کەریمی کاکە سووری ناسراو بە کەریم خاڵدار لە زستانی ساڵی 1335ی هەتاوی وەک زۆربەی زۆری بنەماڵەکانی دیکەی کوردستان لە بنەماڵەیەکی هەژار و دەست کوورت لە شاری #مەهاباد# لە دایک بووە. خوێندنی تا پۆلی 4ی ناوەندی هەر لەو شارە تەواوکردووە و پاشانیش لەبەر دەستکوورتی و بژیوی بنەماڵه، بە ناچار و بە پێچەوانەی ویستی خۆی دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە و خەریکی کار و کاسپی بووە. بەهۆی خوالێخۆشبووی باوکییەوە کە یەکێک لە پێشمەرگەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بووە لە چۆنییەتی پیکهاتن و ڕووخانی کۆماری کوردستان زانیاری بە دەست هێناوە. کەم و زۆر ئاگای لە خەباتی چەکدارانەی 46 و 47 بووە. لە ساڵی 1353 لە لەگەڵ شەهید سەید عومەری عینایەتی کە ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو و دواتر بە دەستی ڕێژیمی پەهلەوی شەهید کرا، ئاشنا بووە و لەو ڕێگایەوە توانیویەتی زیاتر حیزبی دێموکرات و خەباتەکەی بناسێ و وەک لایەنگرێکی ئەو حیزبە تێکۆشانی دەستپێکردووە.
ساڵی 1355 لەسەر داوا و فشاری بنەماڵەکەی لەگەڵ کۆمەڵیک لاوی مەهابادی و ناوچەی موکریان چووە بۆ سەربازی و هەر لە ئاخرەکانی ئەو ساڵەدا بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ڕیژیمی پەهلەوی فڕۆکەیەکی شەرکەڕی جۆری F 14ی لە پایەگای 8 می شکاری ئیسفەهان تەقاندۆتەوە و بەو تاوانەش گیراو کەوتە بەندیخانە. لەپاش دوو جار محاکەمە جاری یەکەم بە ئیعدام و پاشان بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درا و تا سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە بەندیخانەی قەجەر لە تاران ماوەتەوە. پاش ڕزگار بوون، گەڕاوەتەوە کوردستان. لە دوای ئاشکرا بوونی خەباتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، وەک ئەندام لەو حیزبەدا دەستی بە تێکۆشان کردووە و لە ماوەی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەیدا ئەو ئەرکانەی خوارەوەی بە ئەستۆ گرتووە.
1-بەرپرسی دەستەیەک پێشمەرگە لە شەری دژ بە کوردی #نەغەدە# بەهاری 1358
2-فەرماندەی دەستەیەک پێشمەرگە لە شەر دەگەل جاشە مەنگوڕەکاندا هاوێنی ساڵی 1358
3 -فەرماندەی 2 دەستە لە پێشمەرگەکانی ناوچەی مەهاباد لە شەرەکانی #سەقز# دا
4 -فەرماندەی 2 دەستە لە پێشمەرگەکانی ناوچەی مەهاباد، لە جەبهەی میاندواو مەهاباد.
5 -یەکێک لە فەرماندەی شەرەکانی مەهاباد و دەوروبەری پایزی 1358
6 -فەرماندە عەمەلیاتی گرتنەوەی شاری مەهاباد پایزی 1358
7 فەرماندەی لکی 3 ی هێزی پێشەوا.
8 -فەرماندەی بەشێک لەشەرەکانی شاری #سنە# و کامیاران و نەوسوود و پاوه، بەهاری ساڵی 1359
9 -یەکێک لە فەرماندەی شەرەکانی نێو شاری مەهاباد و دەوروبەری پایزی ساڵی 1359
10 -فەرماندەی بەشێک لە شەرەکانی ناوچەکانی شاروێران و شامات و چۆمی مەجیدخان.
11 -فەرماندەی 2 لک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشەواو هێزی ئاواره، بۆ مەئموریەت و شەرەکانی ناوچەی شیمالی کوردستان: تەرگەوەڕ و مەرگەوەر و سۆماو برادۆست و #سەڵماس#.
12 -فەرماندە عەمەلیاتی هێزی پێشەوا.
13 -لە دوای شەهید بوونی کاک هەژار (ئەحمەدی جاویدفەڕ) بۆ ماوەیەک فەرماندەی هێزی پێشەوا.
14 -فەرماندە عەمەلیاتی هێزی ئاواره.
15-یەکێک لە فەرماندەکانی جەبهەی #سەردەشت# #پیرانشار#.
16 -فەرماندەی هێزی شاهۆ و داڵاهو.
بە گشتی لەو شەرانەدا 3 جار بریندار بووە و زۆر جاریش لە نەمان ڕزگار بووە.
کەریم خاڵدار سەرەڕای ناو و ناوبانگێکی زۆر کە لە ئەنجامی بەربەرەکانیی خەڵکی کوردستان دژ بە هێرشی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لەناو خەڵکدا هەیبوو، لە ساڵی 1364 چیدی ئەندامی حیزبی دێموکرات نەمایەوە. ئەو لەم بارەوە دەڵێت: بەهۆی دژایەتی کردن لەسەر شەری تاوانبارانەی حیزبی دێموکڕات و کۆمەڵە و زۆر مەسەلەی دیکەی نێو خۆی حیزب، ڕێزەکانی حیزبم بەجێهێشت و لە کارێزەی کوردستانی باشوور نیشتەجێ بووم. لە پاش هاتنەدەرم لە حیزب لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری سیاسی دیکە کە ئەوانیش ناڕازی لەو بارودۆخەی کە ئەو کات لە ئارادا بوو ڕێکخراوێکی سیاسیمان پێک هێنا و لەو ڕێگایەش دا زۆر تێکۆشاین بەڵام بەهۆی هەلومەرجی نا لەبار و نە بوونی ئیمکانی پێویست لە ئاشکرا کردنی ئەو ڕێکخراوە خۆمان پاراست دوای ساڵێک ڕێکخراوەکەمان هەڵوەشاندەوە.
کەریم کاکە سووری ساڵی 1366 کوردستانی بەجێهێشت و لە ساڵی 1987 ی زاینییەوە وەک پەنابەر لە هۆلەند نیشتەجێ بووە. بە دوای کۆنگرەی هەشتی حیزبی دێموکرات و ئینشعابی بەشێکی بەرچاو لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، پەیوەندی بە لایەنی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران (ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر) دەگرێ و وەک بەرپرسی کومیتەی هولەند بۆ ماوەی 6 ساڵ کاری کردووە بەڵام بە دوای تێکەڵبوونەوە لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئامادە نەبووە درێژە بە ئەندامەتی خۆی بدات.