سەرباری ئەو هەموو ناڕەزایی و هۆشداریانەی کە ئاراستەی حکومەتی تورکیا کران، بەڵام بەداخەوە ئەرتەشی ئەو وڵاتە بەبێ گوێدانە یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەروەری خاکی سوریای دراوسێی پێشێل کرد و هێرشی بۆسەر چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کرد، کە بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی سڤیل ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ بهێڵن و چەندین کەسیش کە ژن و منداڵیان تێدایە ببنە قوربانی.
ئەو لەشکرکێشیە تاک لایەنەی تورکیا بۆ سەر چەند ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کوردستان، جێگەی نیگەرانییە و داوا دەکەم دەوڵەتی تورکیا هەرچی زووە ئەو هێرشانەی ڕابگرێت و، هەوڵ بدەن کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن.
هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتێکدایە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و، شەڕی تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، هێشتا هەزاران ئاوارە و پەنابەری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان لە دەرەوەی شوێنەکانی خۆیان و وڵاتی خۆیان دەژین. پێمان وایە ئەو هێرشانە هیچ خزمەتێک بە ئاشتی ناوچەکە ناکات، بگرە کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەم، بە تایبەت وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و ڕوسیا کاری جدی بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو لەشکرکێشیە بۆ ئەوەی ناوچەکە لە ناسەقامگیری زیاتر بپاریزن.
لە هەمان کاتدا ئیدانەی هەر جۆرە هێرش و پەرلاماردانێک دەکەم کە هاوڵاتیانی سڤیل بکاتە ئامانج.[1]