سەلماندنی خۆشەویستی
شەهلا شەفیق
و: #شاهین کەریمی#
ئەگەر کەسیک لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە زستانیەدا، سواری واگۆنی ئەو مترۆیە دەبوو کە گۆڕەپانی (ناسیۆن) و گۆڕەپانی (دیگۆل ئۆتوال)ی بە یەکەوە گرێ دەدا، بە دڵنیاییەوە گومانی لەوە دەکرد کە ئەمە واگۆنی مترۆیەکی مۆدێڕنی شاری پاریس بێت! دیمەنی ناو واگەنەکە ئەوەندە تاریک و قیزەون بوو دەتوت دەستێک بەئانقەست تەمێکی هەژاری و ڕۆژ ڕەشی بەسەر هەموو شتەکاندا پژاندوە. دارو دیواری واگۆنەکە پڕ بوو لە پەڵه و پیسی و شوخت و لە هەندێ شوێن بە چەقۆ کورسییەکان دڕابوون و ئه و دڕاوییە لەگەڵ ڕواڵەتی ئه و کەسانەی تێیدا بوون، بە چاکی دەگونجا. پینج شەش کەسێک بوون، یەکێکیان سەرو ڕیشێکی شێواو و پیسی هەبوو و کتێبێکی بەدەستێک گرتبوو دەیخوێندەوە. ئه و دەستەی تریشی لە تۆپەڵە گۆشتێکی خڕ دەسوو کە دوو سووچەکەی تیژ کراوه و وەکو پەنجەی لێهاتووە. پیاوە شێواوەکە لەگەڵ ئەوەی کە چاوی بڕیبووە کتێبەکە، یەکێک لە پەنجەکانی دەکرد بە کونێکی لووتیداو پاشان لەوێ دەری دەهێناوه و لە کونەکەی دیکەی ڕۆ دەکردو هەر جاره و به سەرنجەوە سەیری دەستە سەقەتەکەی دەکرد. لە پشت ئەوەوە ژن و پیاوێکی تەمەن مامناوەندی دانیشتبوون، ژنەکە پرچە ڕێک و چەورەکەی لە پشتەوە بە تەوقێکی بریقەدار بەستبوو، دوو چاوی بێ برژانگ و برۆ، دەم و چاوەکەی خوێنەکەی بە دەمامکێکی پلاستیکی کۆنە دەچواند کە بۆیاخەکەی هەڵوەریبێ. پیاوەکەی تەنیشتی کزو وشک هەڵاتوو بوو. ژن و پیاوەکە نە سەیری یەکتریان دەکردو نە سەشیان دەکرد. ئەگەر عەلاگە پڕ لە شتەکانی بن لاقیان نەبوایە کەس نەیدەزانی تەنانەت بە یەکیشەوەن.
هاوشانی ئەم ژن و مێردە، دوو کەسی دیکە دانیشتبوون. یەکێکیان زەبەلاحێک بوو قاچە درێژەکانی نابوو بە کورسیەکەی بەرانبەریەوە. پانتۆلەکەی وەکو پانتۆڵی هاوڕێکەی بە پەڵەی دووکەڵ و ڕۆنی مەکینە سواخ درابوو. ئەوی تریان کورتە باڵاو لاواز بوو. دەم و چاوێکی وشک هەڵاتوی هەبوو. دەم و چاوی زەبەلاحەکە خڕو خپ پڕ له و زیبکە بوو کە لووتیکی زل و چەناگەیەکی قوڵی پیوە بوو و چاوەکانیشی تاکه و تاک بوون. جار جار یەکێک لە زیپکە پڕ لە چڵکەکانی دەتەقاند. فتی دەکردە بەرپێی و بەدەنگێکی گڕەوە دەیوت: گوو بەم ژیانە!
