رووداو - #کەلار#
لە #مزگەوتی سیراجەدین# لە گەڕەکی سەدماڵەکەی قەزای کەلار، تەرمی هاونیشتمانییەک بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەلاریش دەڵێت ئەو کەسە فەقێیە و لەسەر ڕووداوەکەش مامۆستایەکی ئاینی و هەشت کەسی دیکە دەستگیرکراون.
دوانیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە 14-6-2017، پۆلیسی کەلار ئاگادارکراوەتەوە بەبوونی ڕووداوێک لە یەکێک لە مزگەوتەکانی کەلار، دوای گەیشتنیان بە شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوتووە کەسێک بە پشتوێن لە مزگەوت هەڵواسراوە.
رائید عەلی جەمال قەدوری، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەلار، بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند تەرمی هاونیشتمانییەک بەناوی (فاروق ناجی محەممەد) تەمەن 22 ساڵ، لەمزگەوت بە هەڵواسراوی بینراوە و دوای گەیشتنی پۆلیس بە شوێنی ڕووداوەکە دەست بە لێکۆڵینەوەکرا.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەلار دەڵێت، تاوەکو ئێستا دیار نییە ئەو کەسە خۆی هەڵواسیوە یان هەڵواسراوە.
قەدوری ئاماژەی بەوەشدا کە، ناوبراو خوێندکاری هەمان مزگەوت بووە و لەگەڵ هەشت گەنجی دیکە ڕۆژانە لەلایەن مامۆستایەکی ئایینییەوە وانەیان پێگوتراوە.
بەگوتەی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی پۆلیسی کەلار، لەسەر ڕووداوەکە بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 405 ئەو مامۆستایە و هەشت کەسی دیکە دەستگیرکراون.
بەمەبەستی پشکنین تەرمی ناوبرا ڕەوانەی پزیشکی دادوەری کەلارکراوە و لەسەرچۆنێتی ڕووداوەکەش پۆلیس لە لێکۆڵینەوەدایە.
14-06-2017