لە سەد ساڵەی پەیماننانەی (سیڤەر 1920 - 2020) سەربەخۆیی کوردستان فاکتەری چەس...
نووسینی : غەفوور
مەخموورمەخمووری
ئەمڕۆ (10 / 8 / 2020) ؛ رۆژێکی گرنگ و دیرۆکییە لە مێژووی گەلی کوردستاندا، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی (سیڤەر)دا تێپەڕدەبێت، لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا لە (10 / 8 / 1920) پەیماننامەی سیڤەر مۆڕکرا، لەو پەیماننامەیدا کۆمەڵێ ماف کە پەیوەست بوو بەداهاتووی کورد بۆ گەلی کوردستان دیارکرا، بەڵام دواتر پەیماننامەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا و خەونەکانی گەلی کوردستانیش لەباربران، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا و دوای سەد ساڵ کورد بە هیواوە سەیری ئەو پەیماننامەیە دەکەن.
بێگومان بەدرێژایی مێژوو گەلی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان و بەرخوداندا بووە لەپێناو وەدەستهێنانی مافە رەواکانی خۆیدا و، لەهەمان کاتدا لە زۆر لاوەش زوڵمی گەورە لە کورد کراوە، گەورەترین زوڵمی مێژووییش کە لە گەلی کوردستان کرابێت رێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ) بوو لە ساڵی 1916دا، دوای ئەوەی کوردستان لە ئەنجامی شەڕی چاڵدێران دابەشی سەر هەردوو ئیمراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوەی کرا، جارێکی دیکە و سەرلەنوێ کوردستان بەپێی رێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ) دابەشی سەر (عێراق و تورکیا و سوریا و ئێران) کرا، راستە ئەو ریکەوتننامەیە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا زوڵمیکی گەورەش بوو لە کورد و گەلی کوردستان کرا، بێگومان گەلی کوردستان هەر لەسەرەتاوە رێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ)ی ڕەتکردەوەو پێی ڕازی نەبوو.
دوای چوار ساڵ لە رێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ) هەوڵێک هاتە ئاراوە کە ئەویش پەیماننامەی (سیڤەر) بوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە لە بەندەکانی (62 و 63 و 64) کۆمەڵێ ماف بۆ گەلی کوردستان دیارکرابوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە دەبوایە دوای ساڵێک گەلی کوردستان وەک هەر گەلێکی دیکەی ناوچەکە خۆی خۆی بەڕێوەببات و، دواتر هەوڵبدات لەسەر خاکی خۆی بینای وڵاتی خۆی بکات و، هەوڵ بدات وەک چۆن لە رابردوودا رۆڵێکی کارای هەبووە لە بیناکردنی شارستانییەتی ناوچەکەدا بەهەمان شێوە لەداهاتوودا رۆڵێک ببینێت لە بیناکردنی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەداخەوە ئەو پەیماننامەیە جێبەجێنەکرا و، ئەوە بوو پەیماننامەی لۆزان لەساڵی 1923 کە هاتە پێشەوە ئەو پەیماننامەیە ئەو خەونەی کوردی لەباربرد کە لە سیڤەر بەرنامەڕێژی بۆ کرابوو، جارێکی دیکە لە (لۆزان) زوڵم لە گەلی کوردستان کرایەوە، کەمالییەکان زوڵمێکی گەورەیان لەگەلی کوردستان کرد کە مافی رەوای گەلی کوردستانیان نەدا و، نەیانهێشت ویلایەتی موسڵ خۆبەڕێوەبەری رابگەیەنێ، دواتر کە ویلایەتی موسڵ لەساڵی 1925 کە بەعێراقی عەرەبییەوە لکێندرا جارێکی دیکە ئەو خەونەی کورد لەباربرا.
ئێمە ئەگەر تێبینی بکەین لەماوەی سەد ساڵی رابردوودا، کە پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێنەکرا، ئەوە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە تائێستاکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەکە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و شەڕو خوێنڕشتن لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا درێژەی هەبێت، جێبەجێکردنی پەیماننامەی (سیڤەر) فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هێمنی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناڤین و بگرە جیهانیشدا، بێگومان پێویستە هەموو لایەک ئەو راستییە بزانن کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و گەیشتنی گەلی کوردستان بەمافە رەواکانی خۆی گەورەترین فاکتەری چەسپاندنی هێمنی و ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، تەنها و تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانرێ ئەو هێمنی و ئارامییەی کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەیخوازێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێ و وەدەست بهێنرێت، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان فاکتەری چەسپاندنی ئاشتی و ئارامییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەگەر ئێمە تێبینی بکەین دەبینین کە ئەو پەیماننامە گرنگەی سیڤەر جێبەجێ نەکراوە، ئەوە هۆکاری سەرەکی بووە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت، ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ نەتەوەیەکی زیاتر لە (50) ملیۆن مرۆڤ لەهەموو مافێکی خۆی بێبەشکراوە و، لەلایەن چوار دەوڵەتی ناوچەکە (عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا) دەچەوسێندرێتەوەو مافەکانی پێشێل دەکرێت، بۆیە لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە جارێکی دیکە هەوڵبدات بۆ زیندووکردنەوەو کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و، هاوکار بێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت.
بۆ زیندووکردنەوەو کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر ؛ ئێمە وەکو گەلی کوردستان پێویستیمان بەوە هەیە کە لە داهاتووێکی نزیکدا بۆردێکمان هەبێت و، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و بەپەلە پێویستە (بۆردی کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی ئەو بۆردەوە کاربکەین و جارێکی دیکە ئەو پەیماننامەیە زیندووبکەینەوەو هەوڵبدەین لەو رێگەیەوە داوای مافە رەواکانی خۆمان بکەین، بۆئەمەش پێویستە هەرسێ ماددەی (62 و 63 و 64)ی پەیماننامەی سیڤەر کارا بکەینەوەو بەپێی ئەو ماددانە داوای مافە رەواکانی خۆمان بکەین، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموو تاکێکی کوردستان بەو ئاراستەیە کاربکات، لەهەمان کاتدا پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بزاڤێکی خورت بکەین، بۆئەوەی بتوانین کاریگەریمان لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش هەبێت، لەم رووەوە رەڤەندی کورد دەتوانێت رۆلێکی کارا بگێرێت، لێرەوە داوا دەکەین کەوا رەڤەندی کورد زیاتر رێکبخرێت و بەشێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو ئاڕاستەی کارو خەبات بکرێت، هەروەها لەناوخۆی کوردستانیش پێویستە هەموومان پێکەوە هەوڵبدەین و بەو ئاراستەیە کاربکەین، لەبەرئەوەی زیندووکردنەوەی پەیماننامەی (سیڤەر) هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ نزیکبوونەوەمان لە گەیشتن بە مافە رەواکانمان.
10 / 8 / 2020
سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان
[1]YNDK