە کۆماری مەرگ و سێدارە، کۆماری تارمایی و ترس، کۆماری پۆلیسی و دیکتاتۆریەت، کۆماری ستەم و فاشیەت، کۆماری چەوسانەوە و عبودیەت،
کۆماری سانسۆر، کۆماری مەزهەب، کۆماری دۆزەخ، کۆماری خورافە، کومار پاشماوەی هزرە کۆنەکانی سەدەکانی ناوەڕاست.
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی واقعی ژیانە لە کۆمەڵی ئێرانی، لە دوای ئەو قۆناغەی ژیان کە پێی دەڵێن: شۆڕشی ئێران.
ئەو قۆناغەی ئیتر پیاوانی ئایینی و ئاخوندەکان لە دوای لابردن و نەمانی (محەمەد ڕەزاشای پەهلەوی)لە دەسەڵات و هەڵوەشانەوەی پێڕۆی پاشایەتی، جڵەوی حوکمڕانی دەگرنە دەست و بیر و بۆچونە مەزهەبی و عەقائیدی و ئایدیۆلۆژی و ئایینیەکانی خۆیان، دوور لە هەموو پرنسیپێکی ئەخلاقی و بەهایەکی دیموکراتی،
زۆر دیکتاتۆرانە دەسەپێنن و کۆمارێکی ئایینی و مەزهەبی لەژێر ناوی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەگەیەنن و هەرچی هێز و ئاڕاستەو پارت و کەسایەتی و ڕێکخراوی لیبڕاڵ و دیموکرات و چەپ و نەتەوەیی و سیکۆلارە، کە بەژداری ڕاپەڕین و شۆڕشەکەی ساڵی1979ی ئێرانیان کردووە، هەمووی دەخرێنە کونجی فەرامۆشی و بۆتەی حساب بۆنەکردن و پەرێزی پەراوێزەوە.
بگرە دواتر ڕووبەڕووی چەوسانەوەو پاکتاکردن و لەناوبردن و کوشتن و زیندانی کردن و ئەشکەنجەو ڕاکردن و ژیانی ئاوارەیی و مەنفابوون دەبنەوە.
بەو شێوەیە کۆمەڵێک پیاوی ئایینی و ئاخوندی بیردۆگماو ئایدیۆلوژیست و مەزهەبی وشک باوەڕ،
خۆیان بەسەر خەڵکەکە و مەزەبەکەی خۆیان بەسەر سیستەمی سیاسی وڵاتدا سەپاندن و ئایینیان تێکەڵ بە سیاسەتکرد و ئایینێکی دیاریکراو و مەزهەبی شیعەگەرێتیان کرد بە دەستورو یاسای وڵات.
لەو سۆنگەیەشەوە، دۆکترین و دۆگمە ئایینی و مەزهەبیەکانی خۆیان سەپاند و بە زۆر بیروباوەڕی ئیسلامی و ئایینزای شیعەگەرێتیان بەسەر کۆی خەڵک و کۆمەڵی ئێران و تەواوی جومگەو سێکتەرەکانی ژیاندا سەپاندو ڕەگەزەکانی فاشیەت و دیکتاتۆریەتیان جێگیرکرد و هەموو شتێکیان خستە ژێر بەرزەفت(کۆنتڕۆڵ)ی خۆیانەوە و بە زۆر ژن و کچەکانیان ناچاری پۆشینی لەچک و جل و بەرگ بە پێوەر و ستایلی ئیسلامی کرد و دەرگای باڕ و گازینۆو یانەکانیان داخستو و دەست و پێی ئازادییان بەستەوە و خستنیانە کونجی زیندانەوە و کۆمارێکی پۆپۆلیستی و پۆلیسی و تۆتالیتاری سەرکوتکاری ئیسلامیان دامەزراند و چرکەساتەکانی ژیانیان گەیاند بەم تونێڵە تاریک و ڕۆژە ڕەش و ئاسۆ تەسک و داخراوە،
کە خەڵکی ئازادی خواز بڵێت سەدخۆزگە بەکفن دز(سەردەمی محەمەد ڕەزا پەهلەوی و پاشایەتی)
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی هاوسەرگیریەکی نا ساخڵەم و هەڵە و ناشارستانی و ناسەردەمی و زۆر کۆنخوازانەیە.
