میرنشینی #سۆران# (1399-1835) حکومەتێکی کوردی بوو کە لە 1816دا سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند و لە ساڵی 1835دا بەدەستی هێزەکانی عوسمانی تێکچوو. میرنشینی سۆران
دامەزراندنی میرنشینی سۆران لە لایەن کوردێکەوە بوو ناوی کەڵۆس بوو. کەڵۆس کوردێکی گەلێک ناودار بووە. لە سەردەمی میر مستەفادا بارودۆخی میرنشینی سۆران گەشە دەکات و خۆش دەبێت. میر مستەفا لە ساڵی 1813دا دەسەڵاتی میرێتی دەداتە دەستی کوڕەکەی خۆیەوە کە ناوی میر محەمەد بووە، میرمحەمەد پیاوێکی هۆشیار و زیرەک بووە، زۆر بەناوبانگ بووە، ئەم میر محەمەدە زیاتر بە پاشا کوێرە بەناوبانگ بووە.
میر محەممەد کاروباری میرێتی دەکاتە دوو بەشەوە:
چارەسەرکردنی شەڕ و گێرەوکێشەی ناوخۆیی.
خەبات لە پێناوی بەرفراوانکردنی میرنشینی سۆراندا. میرمحەمەد پاشا کۆرە پاش تێپەڕ بوونی سێ ساڵ بەسەر میرێتییەکەیدا، واتە لە ساڵی 1816دا کارخانەیەکی چەکی لە کاولان کە نزیکی ڕەواندزە دروست کرد.
لەو کارخانەیەدا، شمشێر تفەنگ و گوللە و تۆپ و چەرخی تۆپ و... هتد درووست دەکران.
پاش ئەوەی میر سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند و دەستی دایە خەباتی بەرفراوانکردنی سنووری میرنشینیی خۆی و ئۆردووگایەکی سەربازیی لە 30000 (سی هەزار) سەرباز درووست کرد، لەوانە 10000 (دە هەزار) ی سوارە و 20000 (بیست هەزار) یشی پیادە بوون.
لە ساڵی 1833دا سنووری میرنشینیی سۆران گەلێک بەرفراوان بوو. لە باکوورەوە دەگەیشتە جزیرە و لە باشووریشەوە تاکوو زێی بچووک و لە لایەکی تریشەوە دەگەیشتە سنووری میرنشینی بۆتان.
میرمحەمەد بۆ بەڕێوەبردنی میرنشینیی خۆی، سیستێمێکی دانا. لە سیستێمەکەیدا خەزێنەیەکی سێ بەشیی پێک هێنا:
بەشی ماڵ و مڵکی تایبەتیی میر.
بەشی داهات و باج.
بەشی دارایی و فەرمانڕەوایی و شارەکان و..
میرمحەمەد لە ساڵی 1830دا لەشکرێکی مەزنی بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم پاشا، دژی سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی ناردە سەر سووریا و لە لایەکی تریشەوە لەشکرێکی تری بە سەرۆکایەتیی میرموراد ناردە ئێران و ئەو ناوچانەی کوردیان تیا دەژیا.
میر لە ساڵی 1834دا پەیمانێکی ئاشتیی لەگەڵ ئێراندا مۆر کرد.
دەوڵەتی عوسمانیش هەردەم خەریکی پلانی هێرش بردنە سەر میرنشینی سۆران بوو، بەڵام هەر سەر نەدەکەوت.
لە ساڵی 1836دا عوسمانییەکان بە سەرۆکایەتیی ڕەشید پاشا، هێزێکی گەورە و گرانیان ناردە سەر میرنشینی سۆران و شەڕێک قورس بەرپا بوو. لە دواییدا هێزی عوسمانی توانیی دەوروبەری میرنشینیی سۆران بگرێ.
دوایی میرمحەمد خۆی چوو بۆ ئەستەمووڵ. سوڵتان مەحموودی دووەمی عوسمانی میری ئازاد کرد، بەڵام لە گەڕانەوەدا بۆسەیەکیان بۆ دا نا و بە نامەردی میرمحەمەد پاشا کۆرە یان کوشت و دواتر خاتوو خانزادی خوشکی بووە میری سۆران و هەقی میر محەمەدی سەندەوە و پاش چەند پلانێک میرنشینیی سۆرانیان هەڵوەشاندەوە.
سنووری میرنشینی سۆران
سەرچاوەکانی مێژووی ئیسلامی ئاماژە بە زاراوەی سۆران دەکەن و دەڵین: (الصهران – السهران بلاد الصهریە). و کۆنترین دەقی مێژوویی کە ناوی سۆرانی تێدا هاتنبێت ئەم دەقەیە مسالک الایصار هەروەها لە (صبح الاعشی) دا باسی سۆرانی کراوە. ئەمڕۆ ئەگەر بمانەوێت سنوری ئەم ناوچانە دیاری بکەین کە بە سۆران ناسراوە، زۆر جار تەنها ڕەواندزی بەدەستەوە ماوە هەندێ جار سنووری دەسەڵاتی میرنشینەکانی دراوسێشی خستۆتة ژێر ڕکێفی خۆی و گرتوویەتی. بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەتوانیین بڵێین ئەم شوێنانەی لەماوەی (400) ساڵی دەسةڵاتی (سۆران) باڵا دەستی هەبووە و ئەوان بە موڵکی خۆیان زانیوە بریتییە لە (ڕەواندوز، هاودیان، خەلیفان، هەریر، شەقڵاوە، #هەولێر#، کۆیە (قەزا)، سماقولی).
سنوری ژووروی سۆران خۆی دەدا لە#هەکاری# و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە خوارووشەوە ئەگەیشتە میرنشینی بابان. هەر وەکوو ساڵح محەمەدامین دەڵێ سنووری دەسەڵاتی میرایەتی سۆران لە نێوان هەردوو زێی گەورە دابووە و هاوسنووربوو لەگەڵ میرنشینی بابان لە لایەک لەگەڵ میرنشینی بادینان لە لایەکی ترەوە.[1]