$ژیاننامە$
ساڵی1961 لە شاری #سنە# لە دایکبوو.لە قۆناغی ژیانی منداڵی وتازە لاویدا بە هۆی ئەوەی باوکی لە پلەدارەکانی ئەوکاتی ئەرتەشی حکومەتی شا بوو، بەشێک لە تەمەنی لە شارەکانی تەورێز و #ورمێ# بردەسەر و سەرەنجام لە ساڵانی پێش ڕاپەڕینی گەڵانی ئێراندا لە شاری سنە نیشتەجێ بوونەوە.
بەهرامی ڕەزایی هەتا وەرگرتنی دیپلۆم درێژەی بە خوێندن داوە، لەگەڵ دەستپێکردنی ڕاپەرینی گەلانی ئێران و خرۆشی جەماوەریی لە کوردستان پێوەندیی بە کۆمەڵەوە کردووە، وەک خەباتکارێکی شێلگیر و تێکۆشەرێکی لەخۆبردوو لە پێناو ئامانجەکانی کۆمەڵە وخەڵکی کوردستاندا هەتا دوا هەناسەی لەسەر ئەو ڕێبازە وەفادار ماوەتەوە.
هاورێ بەهرام ڕەزایی لەو یەکەم دەستانەی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو کە لە ناوچەی #ئالانی سەردەشت# خولی ڕاهێنانی فێرگەی پێشمەرگایەتی کۆمەڵەی سەرکەوتووانە تێپەراند و پلەکانی پێشمەرگانەی قۆناغ بە قۆناغ و بە لێهاتووی تێپەراند.
بەهرام ڕەزایی لە بەرپرسیارەتی نیزامی دەستەوە دەستیپێکرد و هەتا فەرماندەیی گوردانەکانی نەکەرۆز و کاک فوئاد و گوردانی کاوە بەتایبەت لە ناوچەکانی #دیواندەرە# و #کامیاران# بەو پەڕی لێهاتووی و فیداکارییەوە ئەرکەکانی خۆی بەرێوە دەبردووە. لەگەڵ تووند بوونەوەی شەری نێوان ئێران و عێراق و پاشەکشەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانی باشووری کوردستان، بارام ئەندامی تیمی شناسایی کۆمەڵە بوو کە بە هۆی ژیری و لێهاتووەیەکانییەوە زۆربەی گەڵاڵە ڕێکارە دیاریکراوەکانی بۆ چوونەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ قوڵایی ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و زەبروەشاندن لە هێزەکانی دوژمن بە سەرکەوتوویی بەرێوە دەچوون. جیا لەو ئەرکە پێسپێردراوانە، بارامی ڕەزایی دەورەیەکی دیاریکراویش ڕاوێژکاری یەکەمی کاروباریی نیزامیی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بوو.
ساڵی 2000ی زایینی بارام پشتیوانی لە ڕەوتی ساغکردنەوەی کۆمەڵە کرد، لە کۆنفراسی ساغکردنەوەی کۆمەڵەدا بوو بە ئەندامی کومیتەی ناوەندی.
بەهرامی ڕەزایی لە کۆنگرەی 12ی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستاندا وەک ئەندامی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا.
بەهرامی ڕەزایی کە لە ماوەی ژیان و خەباتی پێشمەرگانەدا یازدە جار بریندار ببوو، لە ساڵانی دواییدا بە هۆی باری تەندرووستی و جەستەیی لە دەرەوەی ولات دەژیا و بەداخەوە لە #20-10-2021# لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری فرانکفۆرت لە وڵاتی ئاڵمانیا بۆ هەمیشە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ئازیزانی بەجێهێشت.
[1]