=KTML_Bold=بێریتان=KTML_End= ژنێکی عەرەبە و دوای هێرشەکانی سەر #شەنگال# بەشداری ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادیی کورد بوو. دوای ماوەیەک چووە شاخەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ بەردەوامی بە تێکۆشانی خۆی دەدات.
بێریتان ساڵی 1996 لە سوریا لەدایکبووە و بنەماڵەکەشی بە ڕەچەڵک خەڵکی بەغدان. باوکی گەریلا بێریتان دوای ئەرکە سەربازییەکەی لە سوریاوە دەگەڕێتەوە بۆ بەغداد. بێریتان ڕایگەیاند، دایکی لە تەمەنی 13 ساڵیدا کراوەتە هاوسەری باوکی، کە باوکی لەو کاتەدا تەمەنی 100 ساڵ بووە وتی عەقڵییەتی پیاوسالاری لە ناو بنەماڵەکەمدا لە بەرزترین ئاستدا بوو. باوکم 7 جار هاوسەرگیریی کردبوو. کاتێک من لە دایکبووم، باوکم گیانی لە دەستدا. دواتر دایکم لەگەڵ کەسێکی تردا هاوسەرگیریی کردەوە. منیش لەلای براکەم گەورە بووم. دوای ئەوەی براکەم کۆچی دوایی کرد من لەگەڵ پورێکمدا دەمامەوە. لە تەمەنی 12 ساڵیدا کرام بە هاوسەری کوڕە پورەکەم. هاوسەرەکەم کەسێک بوو، کە گوشاری زۆری دەخستەسەرم. هەر چۆنێک بێت منداڵێکم بوو.
گەریلا بێریتان کە بە ژیانێکی زۆر قورس و دژواردا تێپەڕیوە، دەستی بە بیرکردنەوە و گەڕان بە دوای ڕێگا چارەیەکدا کردووە. بێریتان ئاشنای بزووتنەوەی ئازادیی کورد بوو و بەمجۆرە باسی بەسەرهاتی خۆی و بەشداربوونی بۆ ناو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادی و یەرەکە دەکات ساڵی 2014 و کاتێک هێرشکرایە سەر شەنگال، من بە هەڤاڵەکانم وت، پێویستە بڕۆم بۆ ئەو شوێنە. دوای ئەوەی هەڤالەکانم قبوڵیانکرد، من ڕۆیشتم بۆ شەنگال. کاتێک گەیشتمە ئەوی هێرشەکە ڕوویدابوو و کاتێک ژنان، گەنجان و منداڵانی شەنگالم لەو بارودۆخە دژوارەدا بینی زۆر ئازارم چەشت. لەو کاتەدا تێگەیشتم، کە گەل پێویستیی بە ئێمە هەیە. ئێمەش بۆ گەلەکەمان شەڕمان کرد. 3 ساڵ لە شەنگال بووم. دوای ئەوە لە شەنگالەوە هاتم بۆ چیاکان.
=KTML_Bold='دەبێت ژنان و گەنجانی ڕۆژهەڵات لە دژی سیستمەکە بوەستنەوە'=KTML_End=
گەریلا بێریتان دوای ئەرکەکەی لە شەنگال داوا دەکات بەشداریی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات. لە ئەنجامدا ڕووی لە ڕیزی یەکینەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە) کرد. گەریلا بێریتان بەمجۆرە باسی ئەو قۆناغە دەکات من لە شەنگال هێز و ورەیەکی زۆر گەورەم وەرگرت و بەو هێزەوە ڕووم لە چیاکان کرد. بۆ ئەوەش من داوام کرد لە هەموو شوێنێکی کوردستان تێبکۆشم و خۆم بە ژنانی کوردستان بگەیەنم. لەبەر ئەوەش هاتم بۆ گۆڕەپانی ڕۆژهەڵات. مێژووی ڕۆژهەڵات پڕە لە ژنانی خاوەن ئیرادە. منیش بۆ ئەوەی ببم بە خاوەنی ئیرادەیەکی گەورە و لە دژی گوشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر ژنان تێبکۆشم، بەشداری ڕیزەکانی گەریلای یەرەکە بووم.
گەریلا بێریتان لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەوازی بۆ گەنجان هەبوو و وتی دەبێت ژنان و گەنجان لە ڕۆژهەڵات و ئێران خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان بکەن. من ژنێکی عەرەبم و لە کوردستان بۆ ئازادی تێدەکۆشم، چونکە دەزانم ئەم تێکۆشانە سەربکەوێت گەلی عەرەب و گەلانی تریش ئازاد دەبن، بۆیە داوا لە ژنان و گەنجانی ئێران دەکەم سەر لە ئاست سیستم بەرز بکەنەوە و تێبکۆشن. ئەگەر ژنان دەست بە بەرەنگاری بکەن، ناتوانن لە ناو سیستم و کۆمەڵگەیەکدا بژین، کە نادادی و زوڵم و چەوساندنەوە و جیاکاریی تیادا بێت.[1]