ئەردۆغان بە دوورو درێژی قسەی لەسەر لەشکرکێشییەکەی بۆ داگیرکردنی ڕۆژاوا کرد. بەروونی باسی لەوەکرد کە ئەم پلانە هی شەوو ڕۆژێک نیەو ماوەیەکی درێژە کاری لەسەر دەکەن. پێشتریش لە میدیاکاندا بینیمان تەنانەت نەخشەی ئەو شارو شارۆچکانەش ئامادەکراوە کە تورکیا بە نیازە لە ڕۆژاوا عەرەبە ئاوارەکانی تێدا نیشتەجێ بکاو بەتەواوەتی سیمای کوردانەی بسڕێتەوە. جەختیشی کردەوە کە قسەو ڕەخنەکانی دەوڵەتان و ڕایگشتی جیهانیان بەلاوە گرنگ نیەو سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی پلانەکەیان جێبەجێ بکەن. ئاشکرایشی کرد کە سوپای داگیرکەری تورکیا بەدرێژایی سنووری سووریا تا قوڵایی 30-35 کیلۆمەتر خاکی ڕۆژاوا داگیر دەکات.
وتارەکە نووسرابوو، ئەردۆغان دەیخوێندەوە، بەڵام ناوبەناو دەقە نووسراوەکەی جێدەهێشت و ڕاستەوخۆ قسەی دەکرد.
ئەوەی لە وتەکانی سوڵتانی چنگ بەخوێندا تەنانەت بۆ هەندێ میدیای تورکیش جێگەی سەرنج بوو، ئاماژەیەک بوو بۆ عێراق. ئەردۆغان پاش تەواوکردنی خوێندنەوەی دەقەکە وتی: ئەگەر سووریا لە هەقیان بهاتایە (مەبەست پەیەدەو ئیدارەی کوردییە)، ئیشەکەمان ئاسان بوو، بەڵام بەداخەوە، سووریا لە دۆخێکی وادا نیە.... با ئەوەشتان پێ بڵێم لە عێراقیشدا هەمان شتە. لەعێراقیشدا دۆخەکە وێرانە. کە لەگەڵ عێراقدا قسە دەکەین، ڕووبەڕوو شتێکمان پێ دەڵێن، بەڵام بەداخەوە لە پاشملە لێدوانی جیاواز دەدەن. ئێستا ئەوەتا لێدوانی جیاوازی ئەم چەند ڕۆژە ببینن. نەمدەویست ناو بێنم... کاتێک ئەوان دەکەونە تەنگانەوە... ئێمە لایەنی ئەوان دەگرین.... کەچی دەبینین ئەوان لایەنی تیرۆریستەکان دەگرن. بۆچی؟ چونکە کوردن.(جێگەی سەرنج بوو، کاتێک ئەردۆغان ناوی عێراقی هێنا، ئاکاری وەزیری بەرگری کە لەتەنیشتییەوە دانیشتبوو لەسەر پارچە کاغەزێک تێبینییەکی خستە بەردەستی، پاش خوێندنەوەی تێبینییەکە ئەردۆغان وتی: نەمدەویست ناو بێنم!)
رستەی لەعێراقیشدا هەمان شتە!، هیچ تەفسیرو شیکردنەوەیەکی پێویست نیە. زۆر بە ڕوونی ئەردۆغان دەیەوێ بە هەموو جیهان بڵێ پاش داگیرکردنی ڕۆژاوا، نۆرەی باشوورە.
چونکە وەک چۆن دەڵێت پەیەدە لەسەرسنوورمان هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەییمان دەکا، بەڵام بەداخەوە! سووریا ناتوانێ هیجیان بەرامبەر بکا، ناچار خۆمان دەستبەکار بووین، پێشر چەندین جار هەمان قسەی بۆ باشووریش کردووە.
بە کورتی، ئەگەر لەشکری تورک داگیرکردنی ڕۆژاوای بۆ بچێتەسەر، هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە دوای ئەوان نۆرەی باشوورە. بۆیە ئەگەر هێزە سیاسییەکانی ئێمە پێیان وابێ ئەمە شەڕێکە تەنها لە ڕووی مەعنەوی و ئەخلاقییەوە پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە، گەورەترین هەڵەی مێژووی سیاسیی خۆیان دەکەن. چونکە ئەمە سەرەتای بەواقیعکردنی خەونی بەسوڵتانبوونی ئەردۆغانەو ئەگەر ئەم داگیرکارییە بەری پێ نەگیرێ دەگاتە بەردەرگای ماڵەکانی ئێمەش.[1]