لە چوار مانگی رابردوودا بایی 690 ملیۆن دۆلار کاڵا لە کرماشانەوە هاوردە کراوە
📊 ئامار و راپرسی
خەلیل حەیدەری، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پارێزگای
کرماشانکرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند یەک ملیۆن و 340 هەزار تۆن کاڵا و شتومەک بە بەهای 562 ملیۆن دۆلار لە دەروازەی پەروێزخانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
خەلیل حەیدەری ئاماژەی بەوەداوە ئەو کاڵایە و بەهاکەی کە لە ماوەی ئەو چوار مانگە هاوردەکراوە، بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوو، لە رووی کێشەوە 78٪ زیادی کردووە، لە رووی بەهاشەوە 33٪ بەرزبووەتەوە.
بە گوتەی حەیدەری، دەروازەی پەروێزخان قەرەباڵخترین دەروازەی بازرگانیی نێوان پارێزگای کرماشان و هەرێمی کوردستان بووە. دوای پەروێزخانیش زۆرترین کاڵا و شتومەک لە دەروازەی بازرگانیی شێخ سڵە (پشتە) هەناردەکراوە بەوپێیەی 226 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 115 ملیۆن دۆلار لەو دەروازەیە هەناردەکراوە.
بەڕێوەبەری گشتی گومرکی پارێزگای کرماشان هەروەها رایگەیاند لە دەروازەی شۆشمی 124 هەزار تۆن کاڵا بە بەهای 13 ملیۆن دۆلار لە پارێزگای کرماشانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
حەیدەری رایگەیاند بە گشتی لە چوار مانگی رابردوودا بایی 690 ملیۆن دۆلار کاڵا هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە و زیاترین ئەو کاڵایانەش کە هەناردەکراون بریتی بوون لە تەماتە، دۆشاوی تەماتە، پەنیر و ئامێری فێنککەرەوە (موبەڕیدە) و رۆنی پیشەسازی.
لە ساڵی رابردووی هەتاوی بەپێی گوتەی بایی 2.2 ملیار دۆلار کاڵا لە کرماشانەوە هەناردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
[1]