کچێکی ئێزدی ڕزگاربووی دەستی داعش دەڵێت: کەسی چوارەم و شەشەمی داعش لەشاری #موسڵ# دەستدرێژییان کردۆتە سەرم و زیاتر لە 200 حەبی ڕێگریی لەمنداڵبوونیان پێداوم، بەوتەی ئەو کچە، 8 جاریش کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردووە.
سهەیلا دەخیل تەعلو، لە تەمەنی 13 ساڵیدا لە گەڕەکی ئازادی سەنتەری قەزای #شنگال# لەگەڵ خێزان و کەسوکاری هەوڵیاندا خۆیان بگەیەننە چیای شنگال، بەڵام بەڕێگەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستگیر کرا.
دوای ڕفاندنی، سهەیلە هەر زوو لە خێزان و کەسوکاری جیادەکرێتەوە و 8 جار کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت، کەسی چوارەم و شەشەمی داعش لەشاری موسڵ بۆ خۆیانی دەکڕنەوە و دەستدرێژی دەکەنە سەر، بە قسەی ئەو کچە ئێزدییە بێت، دەیان جار حەبی منداڵ نەبوونی دەرخوارد دراوە.
سهەیلە دەگێڕێتەوە ڕۆژی 3-ی ئابی 2014 کاتژمێر 4:00ی بەرەبەیان کە چەکدارانی داعش داخڵی شنگال بوون، هەوڵماندا خۆمان بگەیەنینە چیاکە، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەمان لەکارکەوت و کەوتینە دەستیان.
لولەی کڵاشینکۆفەکەی لەسەر سەرم دانا
ئەو کچە دەڵێت: ئەو ڕۆژە تا کاتژمێر هەشتی ئێوارە لە بینای ڕەگەزنامەی شنگالدا بووین، لەبەر چاومان بە مۆبایلەکانیان وێنەیان دەگرتین، هاتنە لامان و وتیان دەبێت لەگەڵمان بێیت، منیش پێموت لەگەڵتان نایەم، ڕاستەوخۆ لولەی کڵاشینکۆفەکەی لەسەر سەرم دانا و وتی: ئەگەر نەیەیت دەتکوژین سهەیلا ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە پێیانوتووە گەر موسڵمان نەبن هەمووتان گوللە باران دەکەین.
باسی لەوەکرد لە ڕۆژی یەکەمی ڕفاندمان لێک جیاکراینەوە و براینە بەعاج و دوای سێ ڕۆژ بردیانینە قەزای تەلەعفەر و دوو سێ ڕۆژیش لەوێ ماینەوە و ئینجا لەگرتووخانەی بادۆش جێگیر کراین، خوشک و دایکیشم لەوێ بوون پێشتر لێک جیاکرابوونەوە.
سهەیلە لە بادۆش چیکرد؟
ئەو کچە ڕزگاربووە دەڵێت: بیستمان کە چەکدارانی داعش دێنە ناو گرتووخانەکە و کچ دەبەن بۆ خۆیان، ئێمەش هەستاین جلوبەرگی پیاوانمان لەبەرکرد، کە دەڕۆیشتن جارێکی تر خۆمان دەگۆڕی، هەر بەو شێوەیە دەبووین تا بتوانین ڕێگەیان لێبگرین.
رۆژێک بینیم چەکدارانی داعش هاتن وتیان دەبێت خۆت و خوشکەکەت لەگەڵمان بێن، بەزۆر بردیانینە هۆڵی گەلەکسی لە شاری موسڵ هەر لەو ڕۆژە لێک جیاکراینەوە و براینە ماڵی کەسێکی مەسیحی ناوی من و ژمارەیەک کچی تری نووسی و هەر چەکدارێک ناوێکی بۆ خۆی برد هەندێک لەو ناوانە مانەوە یەکێکیان من بووم کە ئەو کاتە تەمەنم 13 ساڵ بوو. (سهەیلە وای وت)
بەوتەی ئەو کچە ئێزدییە، کراینە شوان و چاودێری مەڕ و ماڵاتی داعشمان کرد، نزیکەی نۆ مانگ ئەو کارەیان پێکردین، تا ئەو کاتە خۆم لە دەستدرێژی چەکدارانیان پاراستبوو، هەر کاتێک دەهاتنە لای ئێمە، خۆم دەشاردەوە.