لەگەڵ هەر لێدانێکی زەبەلاحەکە، سواڵکەرێکی پیر کەم لەسەر کورسیێەکەی ڕیزەکەی بەرامبەر دانیشتبوو و شەڕابی دەخواردەوە، بزەیەکی دەکرد. جگە لە دەم و چاوە سوور هەڵگەڕاو لوتە ماسیوەکەی، تەوێڵێکی دێژو ڕیشێکی ماش و برنجی شآنەکراوی هەبوو، سیمایەکی خاوێن و ڕۆحانی هەبوو، بەڵام پیسی سەرودەست و جل و بەرگەکەی خاوێنی ڕوخساری سەرسوڕهێنەرانە دەنواند. لەگەڵ ئەوەشدا چەند مەترێک بە چوار دەوریدا بۆنی شەڕاب و ئارەقی لەشی بڵاو دەبوەوە. پاش هەر قومێک، بە دەەستە پیسەکانی لێوەکانی خاوێن دەکردەوە بەبێ ئەوەی لەگەڵ کەسێکی تایبەتدا بدوێ، لەبەرخۆیەوە ورتە ورتی درکرد. لە پشت سەریەوە سواڵکەرێکی دیکە قاچەکانی لە باوەشیدا کۆ کردبۆوه و خەوتبوو. زیاتر لە تۆپەڵە کۆنەیەک دەچوو کە لەسەر کورسیەکە گرمۆڵە کرابێ تا وەکو مرۆڤێک، جار جار دەنگێکی پچڕپچڕی ئاخ و ئۆف لەناو پەڕۆپاڵەکانەوە بەرز دەبووەوە، لە خەودا لەگەڵ خۆی دەدوا.
ئەم دەنگانە سەرەڕای ناخۆش بوونیان لەگەڵ سەرسەکوت و هەڵسوکەوتی کەسانی ناو واگۆنەکە سەیر گونجابوون. دەتوت دەرهێنەرێک، هەموو ئەم دیمەنانەی بۆ نمایش کردنی گۆشەیەک لە هەژزاری و ڕۆژرەشی خەڵک داڕشتووە.
بەڵام دیتنی ئەم دیمەنە کاری نەکردە ئه و ژن و پیاوە لاو و بەلەیفەی کە لە یەکێک لە وێستگەکانی مترۆکەدا سواری واگۆنەکە ببوون و تەنانەت لێشی نەسڵمینەوە. لە ڕاستیدا ئه و جووتە جگە لە خۆیان سەیری هیچ شتێکی تریان نەدەکرد ژنەکە بەچاوە خومارو نەوازش ئامیزەکانیەوە لە پیاوەکەی دەڕوانی کە دەستەکانی لە دەوری ملی گرێ دابوو لەگەڵ داخرانی دەرگای واگۆنەکە، ژنەکەی بەخۆیەوە نووساندو ڕایمووسی.
کاتی ماچ کردنە کە ژەنەکە کوڵمەکانی سوور هەڵگەڕابوون و چاوەکانیشی لێک نابوو، قەمسەڵەیەکی درێژی (پەمەیی) لەبەردابوو باڵاشی بە یارمەتی ئه و چەکمە پاژنە درێژە بریقەدارانەی لەپیی دابوون تاکو نزیک شانی پیاوەکە دەهات. گوارەیەکی سەوز لە ناو قژە ئاڵتوونییە کورتەکەیدا دەدروەشایەوە، پیاوەکەش عەبایەکی درێژی لەبەردابو قژە پڕو قاوەییەکەی پشت گوێکانی داپۆشیبوو. لە مەودای هەر ماچێکدا، ژنەکە شتێکی دەچرپاند بە گوێیداو ئەویش بزەیەکی دەهاتە سەرلێو. لەحاڵێکدا پاڵیان دابوو بە کۆڵەکەیەوەوە لە ناو واگۆنەکەدا یەکتریان لە ئامێز گرتبوو ژنەکە وەکو پشیلەیەکی نازدار ئەندامەکانی لەشی بە چێژەوە دەجووڵاندو بۆنێکی خۆشی لە هەوادا بلاو دەکردەوە.
