دوای ئەوەی بەهۆی بێ هەڵوێستییەوە بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک، حکومەتی نەرویج ڕەخنەی لێ گیرابوو، ڕاوێژکار هالڤۆرسەن وەک وڵامێک بۆ ئەو ڕەخنانە ڕایگەیاند هێرشەکانی سوپای تورک زیان بە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش دەگەیەنێت.
عدنان عەزیز وتەبێژی ڕۆژنامەوانی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردانی دیموکراتیک-ی نەرویج لە 07-11-2019 لە ڕۆژنامەی Dagavisen داگاڤیسن وتارێکی نووسیبوو تیایدا ڕایگەیاندبوو کە حکومەتی نەرویج لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ناچالاکە.
وەک وڵامێک بۆ ئەو ڕەخنانە ئاودون هالڤۆرسەن ڕاوێژکاری حکومەتی نەرویج لە هەمان ڕۆژنامە و لە ماڵپەری فەرمی حکومەتدا وەڵامەکەی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئەوان هێرشی داگیرکەران شەرمەزار دەکەن و دەبێت تورکیا هێرشەکان بوەستینێت، سەربازەکانی بکشێنێتەوە و بەپێ یاسای نێودەوڵەتی بجوڵێتەوە.
هالڤۆرسەن هەورها لە وڵامەکەیدا ڕایگەیاندووە ئەو ئۆپەراسیۆنانە ناسەقامگیری لە ناوچە زیاتر دەکەن و زیان بە پڕۆسەی بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش دەگەیەنن.
ناوبراو هەروها جەختی کردەوە کە لەبواری پیشەسازی پاراستن و بەرهەمی سەربازیدا، وەڵامی ڕاسپاردەکانی تورکیا نادەینەوە و چاو بە هەموو ڕێکەوتنەکانیشیان دەخشێنینەوە و وتی: ئێمە لەگەڵ هاوکارەکانمان لە یەکێتی ئەوروپا تورکیامان شەرمەزار کرد. لەم هەڵوێستەی خۆشمان بەردەوام دەبین.
[1]