هاوسەرگیری نێوان سیاسەت و مەزهەب، تێکەڵ کردن ئایین و عەقیدە، بەکایەی سیاسەت، ئاوێتەکردنی ئەرکی ئەو دونیایە، بەم دونیا.
چیرۆکی ئەو چرکەساتەیه، کە کەهنوتەکان جاڕی حوکمی کەهنوتی دەدەن و دۆزەخی ئایینی، لەدونیاکەی تر، دەگوازنەوە بۆ ئەو دونیایە.
ئەو چرکە ساتە تراژیدیایەی یاسامەدەنیەکان کودەتایان بەسەردادەکرێت و جبەی ئایەتولاکان و بەرگی ئایینی و مەزهەبیان لەبەردەکرێت و دەستووری سیکۆلار، عەمامەی پیاوانی ئایینی و کڵاوی ئاخوندەکانی لەسەر دەنرێت و دین و مەزهەب، تێکەڵی هەموو شتێک دەکرێت و کارەسات دەخوڵقێندرێت.
چیرۆکی خۆشەویستی کچە ئێرانیەکە، لەژێر مەقەسی سانسۆردا/
چیرۆکی ئەوکاتەی بوونە کە ژیان لە هەموو بەهاو واتایەکی خاڵی دەکرێتەوە و مرۆڤەکان بەناوی مەزهەب و ئایینەوە، سوکایەتی وبێ ڕێزی بە کەرامەتیان دەکرێت و سەربەستیان دەستبەسەردادەگیرێت و ئازادیەکانیان پێشێل دەکرێت و هەموو مافە ئینسانیەکانیان لێ زەوتدەکرێت و دەست بەسەرژیان و کەسایەتی و بوونیان دادەگیرێت و لەژێرهەیمەنە و هەژموونی حوکمەتەکەیان ئەرد و ئاسمان و دارو بەرد سانسۆردەکرێت و تاقە ڕوانگەیەکی ئایینیانە و فاشیانەو تاکڕەهەندانە و تاکلایەنانە،
بە زۆری و زۆرداری بەسەر هەمواندا فەرز دەکرێت و دەسەپێندرێت.
ڕوانگەیەکی دیکتاتۆرانە و تۆتالیتارانە، کە مرۆڤ بوونی مرۆڤ دەسڕێتەوە و ناسنامەی ڕاستەقینەی مرۆڤ بوون لە مرۆڤ دەسەنێتەوە.
ڕوانگەیەکی ئاخوندانەی کۆنزەرڤاتیانە و کۆنەخوازانە، ڕوانگەیەک، هەرگیز دان بە ماف و ئازادی و کەرامەت و سەروەری ئەوەیتر دانانێت و پلورالیەت و تۆلەرەنس و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی و ڕێزگرتن لە ئایین و دید و ئاڕاستەو فیکری جیاواز ڕەتدەکاتەوە و هەموو ئەوکەسانە، تەکفیرو تەخوین و تەجریم دەکات کە لەدەرەوەی سنووری جوگرافیای دۆکترین و بازنەی ئایدلۆژیا و تێگەیشتنە دۆگماییەکانی ئەون.
ئەو کۆمارە مەزهەبیە دیکتاتۆریەی، گەمە بە هەست و سۆزی ئایینی خەڵکی دەکات، جارێک بەناوی قیامەت و سزای ئەو دونیا، هەڕەشە لە مرۆڤەکان دەکات و جارێکیتر به ناوی بەهەشت و مەلەزاتەکانی و چێژەکانی، مرۆڤەکان لە چێژو خۆشی و ژیانی ئێرە بێ بەش و مەحروم دەکات و بەوچەشنە، درێژە بە دەسەڵاتی مەزهەبی و دینی و دیکتاتۆریانەی خۆی دەدات و دەیەوێ تا قیامەت، هەوساری خەڵکی بە تەنها بەدەست خۆیەوەبێت و حوکمیان بکات.
