نووسینی : غەفوور #مەخموور#ی
ئەمڕۆ (10- 08 - 2020) ؛ ڕۆژێکی گرنگ و دیرۆکییە لە مێژووی گەلی کوردستاندا، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی (سیڤەر)دا تێپەڕدەبێت، لە ڕۆژێکی وەکوو ئەمڕۆدا لە (10-08-1920) پەیماننامەی سیڤەر مۆرکرا، لەو پەیماننامەیدا کۆمەڵێک ماف کە پەیوەست بوو بەداهاتووی کورد بۆ گەلی کوردستان دیارکرا، بەڵام دواتر پەیماننامەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکرا و خەونەکانی گەلی کوردستانیش لەباربران، لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا و دوای سەد ساڵ کورد بە هیواوە سەیری ئەو پەیماننامەیە دەکەن.
بێگومان بەدرێژایی مێژوو گەلی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان و بەرخوداندا بووە لە پێناو وە دەستهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیدا و، لە هەمان کاتدا لە زۆر لاوەش ستەمی گەورە لە کورد کراوە، گەورەترین ستەمی مێژووییش کە لە گەلی کوردستان کرابێت ڕێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ) بوو لە ساڵی 1916دا، دوای ئەوەی کوردستان لە ئەنجامی شەڕی چاڵدێران دابەشی سەر هەردوو ئیمراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوەی کرا، جارێکی دیکە و سەرلەنوێ کوردستان بەپێی ڕێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ) دابەشی سەر (ئێراق و تورکیا و سووریا و ئێران) کرا، ڕاستە ئەو ڕێکەوتننامەیە بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ئەو ناوچەیە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا ستەمیکی گەورەش بوو لە کورد و گەلی کوردستان کرا، بێگومان گەلی کوردستان هەر لە سەرەتاوە ڕێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ)ی ڕەتکردەوەو پێی ڕازی نەبوو.
دوای چوار ساڵ لە ڕێکەوتننامەی (سایکس - پیکۆ) هەوڵێک هاتە ئاراوە کە ئەویش پەیماننامەی (سیڤەر) بوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە لە بەندەکانی (62 و 63 و 64) کۆمەڵێک ماف بۆ گەلی کوردستان دیارکرابوو، بەپێی ئەو پەیماننامەیە دەبوایە دوای ساڵێک گەلی کوردستان وەک هەر گەلێکی دیکەی ناوچەکە خۆی خۆی بەڕێوەببات و، دواتر هەوڵبدات لەسەر خاکی خۆی بینای وڵاتی خۆی بکات و، هەوڵ بدات وەک چۆن لە ڕابردوودا ڕۆڵێکی کارای هەبووە لە بیناکردنی شارستانییەتی ناوچەکەدا بە هەمان شێوە لە داهاتوودا ڕۆڵێک ببینێت لە بیناکردنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و پێشکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام بەداخەوە ئەو پەیماننامەیە جێبەجێنەکرا و، ئەوە بوو پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 کە هاتە پێشەوە ئەو پەیماننامەیە ئەو خەونەی کوردی لەباربرد کە لە سیڤەر بەرنامەڕێژی بۆ کرابوو، جارێکی دیکە لە (لۆزان) ستەم لە گەلی کوردستان کرایەوە، کەمالییەکان ستەمێکی گەورەیان لەگەڵی کوردستان کرد کە مافی ڕەوای گەلی کوردستانیان نەدا و، نەیانهێشت ویلایەتی موسڵ خۆبەڕێوەبەری ڕابگەیەنێ، دواتر کە ویلایەتی موسڵ لە ساڵی 1925 کە بەئێراقی عەرەبییەوە لکێنرا جارێکی دیکە ئەو خەونەی کورد لەباربرا.
ئێمە ئەگەر تێبینی بکەین لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا، کە پەیماننامەی سیڤەر جێبەجێنەکرا، ئەوە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە تا ئێستاکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو ناوچەکە هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و شەڕ و خوێنڕشتن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا درێژەی هەبێت، جێبەجێکردنی پەیماننامەی (سیڤەر) فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و هێمنی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بگرە جیهانیشدا، بێگومان پێویستە هەموو لایەک ئەو ڕاستییە بزانن کە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان و گەیشتنی گەلی کوردستان بەمافە ڕەواکانی خۆی گەورەترین فاکتەری چەسپاندنی هێمنی و ئارامییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، تەنیاوتەنیا لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێ ئەو هێمنی و ئارامییەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەیخوازێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بچەسپێ و وە دەست بهێنرێت، واتە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان فاکتەری چەسپاندنی ئاشتی و ئارامییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەگەر ئێمە تێبینی بکەین دەبینین کە ئەو پەیماننامە گرنگەی سیڤەر جێبەجێ نەکراوە، ئەوە هۆکاری سەرەکی بووە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین هێمنی و ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت، ئەمەش شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ تەواوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە ئەمڕۆ نەتەوەیەکی زیاتر لە (50) ملیۆن مرۆڤ لە هەموو مافێکی خۆی بێبەشکراوە و، لە لایەن چوار دەوڵەتی ناوچەکە (ئێراق و ئێران و تورکیا و سووریا) دەچەوسێندرێتەوەو مافەکانی پێشێل دەکرێت، بۆیە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە جارێکی دیکە هەوڵبدات بۆ زیندووکردنەوە و کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر و، هاوکار بێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێت.
بۆ زیندووکردنەوە و کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر ؛ ئێمە وەکوو گەلی کوردستان پێویستیمان بەوە هەیە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆردێکمان هەبێت و، وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و بەپەلە پێویستە (بۆردی کاراکردنەوەی پەیماننامەی سیڤەر) دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لە ڕێگەی ئەو بۆردەوە کاربکەین و جارێکی دیکە ئەو پەیماننامەیە زیندووبکەینەوە و هەوڵبدەین لەو ڕێگەیەوە داوای مافە ڕەواکانی خۆمان بکەین، بۆ ئەمەش پێویستە هەرسێ ماددەی (62 و 63 و 64)ی پەیماننامەی سیڤەر کارا بکەینەوە و بەپێی ئەو ماددانە داوای مافە ڕەواکانی خۆمان بکەین، لەو پێناوەشدا پێویستە هەموو تاکێکی کوردستان بەو ئاڕاستەیە کاربکات، لە هەمان کاتدا پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بزاڤێکی خورت بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین کاریگەریمان لەسەر ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانی دیکەش هەبێت، لەم ڕووەوە ڕەڤەندی کورد دەتوانێت ڕۆڵێکی کارا بگێرێت، لێرەوە داوا دەکەین کەوا ڕەڤەندی کورد زیاتر ڕێکبخرێت و بە شێوەیەکی ئۆرگانیزەکراو ئاڕاستەی کار و خەبات بکرێت، هەروەها لە ناوخۆی کوردستانیش پێویستە هەموومان پێکەوە هەوڵبدەین و بەو ئاڕاستەیە کاربکەین، لەبەر ئەوەی زیندووکردنەوەی پەیماننامەی (سیڤەر) هۆکارێکی گرنگ دەبێت بۆ نزیکبوونەوەمان لە گەیشتن بە مافە ڕەواکانمان.
10 / 8 / 2020
سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان [1]YNDK