بەپێی ئامارێکی نافەرمی لیژنەی باڵای سیستەمی بایۆمەتری ئەنجومەنی وەزیران، لەدوای تۆمارکردنی فەرمانبەران بە سیستەمەکە زۆرترین ناوی پیاو و ژنی خستۆتەڕوو، ناوی محەمەد بە پلەی یەکەم هاتووە.
بە پێی ئەو ئامارە لەدوای تۆمارکردنی زۆرترین فەرمانبەری حکومەتی هەرێم لە سیستەمی بایۆمەتری، لیژنەی باڵای سیستەمی بایۆمەتری ئەنجومەنی وەزیران ئەو ناوانەی بڵاوکردۆتەوە، کە زۆرترین ناوی ناو سیستمەکە بوون، ناوی محەمەد بە پەلەی یەکەم هاتووە، کە 30 هەزار و 894 ناوە.
هەر بە پێی ئامارەکە، سەبارەت بە پیاوان لەدوای ناوی (محەمەد)، ناوی (ئەحمەد) بە 16 هەزار و 55 لە پلەی دووەم و ناوی (عومەر) بە 9 هەزار و 697 لە پلەی سێهەم و (عەبدوڵا) بە 8 هەزار و 758 لە ڕیزبەندی چوارەم هاتووە.
هەرچی بۆ ژنان- یشە، کە زۆرترین ناوی ژنانی مووچەخۆر بەپێی سیستمی بایۆمەتری تۆمارکراوە بریتیە لە ناوی (فاتیمە) بە 8 هەزار و 738 لە پلەی یەکەم و (عائیشە) بە 4 هەزار و 75 لە پلەی دووەم و (ئامینە) بە 3 هەزار و 635 لە پلەی سێهەم و (مەریەم) بە 3 هەزار و 552 لە پلەی چوارەمی ڕیزبەندی ناوی ژنان تۆمار کراون.
لە 10ی تشرینی یەکەمی 2016، حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی کردنەوەی 76 بنکەی تۆماری فەرمانبەران و مووچەخۆرانەوە دەستیکرد بە هەنگاوەکانی سیستەمی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی فەرمانبەران و بەپێی ئەو بەرنامەیەی حکومەت، سیستەمەکە ڕێگە لە مووچەی بندیوار و دوو مووچە و سێ مووچە دەگرێت و سەرجەم مووچەخۆران و کەمئەندامان و خانەنشیان و چین و توێژەکانی تر دەگرێتەوە.
03-06-2017