ڕاپۆرتی لیژنەیی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان
بەپێی بەدواداچوونی لێژنەیەکی پەرلەمانی بۆ خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە چەندین کاری نایاسایی لەو دەروازانە دەکرێ، وەکو داخڵکردنی ئەو کاڵا و کەرەستانەی ماوەی بەسەرچوونیان نزیک بووەتەوە، یان داخڵکردنی بەنزین بەبێ پشکنین.
ئەو لێژنە پەرلەمانییە کە لە شەش ئەندامی پەرلەمان پێکدێن و ئەندامانی لێژنەکانی دەستپاکی و کاروباری پەرلەمان و سکاڵان، لە ڕۆژی 11-09-2019 دوو لێژنەی لاوەکییان پێکهێناوە بۆ سەردانی کۆمەڵگەکانی (
حاجی ئۆمەران، پەروێزخان، باشماخ و ئیبراهیم خەلیل).
دوو لێژنە لاوەکییەکە دوای بەدواداچوونیان بۆ کاروباری خاڵە سنوورییەکان گەیشتوونەتە چەند ئەنجامێک، لەوانە: ژمارەیەک کۆمپانیای کەرتی تایبەت لەو خاڵە سنوورییانە ئیش دەکەن نازانرێ ژمارەیان چەندە، بەشێک لە ئیشەکان حکومەت دەتوانێ خۆی بیانکات، وەکو قەپان کە لە ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەران حکومەت خۆی سەرپەرشتی دەکات، بەڵام ئەو ئەرکە لە شوێنەکانی دیکە دراوەتە کەرتی تایبەت.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەکە، لە خاڵە سنوورییەکان (بێجگە لە ئیبراهیم خەلیل) بیمەی تەندروستی لە گەشتیاران وەردەگیرێت، کە لە باشماخ و پەروێزخان 8000 دینارە و لە حاجی ئۆمەران 3000 دینار، بەڵام ئەو داهاتە 100% بۆ کۆمپانیاکانە و هیچی نادرێتە حکومەت.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، مانگانە زیاتر لە 34 هەزار کەس لە ڕێگەی مەرزی باشماخەوە هاتوچۆ دەکەن، 5000 دیناریان بە ناوی بیمەی تەندروستی و 3000 دیناریشیان بەناوی خبر وسوڵ لێ وەردەگیرێ کە لە مانگێکدا دەکاتە 277 ملیۆن دینار و سەرجەم ئەو داهاتە بۆ کەرتی تایبەتە.
ڕۆژانە بە هەزاران تۆن کاڵا و خۆراک لەو چوار دەروازەیە دێتە هەرێمی کوردستان، لێژنەکە تێبینی لەسەر پشکنینی ئەو خۆراک و کاڵایانە هەیە. وەک لە ڕاپۆرتەکەیاندا هاتووە: بەپێی ڕێنمایی مواسەفاتی عێراقی کە لە خاڵە سنوورییەکان کاری پێدەکرێ، دەبێ ئەو خۆراکانە ڕەتبکرێنەوە کە یەک لەسەر سێی تەمەنی بەسەرچووە، بەڵام لە خاڵی باشماخ ئەو دەسەڵاتەیان نییە خۆراکێک ماوەی بەسەرچوونی نزیک بێ ڕەتیبکەنەوە، زۆرجار لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی
سلێمانیسلێمانی تەمەنی ئەو خۆراکانە لە یەک ساڵەوە بۆ 18 مانگ درێژ دەکرێتەوە، یەک مانگ تەمەنیان دەمێنێ داخڵی بازاڕ دەکرێن.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەکە هەر کاڵایەک لە مەرزەکان لە پشکنین دەرنەچێ بازرگانەکە دەتوانێ لە مەرزە نافەرمییەکانی دیکەوە هاوردەی بکات. بۆیە لێژنەکە پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی کەلوپەلی نایاسایی و بەسەرچوو داخڵی کوردستان نەکرێ، دەبێ سنوورە لاوەکییەکان و نافەرمییەکان دابخرێن.
