ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، فەرماندارەتیی ناوەندییان پێشتر ڕایگەیاندوە هیچ پەیوەندییەکیان بە چالاکییەکەی دژ بە میت لە هەولێر نییە، لەبەرئەوە هەواڵی لێدان لە ڕێکخەرانی چالاکییەکە لە هەرێمەکانی گەریلا، هیچ واتای نییە.
ناوەندی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا لە ڕێی شەڕی تایبەتەوە دەستی بە پیلانگێڕی و سیناریۆ دانان کردوە، ئەو داگیرکەرانە کە لە خواکورک بگرە تا زاپ، لە زاپ بگرە تا دێرسم گورزی توند بە دەستی گەریلا دەخۆن، لە ڕێی بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ دەیانەوێت ورەی گەلی وڵاتپارێزمان دابەزێننن و چاوی نەژاد پەرستەکان بۆیاخ بکەن.
دەقی ڕاگەیەنراوی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە):
دەوڵەتی تورک کاتێک لە بەرانبەر تێکۆشانی گەریلاکانی بزووتنەوەی ئازادی تەنگەتاو دەبێت، وەک هەمیشە لەم دواییانەشدا ڕێبازی شەڕی تایبەت تاقی دەکاتەوە و دەیەوێت بەم شێوەیە کاریگەری لەسەر گەل دروست بکات، داگیرکەران کە لە خواکورک بگرە تا زاپ، لە زاپ بگرە تا دێرسم بەدەستی گەریلا گورزی تووند دەخۆن، لە ڕێی ئەو هەواڵانەی کە هیچ ڕاستییەکیان تێدا نییە دەیانەوێت ورەی گەلی وڵاتپارێزمان دابەزێنن و چاوی نەژاد پەرستەکان بۆیاخ بکەن.
لەم چێوەیەدا هەواڵی درۆ دەربارەی هێرشە نامرۆڤانەکانی بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و باشوری کوردستان بڵاو دەکاتەوە و باس لەوە دەکەن بۆردومانی ڕێکخەرانی چالاکیی دژ بە میت کراوە، لەلایەکی دیکەوە هەواڵی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە پێنج کەس لە هەرێمی بۆتان خۆیان ڕادەست کردووە، بەم شێوەیە دەیانەوێت لە شکۆی گەریلاکانی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بدەن.
بەر لە هەر شتێک، وەک ئەوەی فەرماندارەتیی ناوەندیی ئێمە لە ڕێی میدیاکانەوە ڕایگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بەو چالاکییەی هەولێر نییە کە دژبە میت ئەنجام دراوە، کەواتە هەواڵی گوایە لە هەرێمەکانی گەریلا بۆردومانی ڕێکخەرانی چالاکییەکە کراوە بێ واتایە، لە بەرانبەر گەنجانی وڵاتپارێزی کورد بێ چارە ماون و بۆ خۆڕزگارکردن پەنا بۆ هەواڵی وەها بێ بەها دەبەن.
دەربارەی ئەوەی گوایە پێنج کەس لە بۆتان خۆیان ڕادەست کردووە، ئەو کەسانە لەمێژە لە ڕیزەکانی تێکۆشانی ئێمە دابڕاون و لەو کەسانەن کە لە باشوری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کڕدراون، هەواڵی ئەوەی لە دەڤەری شرنەخ چەند کەسێک خۆیان ڕادەست کردووە، دوورە لە ڕاستی شتێکی وەها لە ئارادا نییە.
بە ڕای گشتیی دیموکرات و وڵاتپارێز دەڵێین؛ حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە لە ماوەی ڕابردوودا لە بەرانبەر تێکۆشانی ڕەوای ئێمە تەنگەتاو بووە، پێویستە لە بەرانبەر سیناریۆکانی شەڕی تایبەت وریا بن، جارێکی دیکە دەڵێین، لەنێو هەر هەلومەرجێکدا بێت ئێمە هەتا گەیشتن بە ئازادیی گەلەکەمان بەردەوام دەبین لە تێکۆشان.[1]