ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا 20% زیادیکردووە
تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان دەروازەی ئەوروپایە و نەوتی کوردستان لەرێگەی بۆرییەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێشەوە دەنێردرێت بۆ کڕیارانی لەسەرانسەری جیهاندا.
لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان دەروازەی تورکیایە بۆ ناوەڕاست و باشووری عیراق و تەنانەت وڵاتانی کەنداو. هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی کراوەبوون بەرووی کاری بازرگانیدا وایکردووە بازرگانان و کۆمپانیا تورکییەکان بەشدارییەکی کارا لە هەموو کەرتە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن.
زۆربەی ئەو بازرگانانەی ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەهاوبەشی لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دەستیان بە دانانی کارگە و کاری بازرگانی کردووە و بەو هۆیەشەوە هۆکار بوون بۆ بەرزکردنەوەی گەشەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
قەبارەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە ساڵی 2013 دا گەیشتە لووتکەی خۆی و بەرزبووەوە بۆ 12 ملیار دۆلار. لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا بڕیاریانداوە دەروازە بازرگانییەکانی خۆیان زیادبکەن.
لە دوو مانگی ڕابردوودا بەهۆی ڕەوشی باشووری عێراق و خۆپێشاندانەکان، ڕەوتی ئابووریی نێوان عێراق و تورکیا گواستراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل تەنیا دەروازەی بازرگانیی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان و عێراق بەرێژەی سەدا 20 زیادیکردووە.
[1]