پەیامێکی تر بۆ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان
برای بەرێزم کاک کۆسرەت
دووبارە سڵاوێکی گەرم
لە ناخی دڵەوە ئاوا تەخواز بووم کە ئەرکی مێژوویی سەرشانتان جێبەجێ بکردایە و تەنیا بۆ یەک جاریش بیرتان لە بەرژەوەندی یەکێتی بکردایەتەوە و بەدەنگ داواکاریەکەماندا بچوونایە و مژدەی ڕۆژی بەستنی کۆنگرەتان وەک بەنرخترین جەژنانه بە جەماوەرە چاوەڕوانەکەی یەکێتی بدایە.
بەڵام داخەکەم دیارە لەبە ڕ زۆری ئەرکەکانتان و سەرقاڵیتان نەپەرژانە سەر ئەوەی کە نە وەڵامی نامەکەم و نە داواکاری جەماوەری یەکێتی بدەنەوە. هەر بۆیەش ناچار بووم کە دووبارە لە ڕێی سۆشیال میدیاوە نامەیەکی ترتان ئاراستە بکەم.
برای بەرێزم
جەژنی قوربان وەک خۆتان لە وتاری پیرۆزبایی چەژندا ئاماژەتان پێ دابوو ناسراوە بەوەی کە ``جەژنی ئاشتی و برایەتی و قوڵبوونەوەی دۆستایەتیە `` هەر بۆیەش لەو کاتەدا نامەیەکی پڕاوپڕ لە ڕاستیم بۆ نوسین و وتم بەڵکو ئەمە خوایە وەک دوایین هەوڵ له و جەژنەدا بڕیاری کۆتایی لە کۆنگرە بدەن بۆ ئەوەی ئاشتی و برایەتی و دۆستاییەتی بگەرێتەوە ناو ماڵی یەکێتی.. بەڵام داخەکەم ئەلێن کە لێرە و لەوێ و بە ناوی بەرێزتانەوە بەشێوازێکی زۆر دوور لە بەهاکانی مرۆڤایەتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەیی و ڕۆژنامەوانی و هاورێیەتی و کوردەواری و یەکێتیانە وەڵامی نامەکەم دراوەتەوە.
برای ماندوو و شەکەتم.
خۆت باش ئەزانیت کە من له و جۆرە دار(بی) یانە نیم کە بەم جۆرە (با) یانە بلرزم و کۆڵ بدەم و پشت بکەمە جەماوەرە بێ مام و بێزارو ماندوو و نائومێد و شەکەت و بێ نان و ماف خوراو و دڵسوزە چاو چاوەڕوانەکەی حزبەکەم.
ئەگەر چی بۆ چەسپاندنی ڕۆژی کۆنگرە پێ ناچێت کە کەس چیتر چاوەڕوانی بڕیاری ئێوە و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بکات بەڵام وەک دووا هەول و پرنسیپێکی حزبیانە گەڕامەوە بۆتان و ویستم بەشێک بن لە گەورەیی ئه و بڕیارە مێژووییە و ئه و هەڵوێستەتان وەک جێگری سکرتێری مامێکی بێ وێنە لە مێژووی گەلەکەماندا تۆمار بکرێت..!! بەڵام هەزار حەیف کە ئێوە ئەوەندە لە ئێمە و لە خەڵک دوور کەوتونەتەوە کە چیتر لە زمانی یەکێتیەکان ناگەن.
هەمووان لە بیریانە کە ساڵی پار بڕیاربوو لە یادی ڕاپەرینە مەزنەکەدا واتە ڕۆژی
05-03-201805-03-2018 مژدەی ڕۆژی بەستنی کۆنگرە ڕابگەیێنرێت و لەسەرداوای بەرێزتان کە داوای چل و هەشت سەعات موڵەتتان کرد مەراسیمەکەی هۆڵی تەلاری هونەرمان تێکدا و ڕووبەرووی شەرمەزاریەکی زۆریش هاتین بەڵام لە پێناو پاراستنی یەکریزی و ڕێزگرتن لە خواستی جەنابتان دانمان بە خۆماندا گرت.. نازانم ئایا دەزانیت کە له و کاتەوە تاوەکو ئەمڕۆ چەند سەعات بەسەر ئه و وادەیە دا تێ پەریوە ؟
هەربۆ زانیاریتان، دوانزە هەزارو شەش سەد سەعات تێ پەریوە..! کە حەوت سەدو پەنجا وشەش هەزار چرکەیە و دەکاتە پنج سەدو بیست و پێنج ڕۆژ واتە زۆری ڕۆییوە و کەمی ماوە کە ببێتە چیرۆکی هەزارو یەک شەو.
ئێستا کە ئامادە نین ڕۆژی بەستنی کۆنگرە بچەسپێنن و چل و هەشت سەعات مۆڵەتەکەشتان گەیاندوتە دوانزە هەزارو شەش سەد سەعات چارمان ناچارە کە چیتر چاوەڕوانی بڕیاری بەرێزتان و کۆبونەوە نۆ ساڵ دووا کەوتوەکە نەکەین و گشت ئۆرگانەکانیتر بە پاڵپشتی جەماوەری یەکێتی دووا بڕیار لە چەسپاندنی ڕۆژی بیست و یەکی یانزەی دووهەزارو نۆزدە بدەین کە ڕۆژێکی پیرۆزە لە ساڵنامەی حزبەکەماندا.
وەک مامی گەورەشمان فەرموویەتی (یەکێتی نە کەسی لێ کەم و نەکەسیشی لێ زیادە) بێ گومان هەر هەموو ئه و هەڤالانەی کە ڕێگری لە بەستنی کۆنگرە دەکەن و له و پرۆسە دیموکراسیە دەترسن، دەتوانن هەم وەک میوان یا چاودێر و هەم وەک ناوەندی بڕیار یاخود هاودیدێک بەشداری لە کۆنگرەی بەخۆدا چوونەوە و نوێبوونەوەی حزبی شەهیداندا بکەن.
لەگەڵ ڕێزمدا
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
15-8-201915-8-2019