ئاوەڕۆی هەولێر، ژینگە و خاکی دووچاری مەترسی دەکاتەوە
بەگوێرەی بەدواداچوونی رێکخراوێکی کۆمەڵی مەدەنی، ئاوەڕۆی
هەولێرهەولێر لە چەند ساڵی داهاتوودا کێشەی گەورە بۆ ژینگە و خاکی شارەکە دروستدەکات، رێکخراوەکە دەڵێت: ئەگەر لەچەند ساڵی داهاتوودا ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەرنەکرێت، جۆرەها مادەی زیانبەخش لە چەند شوێنێکی هەولێر دەردەکەون.
چەندین ساڵە لە هەولێر گرفتی چارەسەرنەکردنی ئاوی ئاوەڕۆ و قورس، سەریهەڵداوە و بەردەوامیی هەیە.
لە چەند ناوچەیەکیش دەرئەنجامە خراپەکانی دەرکەوتوون. ئەمەش لە چوارچێوەی راپۆرتی رێکخراوێکدا لە ژێر ناونیشانی (چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ لە شاری هەولێر-ئاستەنگ و ئاسۆ) بە روونی تیشکی خراوەتەسەر.
خەتاب عەزیز، بەرپرسی توێژینەوە و راپرسی لە رێکخراوی ستۆپ و ئامادەکاری راپۆرتەکە راگەیاند: ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر و چەند ناوچەیەکی دیاریکراو، دیارترینیان تورەق و مامزاوا، بە روونی کاریگەرییە خراپەکانی بەشێوەی جۆراوجۆر هەستپێدەکرێت و دەرەنجامی خراپی لێکەوتووەتەوە.
خەتاب عەزیز لە بارەی کاریگەرییە خراپەکانی کۆبوونەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، وتیشی: بۆ ساڵانی داهاتوو زۆر بە زەقی شوێنەوار و کاریگەرییەکانی دەردەکەون، تا ئەو رادەیەی لە چەند دەیەی داهاتوودا هەولێر شارێک دەبێت لە ئاوەڕۆ یاخود شارێکی سەرئاوەڕۆ کەوتوو دەبێت، رێژەیەکی زۆری فۆسفات و نیترون، دێنە سەر زەوی، لەو کاتەیشدا هیچ کشتوکاڵ و بەرهەمێکی سروشتی ناڕوێت.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەیش، رێکخراوەکە پێشنیاری دانانی یەکەی چارەسەرکردنی ئاوی کردووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئاوی ئاوەڕۆ و بەکارهاتووی هەولێر بە رێگای تەکنیکی دووبارە چارەسەربکرێت و بەکاربهێنرێتەوە.
لەمباریەوە خەتاب عەزیز وتی: دانانی یەکەی چارەسەری ئاو، تاکە رێگەیە بۆ دەربازبوون لەو کێشەیە، ئێستا بەگوێرەی رێنمایی ژمارە (1)ی ساڵی 2013ی دەستەی ژینگە، پێویستە هەموو پڕۆژەکانی وەبەرهێنان یەکەی چارەسەری ئاو دابنێن، بەڵام رێژەیەکی زۆر کەم نەبێت پڕۆژەکانی وەبەرهێنان پابەندی ئەو رێنماییە نەبوون.
لەبارەی هۆکاری پابەندنەبوونەکەیش وتی: بەوپێیەی ئەو پارەیەی وەک پێبژاردن دانراوە، کەمە. بۆیە خاوەنی پڕۆژەکان لەجێی ئەوەی پابەندی بەکارخستنی یەکە چارەسەرییەکەی ئاو بن، پێبژاردنەکە دەدەن.
پێشتر لەکاتی خوێندنەوەی کارنامەی خۆیدا، فرسەت سۆفی، پارێزگاری نوێی هەولێر رایگەیاند: ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی پیشانداوە لەسەر قەرزێکی یابانی کە بڕەکەی 288 ملیۆن دۆلارە بۆ پاڵاوتنی ئاوی قورسی پارێزگای هەولێر، ئەو پڕۆژەیەیش لە عێراق رەزامەندیی لەسەر دراوە لەلایەن وڵاتی یابان-ەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لەماوەی دوو ساڵدا ئەو پڕۆژەیە بڕیارە تەواو بێت و ئاوی هەولێر پاڵاوتنی بۆ دەکرێت بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە.
لە کۆتایی راپۆرتەکەدا و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، رێکخراوی ستۆپ پێیوایە دیاریکردنی سیستمێکی دیاریکراو بۆ چارەسەرکردنی ئاوەڕۆ و تەرخانکردنی بودجەی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە، هاوکاردەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
[1]
دەشڵێت: پێویستە رێنمایی دەستەی ژینگە بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان بۆ دانانی یەکەی چارەسەرکردنی ئاو جێبەجێبکرێت. حکومەتیش خۆی پڕۆسەی دانانی یەکەی چارەسەرکردنی ئاو خێراتر بکات.