یەکەمجار چەکدارێکی تەلەعفەری دەستدرێژی دەکاتە سەر سهەیلا
ئەو وتی: دوای نۆ مانگ چەکدارێکی داعش بەناوی (ئەبو مەریەم تەلەعفەری) تەمەنی23 ساڵ بوو منی کڕییەوە، هەوڵی دا دەستدرێژی بکاتە سەرم، بەڵام ڕێگەم پێنەدا، دواتر لەمنی دا و زۆر ئەشکەنجەدرام و جلەکانم پارچە پارچە کران و بەزۆر دەستدرێژی کردە سەرم، دوای 45 ڕۆژ بە (ئەبو تەییبە) فرۆشرام.
ئەو کچە ئێزدییە لەبارەی کڕین و فرۆشتن پێیەوە دەڵێت: دوو مانگ لای ئەبو تەییبە ماوەتەوە، کە کەسی شەشەمی دەوڵەتی ئیسلامی بووە و هەمیشە لەگەڵ ئەبو بەکر بەغدادی بووە، گەلێک جار دەستدرێژی کردۆتە سەری.
سهەیلا درێژەی بەچیرۆکەکەی دا و وتی: دوای ئەو هەموو هێنان و بردنە بە (ئەبو نزار) فرۆشرام و دوو مانگ لەلای ئەویش مامەوە و ئەویش بە (ئەبو بەشیر سوری) فرۆشتووە، نزیکەی دوو هەفتەش لەلای ئەو ماومەتەوە و ئینجا دراوم بە (ئەبو شەهد بەغدادی) تا چوار مانگ و پاشان بە (ئەبو لوئەی) فرۆشرام کە کەسی چوارەمی داعش بوو لە دوای ئەبوبەکر بەغدادی لە عێراق.
ئەوەشی وت: دوای هەموو ئەو کڕین و فرۆشتنە، گرێبەستی هاوسەرگیریم بۆ بەسترا و ئازادکرام بەوتەی ئەو کچە، لەناو ئەو داعش هەر کەسێک (عەقدی زەواج)ی بۆ دروستبکرایە، هیچ چەکدارێک مافی نەبوو بیکڕێتەوە یان بۆ خۆی ببات.
لەو ماوەیەی کە لەدەستی چەکدارانی داعشدابووم هەشت جار کڕین و فرۆشتنیان پێوەکردم و زیاتر لە 200 حەبی منداڵ نەبوون بە من درا و جارێک دەمانچەم هەڵگرت هەوڵی خۆ کوشتنم دا چەکدارێک منی بینی و لە دەستم چەکەکەی دەرهێنا. ئەوە قسەی کچە ڕزگاربووەکەیە.
ئەو دەڵێت: بۆ ڕزگارکردنم کەسوکارم زیاتر لە دە هەزار دۆلاریان دانابوو کە لەوکاتە هێرشی سوپای عێراق بۆ ئازادکردنی شارەکە دەستیپێکردبوو هیچ شتێک نەبوو بیخۆین، زۆر هەوڵمدا هەڵبێم، بەڵام نەمتوانی دواتر ڕێگایەکمان دۆزییەوە هەڵهاتین.
سهەیلا دەشڵێت: تا ئێستا باوکم و سێ برا و کچی برام لە دەستی داعش ماون و ژن برایەکیشم لەگەڵ منداڵەکەی بەهۆی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانەوە گیانیان لەدەستدا.
رۆژی #09-07-2017# لەشاری موسڵ دەرچووین و لە 10/7/2017 گەیەندرامەوە کۆمەڵگەی شاریا و ئێستاش دەستم بە وێنەکێشان کردووە و دوو پیشانگەم کردووەتەوە و بەردەوام لەسەر وێنە ئیشدەکەم.[1]