لە ساڵی 1323ی هەتاوی (1943) لە بنەماڵەیەکی مامناونجی لە شاری تەورێز چاوی بە دنیا پشکووت. هەر لە مێردمنداڵییەوە خولیای کتێبخوێندنەوە و شیعرهۆندنەوە بوو و، دواتر لە سەرەتای ساڵانی 1960ی زایینی لە تەورێز لەگەڵ سەمەدی بەهرەنگی و بێهرووزی دێهقانی ناسیاوی پەیدا کرد.
لەو ساڵانەدا هێندێک ڕووناکبیری تورکی ئازەری سەرەڕای ئەو قەدەغە توندەی لە ئێران لەسەر زمانەکانی غەیری فارسی بە ڕێوە دەچوو، بەپێی دەرفەت حەولیان بۆ بووژاندنەوە و پێشخستنی زمانی تورکی ئازەربایجانی دەدا، کە بە دوای تێکشکانی حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کوشتاری خەڵک بە دەست ڕێژیمی پەهلەوی بە تەواوی سەرکوت کرابوو.
لەو ساڵانەدا هێندێک لە شیعرەکانی نابدڵ بە نازناوی “ئۆختای” لە هێندێک بڵاوکراوە و گۆواران وەکو “آدینە” و “ارک” لە تەورێز بڵاو دەکرایەوە. هەر ئەو سەروبەندە نابدڵ لێکۆڵینەوەیەکی سەبارەت بە “ئازەربایجان و مەسەلەی نەتەوەیی” نووسی کە بە شێوەی نهێنی لەناو ئەو تێکۆشەرانەدا بڵاو کرایەوە کە خۆیان بۆ خەباتی مان و نەمان دژی ڕێژێمی پاشایەتی ئامادە دەکرد.
نابدڵ بۆ درێژەدان بە خوێندن و چالاکی چووە تاران و لە زانکۆی حقووق لە بەشی قەزاییدا دەستی بە خوێندن کرد. لە زانکۆ لەگەڵ خوێندکارانی کورد ناسیاوی پەیدا کرد. بە خوێندنەوەی ئەو پارچە شیعرە پڕ لە خۆشەویستی و حەماسەیەی کە بۆ کوردستانی گوتووە، دەردەکەوێ بە چیا و دەشتی کوردستاندا گەڕاوە، جوانیی خۆڕسکی کوردستان و چلۆنەیەتیی ژیانی خەڵک بە قووڵی کاری لە هەست و نەستی کردووە.
نابدڵ یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکەم دەستەی خەبانی چەکداریی ناوشار بوو لە تەورێز لە زەمانی ڕێژێمی حەمەڕەزا شا و ئەو کۆمەڵە لە تێکۆشەرانی وەک بێهرووزی دێهقانی، کازمی سەعادتی و مەنافی فەلکی پێک هاتبوو و دواتر لەگەڵ چریکەکانی فیدایی خەلق یەکی گرتەوە.
لە مانگی خاکەلێوەی 1350 هەتاوی (مارسی 1971) عەلیڕەزای نابدل و جەوادی سەڵاحی کە لە گەڕەکی پامێناری تاران خەرێکی پێوەنووساندنی یەکەم ڕاگەیاندنەکانی ڕێکخراوەی چریکە فیداییەکان بەسەر دیوارەوە دەبن ئەڕتەشییەکی خانەنشینکراو دەیانبینێ و دەست دەکا بە هاوار. ئەوان دەیانەوێ لە گەڕەکەکە دوور بکەونەوە و سواری مۆتۆرسیکلێتێک دەبن کە پێیان بووە تا دەگەنە سێ ڕێیانێک، لەوێ دادەبەزن و بێ ئەوەی بزانن دەچنە نێو ئەو کۆڵانەی کە دەگاتە کەلانتەری پامێنار. سەڵاحی کە دەبینێ دەورە دراون گولەیەک لە خۆی دەدا بۆ ئەوەی بە زیندوویی نەگیرێ و دەستبەجێ گیان دەسپێرێ. عەلیڕەزاش سواری مۆتۆرسیکلێتەکە دەبێتەوە بۆ ئەوەی لەوێ دوور بکەوێتەوە، بەڵام مۆتۆرسیکلێتەکەی دەکەوێتە نێو جۆگەیەک و بە سەریدا دەکەوێ. ئەویش تەقە لە خۆی دەکا، بەڵام بە برینداری دەگیرێ و دەستبەجێ دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی پۆلیس. ڕێژیم لەو سەروبەندەدا توانیبووی 9 کەس لە ئەندامانی سەرەتایی ڕێکخراوەکە بناسێتەوە و وێنەی ئەوانی لە ڕۆژناماندا بڵاو کردبووە و لە دار و دیواری تارانی هەڵاوەسیبوو و بۆ دۆزینەوەی هەرکامێکیان بە زیندوویی سەدهەزار تمەنی خەڵات دیاری کردبوو.
نابدڵ عەمەلییات دەکەن بۆ ئەوەی چاک بێتەوە و لەژێر ئەشکەنجەدا ئعترافی لێ وەربگرن. ئەویش بۆ ئەوەی هاوڕێکانی بپارێزێ و لەژێر ئەشکەنجەدا ناویان نەدرکێنێ، جارێک لە نهۆمی سێیەمی نەخۆشخانەی شارەبانیڕا خۆی فڕێ دەدا و گاوی برینەکانی هەڵدەوشێ، ئەو جارەیش زیندوو دەمێنێتەوە، برینەکانی دەدروونەوە و لەسەر ئەشکەنجەکردنی بەردەوام دەبن.
دواجار نابدل و 8 کەسی دیکە لە هاوڕێیانی لە 22ی ڕەشەمەی 1350 تیرەباران دەکرێن.