- جەماوەری وڵاتپارێزی کوردستان...
- کەس و کارو بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی کوردستان...
ئەمڕۆ حەڤدە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی هەڤاڵی سەرکردە شەهید #سەربەست مەحموود# ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیمان یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK و سەرنووسەری ڕۆژنامەی (میدیا) و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری (سەرخۆبوون) تێپەڕدەبێت، لەم ڕۆژەدا دوور لەهەموو یاساو ڕێسایەکی مرۆڤایەتی لە 31-05-2000 دەستی ڕەشی تیرۆریستان گەیشتە گیانی پاکی شەهید سەربەست و زۆر هۆڤانە شەهیدیان کرد.
تیرۆریستان بەشەهیدکردنی سەربەست مەحموود وایان زانی دەتوانن ڕێگری بکەن لە ڕێبازی کوردایەتی شەهید و کارکردنی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، نەیانزانی شەهید سەربەست دەیان سەربەستی سەربەخۆخوازی لەدوای خۆی پەروەرده و گۆشکردووە و هەموو ئەندامێکی YNDK (سەربەست)ن و خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان دەکەن، شەهید سەربەست مەحموود کەسایەتییەکی نەتەوەیی سەربەخۆیی خواز بوو، بۆیە ڕیزەکانی (YNDK)ی هەڵبژارد و وەک سەرکردەیەک لەرێزەکانی YNDK درێژەی بەخەبات و تێکۆشانیدا،شەهید سەربەست لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەر گۆشکرابوو، جگە لەوەی سیاسەتوانێکی لێهاتوو بوو، لەهەمان کاتدا ڕۆژنامەنووسێکی و بوێر و چاونەترس بوو، زۆر نەتەوەییانە ڕەخنەی لەسیاسەتی داگیرکاری دوژمنانی کوردستان دەگرت و لەرێگەی نووسینەکانی هەموو کات نەخشە و پیلانەکانی شرۆڤەدەکردن و لەدیدگایەکی وڵاتپارێزانە و بەشێوازێکی هێمنانە ڕووبەڕوویان دەبۆوە و دژی هەموو توندو تیژی و ئازار و تۆقاندنێک بوو، هەڵوێستە نەتەوەییەکانی زۆر کاریگەر بوون، بۆیە لەسەر ئاستی هەموو بەشەکانی کوردستان ناسراو بوو.
حەڤدە ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی شەهید سەربەست مەحموود تێپەردەبێت و تا ئێستا بکوژانی ئاشکرانەبوونە، ئەوەش بۆتە مایەی نیگەرانی و دڵتەنگی زیاتری ئێمەو بنەماڵەی سەربەرزی شەهید سەربەست مەحموود، بۆیە لێرەوە جارێکی دیکە داوا لە لایەنە بەرپرسەکانی حکومەتی کوردستان و دەزگا پەیوەندارەکان دەکەین، سەبارەت بەم کەیسە هەوڵی زیاتر بخەنەگەڕ بۆئەوەی بکوژانی شەهید سەربەست ئاشکرا بکرێن و بەسزای دادگەرییانەی خۆیان بگەن و ڕۆحی شەهیدیش لە مەنزلگەی ئارام بێت.
- سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهید سەربەست مەحموود و تەواوی شەهیدانی ڕێی ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان.
- مردن ڕووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
10ی جۆزەردان / 2717ی کوردی
31-05-2017 ی زایینی
هەولێر _ کوردستان