کارکردن لەسەر ئەزموونی شیعری یازدە شاعیری دوای ڕاپەڕین
کتێبی زمان و شیعریەت دوازدەیەمین بەرهەمی #ئارام سدیق#ە. ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە لە دووتوێی 207 لاپەڕەدا وەشانی کردووە، یەکەم چاپە. لەم دیمانەیەی وشەدا، نووسەر وەڵامی چەند پرسێک لە بارەی کتێبەکەی دەداتەوە:
زمان و شیعریەت ناوی نوێترین کتێبی منە (2017) کە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و ڕەخنەکردنی چەند ئەزموونێکی شیعریی دوای ڕاپەڕین. ئامانجی کتێبەکە پێشکەشکردنی دیدێکی نوێیە بۆ شیعری کوردی، کە لە پێشووتردا هەبووە. دیدێک کە پێی وابووە شیعر دەردەدڵ و دەقی شیعریی دەبێت سۆز بەسەریدا زاڵ بێت و شیعر ببێتە کارگەی لاوانەوەی برینەکانی ئینسان و نەتەوە. لە کاتێکدا شیعری ڕاستەقینە بیرکردنەوەیە لە دیاردەکان و برینەکان و ڕووداوەکان.
زمان و شیعریەت چییە؟.
زمان و شیعریەت کە ناونیشانی ئەم کتێبەیە، کارکردنە لەسەر ئەزموونی 11 شاعیری دوای ڕاپەڕین، کە 12 نووسینی لەخۆ گرتووە، ئەمە بێجگە لە وتارێک لەسەر پێوەندی شیعر و بوون لەم وتارەشدا دیدگای خۆم لەسەر شیعر و پێوەند بە چەند چەمکێکی پێوەندیدارەوە خستووەتە ڕوو، کە ئەم وتارەش دیسان تەواوکارییەکە بۆ تەواوی ڕوانینەکانم لەسەر شیعری کوردی پاش ڕاپەڕین.
لەم کتێبەدا کارتان لەسەر چی کردووە؟.
ئەم کتێبە کارکردن و دۆزینەوەی دونیای 10 شاعیری پاش ڕاپەڕینە، کە بەشێکیان تا هەنووکە بەبێ دەنگی تێپەڕیون و خوێندنەوە و ڕەخنە نەکراون. لە کاتێکدا کە شایەنی ئەوەن کە ئاوڕی ڕژدیان لێ بدرێتەوە و دنیا کەشف نەکراوەکەیان بدۆزرێتەوە و سیماکانی ئەزموونەکەیان دیاری بکرێت و گوتاری شیعرەکە بخرێتە ژێر پرسیارەوە و بە ئەزموونەکانی تر بەراورد بکرێن.
کێن ئەو شاعیرانەی خوێندنەوەت بۆ شیعرەکانیان کردووە؟.
لەم کتێبەدا خوێندنەوە بۆ شیعری هەر یەک لە شاعیران: دلاوەر قەرەداغی، دڵشاد عەبدوڵڵا، سەباح ڕەنجدەر، ئەنوەری ڕەشی عەوڵا، کەژاڵ ئەحمەد، هاشم سەڕاج، عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا، کەریم دەشتی، عەلی پێنجوێنی و حەمە کاکە ڕەش، کراوە و بەشێک لەم شاعیرانە تەنیا کار لەسەر یەک شیعریان کراوە و بەشێکیان تەنیا یەک کتێبیان وەکو نموونە وەرگیراون. بەڵام بەگشتی هەوڵی ئەوە دراوە وێنەیەکی گشتی لەسەر دنیای شیعریی ئەم شاعیرانە بخرێتە ڕوو و لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ کۆی ئەم نووسینانە نووسراون.