حەیدەر عەبدولڕەحمان
لە لێدوانێکیدا، حەیدەر عەبدولڕەحمان نوسەری کتێبی دەروازەیەک بۆ ڕەخنەی سینەمای کوردی ئاماژەی بەوەکرد کە کتێبەکە لە 150 لاپەرە پێکهاتووە و لە چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین چاپکراوە، بە یەکەم کتێب دادەندرێت لە بواری ڕەخنەی سینەمای کوردی، لە کتێبەکەدا بە شێوەیەکی ڕاگوزاری باس لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی بزاڤی سینەمای کوردی کراوە، هەر لە یەکێتی سۆڤیەتی جارانەوە، تا کوردستانی باکورو ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواو باشووری کوردستان.
نوسەری ئەم کتێبە لەبارەی ناوەرۆکی کتێبەکەوە وتی، لە کتێبەکەدا ئاماژە بەو بزاڤە سینەماییە بە جۆشەی لاوە سینەماکارە کوردەکان کراوە، لە ئەمریکاو ئەوروپا و وڵاتانی ئەسکەندەنافی و بەشداریکردنیان لە فیستیڤاڵە سینەماییە جیهانیەکان و ئەو سەرکەوتنانەی لە نێو ئەو فیستیڤاڵە جیهانیانەدا بە دەستیان هێناوە.
لە بەشێکی دیکەی کتێبەکەی دا حەیدەر عەبدولڕەحمان بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی ئەو فیلمە کوردییانەی لەو چەند ساڵەی دواییدا لە کوردستان بەرهەم هاتوون هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەیی بۆ یازدە فیلمی کوردی کردووە، وەک نموونەیەک بۆ سینەمای ئەو قۆناغەو ئاستی پێشکەوتنی.
حەیدەر عەبدولڕەحمان گوتی: کتێبەکە بۆشاییەک لە قەیرانی کتێبی سینەمایی کوردی پڕ دەکاتەوە، کە ئێستا نیمچە خارییە لەو جۆرە بابەتانە، لە لایێکی دیکەوە ڕەنگە وەک سەرچاوە سوودی بۆ قوتابیە ئەکادیمیەکانی بواری سینەما هەبێت.