جگە لە کاڵا و خۆراک، ڕۆژانە سووتەمەنییەکی زۆر لە مەرزەکانەوە دێتە هەرێمی کوردستان کە دەبێ پشکنینیان بۆ بکرێ، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتی لێژنەکە، لە مەرزی باشماخ بەشێک لەو سووتەمەنییە ناپشکنرێ. وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان بۆ کردووە: ڕۆژانە 100 – 150 تانکەر سووتەمەنی لە مەرزی باشماخ نموونەیان لێوەردەگیرێ، بەڵام ڕۆژانە بە دەیان تەنکەری سووتەمەنی بەناوی مەوادی سەرەتاییەوە بە فلتەری پشکنیندا ناڕوات و دەنێردرێ بۆ
هەولێرهەولێر بۆ ئەوەی پشکنینی تایبەتی بۆ بکرێ، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە ئەو پشکنینە دەکرێ یان نا.
بەپێی یاسا هاوردنی دووگی ئاژەڵ ڕێگەپێدراو نییە، بەڵام بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە لە مەرزی باشماخ لەلایەن یەکێک لە کارمەندانی سۆنەرەوە چاوپۆشی لە تێپەڕبوونی بارێکی دووگی ئاژەڵ کراوە.
کۆمپانیای نیو ستار لە حاجی ئۆمەران و ئیبراهیم خەلیل، لوکس لە پەروێزخان و ڕەزگە لە باشماخ، بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەت پشکنین بۆ هەر کاڵایەک دەکەن کە داخڵی مەرزەکان دەکرێ، 80%ی داهاتەکەی بۆ خودی کۆمپانیاکەیە و 20%ی بۆ حکومەتە، بەڵام لە 20%ەکەش پابەند نابن. هەروەها گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە لە ڕێگەی تەندەرەوە نەبووە.
هەر پەیوەست بە کۆمپانیاکان، سەبارەت بە کۆمپانیای لۆکس لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە 10%ی داهاتەکەی بۆ
وەزارەتی داراییوەزارەتی دارایی و 10%یشی بۆ وەزارەتی پلاندانان دەبێ، بەڵام بەهۆی کێشەی ژمارە حیساب، تا ئێستا هیچ داهاتێکی ئەو کۆمپانیایە نەدراوەتە هەردوو وەزارەتەکە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە 30 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێرانی بە ناوی ڕێگەپێدان لەلایەن ئاسایش و نشینگەی سلێمانییەوە وەردەگیرێ، بەڵام بەبێ ئاگاداری وەزارەتی دارایی و ئابووری. هەروەها 5 هەزار دینار لەلایەن ئاسایش و نشینگەی سلێمانی لە گەشتیارانی ئێرانی وەرگیراوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی هەبێ.
لێژنە پەرلەمانییەکە پێشنیازی کردووە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت لە مەرزەکان ڕێک بخرێنەوە، بەشێک لەو کۆمپانیایانە پێویست نین و لە ڕوانگەی داراییەوە تەنیا بارگرانین بەسەر هاووڵاتیانەوە، حکومەتیش لە داهاتەکانیان سوودمەند نابێ.
لێژنەکە هەروەها پێشنیازی کردووە کارەکانی کۆمپانیاکانی (نیو ستاندارد، ڕەزگە و لۆکس) بکەونە ژێر ڕکێفی حکومەتەوە، چونکە زۆرجار کارمەندی کۆمپانیاکان لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیل چاوپۆشی لە کاڵای تەزویر دەکەن، لە ئەنجامی بەدواداچوون ڕوون بووەتەوە کە چەندین فەرمانبەری کۆمپانیاکان سزاکەیان تەنیا دوورخستنەوە بووە لە کارەکەیان.
بە فەرمانی وەزارەتی دارایی و بە نووسراوی ژمارە 12414، لە ڕۆژی 10-07-2019 لە مەرزی باشماخ 300 هەزار کارتۆن هێلکە کە قەدەغەکرابوو داخڵکراوە.
شیرین کاوە
گەرمیانگەرمیانی، سەرۆکی لێژنەی دەستپاکی و کاروباری پەرلەمان و سکاڵا ڕاگەیاند: ئێمە ئەو ڕاپۆرتەمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان بە دەست نەگەیشتووە.
[1]