مەکتەبی سیاسی یەکێتی (رۆژی 13-11-2015) ڕاگەیاندنێکی بەبۆنەی سەرکەوتنە مێژوییەکەی ڕزگارکردنی شەنگالەوە دەرکرد، مایەی سەرسوڕمان بوو، هەر دوێنێ شەو، بەو هەموو سەرقاڵییە، بەناوی فەرماندەی (هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوای دیجلە)وە، وەڵامێکی توڕەیان دایەوە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە دەزانین کێ بڕیاری وەڵامەکەی داوە و چۆن چۆنیش نووسراوە و بۆچی وا بەپەلەش بڵاوکرایەوە. بەڵام لەبەرئەوەی نامانەوێت لەم کاتەدا ڕاکێشرێینە بەندوباوی قوڵکردنی ناکۆکییەکان، لە هەرێم و بەشەکانی تری کوردستان،
بەڵام تەنیا بۆ ئەوەی ڕای گشتی و هێزی قارەمانی پێشمەرگە ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکەی یەکێتی، بڕگە بە بڕگە بزانن و بزانرێ بە چ بایەخێکەوە باسی فەرماندە و پێشمەرگە کراوە، ئەم کورتە ڕاستییانەی ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکە دووپاتدەکەینەوە، چونکە هەستمان کرد بڕیاردەر و نووسەری وەڵامەکە، لە ناوەڕۆکی ڕاگەیاندنەکە خۆیان لاداوە و بە خوێندنەوەیەکی سەرپێیی توڕەبوون و وەڵامەکەیان نووسیوە. ئەمەش بڕگە گرنگەکانی ڕاگەیاندنەکەمانە:
- مەکتەبی سیاسی یەکێتی پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی فەرماندەکان و پێشمەرگەکانی کوردستان دەکات، کە هێزی سەرەکی ئازادکردنی شەنگال و دەوروبەری بوون.
- شەنگال بەشێکی دانەبڕاوی باشووری کوردستانە.
- شەنگالو ئێزدییەکان سەدان ساڵە فەرمانیان لەلایەن شۆڤێنییە عەرەبەکانەوە دژ دەدرێ.
- شەنگال بکرێتە پارێزگایەکی کوردستانی.
- دەوڵەتە گەورەکان وەکو هێزی یەدەگی شەڕ نەڕواننە خەباتی کوردایەتیو لەچاوی حکومەتە ئیقلیمییەکانەوە سەیری کێشەی نەتەوەکەمان نەکەن.
- شەنگال ناوچەیەکی ستراتیژی گرنگی جوگرافی و سیاسی و عەسکەری چارەنووسسازە و توانای لۆجستی داعش تێکدەدا.
- دوو ساڵ بوو داعشەکان ویژدانی نەتەوەی کوردیان ئازار دەدا، بەڵام بەرگەی دوو ڕۆژی هەڵمەتی قارەمانانەی کورد و کوردستانیان نەگرت.
دەمێنێتەوە بڵێین: ئێمە ناتوانین، خەبات و قوربانی شەڕڤان و گەریلاکان ڕێز لێنەگرین. هەروەکو چۆن بەڕێز مەسعود بارزانی لە کاتی ڕزگارکردنی مەخموردا ڕێزی لەو (70) گەریلایە گرت کە شەڕی قارەمانانەیان بۆ پاراستنی مەخمور کردبوو، لەکاتێکدا مەخمورییەکان دووچاری چارەنووسی ڕەش کرابون. خۆزگە، لەم هەڵمەتەی ڕزگارکردنی شەنگالیش ڕێزی لە زیاتر لە (1500) گەریلاو شەڕڤان بگرتایە و هیچ نەبێ سڵاوی بۆ بناردنایە و ناکۆکییەکانی ئارام بکردایەتەوە.
لەکۆتاییشدا دەڵێین: با بڕیاردەر و نووسەری وەڵامەکە، دەست لەم ڕقو کینەیە هەڵبگرن باشترە، چونکە مەترسیمان هەیە ئەم سیاسەتە، ڕووداوی زۆر خراپی لەو دەڤەرانە لێبکەوێتەوە. تکاشمان وایە، بەم سەرکەوتنە هیچ لایەکمان بێباک نەبین، چونکە هێشتا دوژمن زۆرە و ئەرکی هاوبەشیش زۆرتر.
ئەوەی مایەی سەرسوڕمانیشە بۆمان، ئەوەیە بڕیاردەر و نووسەری وەڵامەکە، باسی بایەخی پێشمەرگە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکەن. وا چاکە هەنگوین بۆ باڵەکایەتی نەبەن بیفرۆشن، چونکە باڵەکایەتی کانگای هەنگوینی ڕەسەنە!
راگەیاندنی
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
14-11-2015