ئەو کۆمارە کۆنەخوازەی لە پاڵ دژایەتی کردنی بۆ هزری ئازادو پێنووسی ئازاد و بۆچوون و دیدی ئازاد، دژی هەموو نوێگەری و نوێخوازی و مۆدێرنێتەیەکیشە و ڕێگری لەوەدەکات سارا، لە زانکۆی تەهران-بەشی ئەدەبی ئێرانی، ئەدەبی هاوچەرخی ئێرانی بخوێنێت.
ئەو ئەدەبە هاوچەرخەی لە تەواوی زانکۆ و پەیمانگە و قوتابخانەو ناوەندەکانی تری خوێندن لەسەرتاسەری وڵات یاساخکراوە.
ئیتر چۆن ڕێگە دەدەن سارا ئەدەبی هاوچەرخ و (کوندەپەپووی کوێر)ی سادق هیدایەت و چیرۆکە سۆریالیستەکانی بخوێنێتەوە.
بۆچی ئەدەبی هاوچەرخی ئێرانی نەخوێنین؟ بۆچی تائێستا خۆمان بە خوێندنی تێکستگەڵێکەوە هەڵواسیوە، کە زیاتر لەشەش سەدساڵ بەر لە ئێستا نوسراون؟!
بۆچی پێویستە لەسەر خەڵکی تێکست گەڵێک بخوێنن کە هیچ ڕایڵە و پەیوەندیەکی بە خەمی ژیانی ڕۆژانەیانەوە نییە؟
بۆچی دەسەڵاتی تۆتالیتاری لە ئەدەب دەترسێت؟
ئێ چونکو ئەدەب هەستی مروڤ بەهێزدەکات و تێڕوانینێکی باڵا و مروڤدۆستانەو ئەقڵانی و تەئەمولانەی دژە خورافە و ئەنتی ئەفسانە، لە دیدەنیگا و ڕوانینی ئەدەب دۆست دەچێنێت و کەسایەتیەکی ناکۆیلەی یاخی لە ئەدەب دۆست درووستدەکات و مرۆڤ هۆشیاردەکاتەوە و لەچەقبەستوویی بیر و دۆگمایی ئەقڵ ڕزگاری دەکات.
دەیکات بە کەسێکی هۆشیار و چاوکراوە و خاوەن ڕوانگەیەکی ڕەخەیی ڕەخنەگرانە و وا لەمرۆڤ دەکات قۆناغی غەیبوبەی فیکر و ژیانی ناو مێگەڵ تێپەڕێنێت و ئازاد و سەربەست بێت و چیتر کەس نەتوانێت، بەناوی ئایین و ئیدیۆلۆژیاو مەزهەبەوە، لەخشتەی بەرێت و فریوی بدات و یاری بەهەست و سۆزو عەقڵ و ڕوانینی بکات.
ئەدەب وا لەمرۆڤ دەکات، فیکری کراوە و ئاسۆی دیدەنیگای واڵابێت و سنوورەکانی مەزهەب و ئایین و ئایدۆیۆلۆژیاو جوگرفیاو ڕەنگ و ڕەگەزو نەتەوەو ئیتن ببڕێت و چیتر بێت بە مرۆڤێکی گەردوونی و یونیڤێرساڵانە بیربکاتەوەو لە تونێلی تەسک و تاریک و داخراوی عەقڵیەتی ئاخوندی و مەزهەبی بێتەدەر.
ئێ کە ئەوە ئەرک و ڕۆڵ و کار و کاریگەری ئەدەب بێت لەسەر مرۆڤ، لە پرۆسەی هۆشیارکردنەوەی تاک و ڕوناککردنەوەی خانەکانی مێشک، چۆن ئاخوندو پیاوانی ئایینی و مەزهەبی لە هێزی ئەدەب و شەپۆڵی وشیاری ناترسێن و زەندەقیان ناچێت؟!