پیاوە زەبەلاحەکە سەیری هاوڕێ گڕمۆڵە بووەکەی کردو پێکەنی پیاوە گرمۆڵە بەدەنگێکی زیقنەوە وتی: لالۆ خەریکی خۆشەویستییە... هە!
پیاوە زەبەلاحەکە شانێکی هەڵتەکاندو یەکێکی تر لە زیپکەکانی تەقاندو بەبێ ئەوەی شتێک بڵێت تفی کردە بەرپێی خۆی. سواڵکەرە پیرەکە کە خەریکی شەڕاب خواردنەوە بوو، بە بیستنی ئەم قسانە ڕووی کردە ئافرەتە گەنجەکه و وتی: خۆشت دەوێ؟
ژنەکە سەیری سواڵکەرەکەی کردو بزەیەکی تەئیدئامیزی هاتە سەرلێو. سواڵکەرەکە بە پیاوەکەی وت: ئەلێم زۆرت خۆش ئەوێ؟
ژنەکە بە بەزەییەوە سەیری سواڵکەرەکەی کردو پاش ئەوە شتێکی چرپاند بە گوێی پیاوەکەدا.
پیاوەکە وتی: زۆر!
ژنە گەنەجەکە بەزەوقەوە پیکەنی و کوڵمی پیاوەکەی ماچ کرد.
سوالکەرەکە وتی: چەندە؟
پیاوەکە وتی: زۆر!
کچەکە جارێکی تر کوڵمی ماچ کردەوه و پیاوەکەش درێژەی دایە (زۆر، زۆر، زۆر).
هەنووکە هەموو ئامادەبووان ئاگایان لەم گفتوگۆیە بوو، تەنانەت ئه و کەسەش کە خەوتبوو وەخەبەر هاتبوو و دۆشداماوانە سەیری گفتوگۆی ژن و پیاوەکه و سواڵکەرەکی دەکرد. پیاوە زەبەلاحەکە قاچی لەسەر کورسییەکەی بەرانبەر لابردبوو. ڕێک دانیشتبوو. پیڵاوە گەورەکانی نەخشێکی لارو لەوێری لەسەر چەرمی کورسییەکە بەجی هێصتبوو. پیاوە شیواوەکە پەنجە سەقەتەکەی لە لووتی هێنابووە دەرەوه و ژن و مێردە تەمەن مامناوەندییەکەش هەردووکیان خۆیان بۆ پیشەوە نووشتاندبووەوە تاوەکو باشتر گوییان لەم گفتگۆیە بێت.
سواڵکەرەکە وتی: خۆشەویستی زۆر بەنرخە، نا؟
ژنە لاوەکە وتی: لە هەموو شتێک زیاتر!
سواڵکەرەکە سەری جوڵاند: زۆر کەس ئەم شتە ئەڵێن، بەڵام درۆ ئەکەن.
ژنە گەنجەکە بە دڵسۆزییەکی ئاشکراوە سەیری سواڵکەرەکەی کردو پاش ئەوە نیگایەکی دور و درێژی بڕییە پیاوە لاوەکە. دەتوت لەڕیی نیگاکەیەوە دەیەوێ بڵێ: سەیر کە فەشەل هێنان لە خۆشەویستیدا ئەم بێچەی تووشی چ ڕۆژگارێکی سەخت کردووە.
سواڵکەرەکە قومێک شەڕابی خواردەوە.
کەواتە دەبێ خۆشەوسیتی پیشان بدرێ و بسەلمێندرێ!
پیاوە لاوەکە سەری جووڵاندو ژنەکەی بەخۆیەوە نووساند. ژنەکە گەمای متمانەبەخشی لەشی ئەوی هەست پیکردو زیاتر خۆی تێ هەڵسوو.
