نووسەر: #سابیر ڕەشید#
لە 296 لاپەڕەی قەبارە مامناوەند پێکهاتووە، لە تاران چاپکراوە و خانەی ئاشتی سەرپەرشتی چاپەکەی کردووە.
کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە ناوی ئومێد ڕەشپۆشە، ئومێد بەهۆی فرۆشتنی کتێبە قەدەخەکراوەکان و بڵاوکردنەوەی چاپکراوەکانی شاخ، چەند جارێک لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس دەستگیر دەکرێت، دواجار سزای لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، بەڵام لە پەتی سێدارە ڕزگاری دەبێت.
بەعس هەوڵی کوشتنی ئومێد ڕەشپۆش دەدات، بەڵام ئەو کەسەی بۆ ئەو ئەرکە ڕادەسپێردرێت لە ژێر کاریگەری بیرکردنەوەکانی ئومێد دایە. بۆیە کەسەکە لە جیاتی کوشتنی ئومێد، خۆی دەکوژێت.
ئومێد وەکو پاشناوەکەی، کەسێکی چارەڕەشە، دەکەوێتە دوای ئەڤینداری ژنێک کە کۆتاییەکی تراژیدی هەیە. سابیر ڕەشید دەڵێت :ئومێد دەکەوێتە داوی ئەڤینداری ژنێک، کە لە یانەیەکی شەوانە لە بەغدا ڕزگاری کردووە، بەڵام دواتر ژنەکە لێی هەڵدەگەڕێتەوە و حەز لە پیاوێکی دیکە دەکات، ئومێدیش بەرگەی ئەمە ناگرێت و لەسەر بانی ماڵی خوشکەکەی، خۆی فڕێدەداتە خوارەوە. هەروەها دەڵێت: ئەنجامی ڕۆمانەکە و چارەنووسی پاڵەوانی ڕۆمانەکەم بۆ خوێنەر جێهێشتووە، بۆ ئەوەی خوێنەر بەشدار بێت لە دەستنیشانکردنی کۆتایی ڕۆمانەکە، کە ڕاستییەکەی بێ کۆتاییە.[1]