بەگوێرەی بەدواداچوونی ڕێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی، ئاوەڕۆی #هەولێر# لە چەند ساڵی داهاتوودا کێشەی گەورە بۆ ژینگە و خاکی شارەکە دروستدەکات، ڕێکخراوەکە دەڵێت: ئەگەر لەچەند ساڵی داهاتوودا ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەرنەکرێت، جۆرەها مادەی زیانبەخش لە چەند شوێنێکی هەولێر دەردەکەون.
چەندین ساڵە لە هەولێر گرفتی چارەسەرنەکردنی ئاوی ئاوەڕۆ و قورس، سەریهەڵداوە و بەردەوامیی هەیە.
لە چەند ناوچەیەکیش دەرئەنجامە خراپەکانی دەرکەوتوون. ئەمەش لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکدا لە ژێر ناونیشانی (چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر-ئاستەنگ و ئاسۆ) بە ڕوونی تیشکی خراوەتەسەر.
خەتاب عەزیز، بەرپرسی توێژینەوە و ڕاپرسی لە ڕێکخراوی ستۆپ و ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە ڕاگەیاند: ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر و چەند ناوچەیەکی دیاریکراو، دیارترینیان تورەق و مامزاوا، بە ڕوونی کاریگەرییە خراپەکانی بەشێوەی جۆراوجۆر هەستپێدەکرێت و دەرەنجامی خراپی لێکەوتووەتەوە.
خەتاب عەزیز لە بارەی کاریگەرییە خراپەکانی کۆبوونەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، وتیشی: بۆ ساڵانی داهاتوو زۆر بە زەقی شوێنەوار و کاریگەرییەکانی دەردەکەون، تا ئەو ڕادەیەی لە چەند دەیەی داهاتوودا هەولێر شارێک دەبێت لە ئاوەڕۆ یاخود شارێکی سەرئاوەڕۆ کەوتوو دەبێت، ڕێژەیەکی زۆری فۆسفات و نیترون، دێنە سەر زەوی، لەو کاتەیشدا هیچ کشتوکاڵ و بەرهەمێکی سروشتی ناڕوێت.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیش، ڕێکخراوەکە پێشنیاری دانانی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوی ئاوەڕۆ و بەکارهاتووی هەولێر بە ڕێگای تەکنیکی دووبارە چارەسەربکرێت و بەکاربهێنرێتەوە.
لەمباریەوە خەتاب عەزیز وتی: دانانی یەکەی چارەسەری ئاو، تاکە ڕێگەیە بۆ دەربازبوون لەو کێشەیە، ئێستا بەگوێرەی ڕێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2013ی دەستەی ژینگە، پێویستە هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان یەکەی چارەسەری ئاو دابنێن، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر کەم نەبێت پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پابەندی ئەو ڕێنماییە نەبوون.
لەبارەی هۆکاری پابەندنەبوونەکەیش وتی: بەوپێیەی ئەو پارەیەی وەک پێبژاردن دانراوە، کەمە. بۆیە خاوەنی پڕۆژەکان لەجێی ئەوەی پابەندی بەکارخستنی یەکە چارەسەرییەکەی ئاو بن، پێبژاردنەکە دەدەن.
پێشتر لەکاتی خوێندنەوەی کارنامەی خۆیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری نوێی هەولێر ڕایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی پیشانداوە لەسەر قەرزێکی یابانی کە بڕەکەی 288 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی پارێزگای هەولێر، ئەو پڕۆژەیەیش لە عێراق ڕەزامەندیی لەسەر دراوە لەلایەن وڵاتی یابان-ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەماوەی دوو ساڵدا ئەو پڕۆژەیە بڕیارە تەواو بێت و ئاوی هەولێر پاڵاوتنی بۆ دەکرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ڕێکخراوی ستۆپ پێیوایە دیاریکردنی سیستمێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، هاوکاردەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.[1]
دەشڵێت: پێویستە ڕێنمایی دەستەی ژینگە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ دانانی یەکەی چارەسەرکردنی ئاو جێبەجێبکرێت. حکومەتیش خۆی پڕۆسەی دانانی یەکەی چارەسەرکردنی ئاو خێراتر بکات.