ئەو پیاوە ئایینیانەی دەخوازن کۆمەڵ هەمووی یەک ڕەنگ و یەک دەنگ و یەک عەقڵیەت و یەک مەزهەب و یەک ڕوانین تێیدا زاڵ و یاساو حوکم بێت، ئەویش تەنها ڕوانگە و مەزهەب و دۆکترین و دۆگمی خۆیان بێت و هەموان بە بێ بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن، بێ ڕەخنەو تێڕامان و بەراوردکردن،
کوێرانە و دەماگیرانە،
شوێن پێی چیرۆکە خورافی و حەکایەتە بێ ماناکانیان و قسە نالۆژیکی و دژە نازانستیەکانیان بکەون و توتی ئاسا، لەبەیکە و بەڵێیان بۆ بکەن و دەستیان بۆ بکوتن و ئافەرین و ئەی بارەک الڵە و وەی ماشااڵلەو دەی سوبحان اللەیان بۆبکەن.
ئێ بێگوومان لەکوندەپەپووکەی هیدایەت و دیدە سوریالیستی و عەدەمیگەراییە نامەزهەبیەکەی و ئەو ئەدەبی هاوچەخ و هۆشیاربوونەوەی تاک دەتۆقێن.
لەکاتێکدا ئەوان نایەنەوێت، کەس قسە لەسەر قسەکانیان بکات و خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکات و کفری لۆژیکی وابکات و بوێری ئەوە بنوێنێت ڕەخنەیان لێ بگرێت و پێیان بڵێت: لە پشت چاوەکانتان دوو برۆ ولەژێرەوەیشی لوتێک هەیە و ئەملاو ئەولایش دوو گوێچکە.
ئێ چۆن ئەدەبێکی وا، نابێت بەبۆمبی هۆشیاری و هەڕشەی لەناوچوونی خوڕافە و مەترسی لەسەر ئەو بیرچەقبەستو تاک ڕەهەندو دواکەوتوانە لەژیان و، لە شارستانیەت و شەمەندەفەری پێشکەوتن بە جێماوانە.
چۆن ئەدەبێکی وا بەکارێکی ترسناک و ئەدەبی تاوانکاری و دوژمنکای دانانێن و چۆن ڕێگری لە(زارا)کان ناکەن، بیخوێنن و لێی قاڵببنەوە.
ئەو ئاخوند و مەزهەبگەرایانەی بە جەستە لەسەدەی بیست و یەکدا دەژین، وەلێ بە لۆژیک و عەقڵ، بە مینتاڵێنت و بیرکردنەوە و تێڕوانین هێشتا لە سەدەکانی ناوەڕاست و بگرە زۆر واوەتریشن.
ئەوانەی لەسەردەمی مۆدێرنێتە و جیهانگیری و شۆڕشی زانستیدا، هێشتا لە ئەشکەوتی نەزانی و چاڵی جەهاڵەتدا بە ئاگانەهاتوونەتەوە و غەرقی بیرێکی مەزهەبگەرایانەی بارگاوی به نەزعەیەکی ڕاسێزمانەو فاشیانە و نێرسالارانە و نامرۆڤانەن و لە ڕوانگەکەیەکی زۆر تەسک و نزم و سەرەتایی و ناحەزاری و بەربەریانەوە، لە ژن و ژیان و ژیار و مرۆڤ و گەردوون دەڕۆانن و
بە زۆر و زۆرداری بیروباوەڕی دۆگماییانەی خۆیان بەسەر ئەقڵی تاکەکان و لەچک و جلی مەزهەبی خۆیان بەسەر ژنان و کچانی کۆمەڵدا دەسەپێنن و تۆی نامرۆڤانە و ڕاسیزمانەو جیاکاری و دووژمنکاری ڕەگەزی، لەنیوان هەردووک ڕەگەزدا دەچێنن و کچ و کوڕ لەناوەندەکانی خوێندن لە یەکتری جیادەکەنەوه.[1]