سواڵکەرە قومێکی تری خواردەوه و ڕووی کردە پیاوەکه و وتی: باشە، بۆ ئەوەی کە بیسەلمێنیت ئامادەی زەواجی لەگەڵدا بکەیت؟
ژنەکە لە حاڵیکدا تیشکێکی خۆشەویستی لە چاویدا بریسکەی دەدا، لە پیاوەکەی ڕووانی پیاوە لاوەکە لەخۆیەوە وتی (چ پێوەندییەکی هەیە؟)
لەگەڵ ئەوشدا ڕوو بە ژنەکە زەردەخەنەیەکی گاڵتەئامیزی هاتە سەر لێو.
سواڵەکەرەکە بە حاڵەتێکی جیددییەوە وتی: کاتێک دەسەلمێندرێ کە پێی بڵێی تەمەنێک لەگەڵیدا دەمێنییەوە تەمەنێک.
دەنگدانەوەی دەنگە درێژو دوو ڕەگەزییەکەی دەتوت لە هەاو هەنگامەی تایەکاندا چەند قات دەبێتەوه و دەنگی دەدایەوە: تەمەنێک تەمەنێک، تەمەنێک.
پیاوە لاوەکە سەری هەڵگەڕاندەوه و سەیری ژنەکەی کرد:
نامەوێ وەڵام بەم قسە بێ سەروبارانە بدەمەوە.
ژنەکەی بۆ لای خۆی ڕاکێشا. بەڵام لیوەکانی کچەکە کۆبوونەوە پەڕەکانی لووتە بچووکەکەی بڵێیت و نەڵییت دەلەرزی.
دەنگی سواڵکەرەکە لە واگۆنەکەدا دەنگی دایەوە.
ئەگەر خۆشت دەوێ کە واتە بۆچی ناتوانی ئەمەی پی بلێیت، ئەگەر ڕاست ئەکەی پێی بڵێ!
تایەکانی شەمەندەفەرەکە لە جووڵە بازنەییەکانی خۆیدا دەنگی سواڵکەرەکەیان دووبارە دەکردەوە:
بڵێ، بڵێ، بڵێ.
برکانی کچە تێکچڕژان و چچێکیان خستە سەر نێوچاوانە ڕێکەکەی.
پیاوەکە بەتووڕەییەوە وتی: ئێ؛ بەسە کاکی من!
سواڵکەرەکە ڕیشە ماش و برنجییەکەی خوراندو شانێکی هەڵتەکاندا.
کوڕەکە سەری خوار کردەوه و تاوەکو کچەکە ماچ بکات دەنگی کچەکە دەلەرزی:
ئەگەر خۆشت دەوێم، کەواتە بۆچی؟
تایەکان ناڵە لاواقزەکەی کچەکەیان دەست پیکردەوە، بۆچی، بۆچی، بۆچی؟
پیاوەکە بەبێ تاقەتییەوە دەستەکانی هێنا بەیەکداو گێلە گێلێکی کرد. سواڵکرەکە دوایین قومی خواردەوه و بە بتڵە بەتاڵەکەی وت: (هەموو دەڵێن ئاشقن، بەلام درۆ ئەکەن درۆ).
دەنگدانەوەی دەنگە دووڕەگەزییەکەی تاو شوێنە دوورەکان دەڕۆیشت: درۆ، درۆ، درۆ.
کچە بە نیگایەکی سەرزەنشت ئامێزەوە سەیری پیاوەکەی کرد. پیاوەکە بە خێراییەک ملپیچەکەی ملی کردەوه و بەسەرلێشێواییەوە سەریکی بەم لاولادا بادا:
قسەکەی بڕی و جارێکی تر هەوڵیدا ژنەکە لە ئامێز بگرێتەوە. هەراو هەنگامەی تایەکان بڕا. دەنگی شەقەزللەیەک لە واگۆنەکەدا دەنگی دایەوە.
بەر لەوەی کە پیاوەکە بەخۆیدا بێتەوە، کچەکە بە گریانەوە واگۆنەکەی بەجێ هێشت.
شەمەندەفەرەکە هۆڕینی لێداو دەرگاکان داخران.
سولکەرەکەش بەرنابەر بە بتڵەکەی پیدەکەنی.[1]