چیرۆکی وان و پێڵاوی ڕەشک
رەشک یەکێکە لە بەرهەمە گرنگەکانی کولتور و نەریتی دێرینی کورد و لە کارگە بچووکەکەی مەجید ئەمەن لە وان دروست دەکرێت. ئەمەن وتی، دەیەوێت ئەو کولتور و نەریتە بگوێزێتەوە بۆ نەوەی نوێ.
پێڵاوی رەشک لە کولتوری کورددا پێگەیەکی گرنگی هەیە. جگە لە تورکیا لە دەرەوەی وڵاتیش دەفرۆشرێت. پێڵاوی رەشک لە کولتور و نەریتێکی کۆنەوە ماوەتەوە و تەنها لە وان و لە یەک شوێندا دروست دەکرێت. موی بزن و بەن بۆ دروستکردنی پێڵاوی رەشک بەکار دەهێنرێت و تەنها لە گوندەکانی ناوچەی بازید و ئیدر دا دەست دەکەون.
وەستای پێڵاوی رەشک مەجید ئەمەن ماوەی 15 رۆژ کار لەسەر پێڵاوەکان دەکات و دواتر پێڵاوی رەشک دروست دەکات. مەجید ئەمەن لە کارگەکەی هەم پێڵاو دروست دەکات و هەم چاکیان دەکاتەوە.
مەجید ئەمەن ماوەی 32 ساڵە لە کارگە بچووکەکەیدا کاری دروستکردنی پێڵاوی رەشک دەکات و بڕیاریداوە و پێداگرە لەسەر ئەوەی کولتوری پێڵاوی رەشک لەناو نەچێت.
لەبارەی دروستکردنی پێلاوی رەشکەوە مەجید ئەمەن وتی ئێمە پێڵاوی رەشک بە تەواوی بە دەست دروست دەکەین. لەبەر ئەوەش بە ژمارە کەمیان لێدروست دەکرێت. پێڵاوی رەشک لە بەربوومە سروشتییەکان دروست دەکرێت و بۆ تەندروستیش سوودی هەیە. ئێمە دەمانەوێت پێڵاوی رەشک زۆر زیاتر لەوەی هەیە دروست بکەین.

مەجید ئەمەن
ئەمەن رایگەیاند، ماوەی 32 ساڵە کاری دروستکردنی پێڵاو دەکات و راشیگەیاند ئێمە لەم هەرێمەدا پێڵاوی رەشک دروست دەکەین، پێشتریش باو و باپیرانمان ئەم کارەیان کردووە. ئەوە میراتێکی کولتوری و کەلەپوریی ئێمەیە و لە وان و تورکیا و دەرەوەی وڵات دەفرۆشرێت. ئێستا کارەکەمان قورسە، وەک هەموو کەرەتەکان ئێستا کارەکانمان بە قورسی و دژواری بەرەوپێش دەچێت. قەیرانی هەموو کەرەتەکان کاریگەریی لەسەر ئێمەش دروستکردوە. هاووڵاتییانمان بۆ بەردەوامیدان بەم کولتورەیان پێڵاوی رەشک بە گرنگ و بە نرخ دەزانن، بۆیە پشتیوانیمان لێدەکەن بۆ دروستکردنی. ئێمە هاوکات کولتوری خۆمان دەپارێزین. من ئێستاش ئەو بڕیارەی خۆم دووبارە دەکەمەوە، کە ئەویش بەردەوامیدان و دروستکردنی پێڵاوی رەشک و پاراستن و گواستنەوەیەتی بۆ نەوەی نوێ.
[1]