42 هەزار کەس ناویان لە لیستی خاوەن پێداویستی تایبەت دەرهێنراوە
📊 ئامار و راپرسی
55 خاوەن پێداویستی تایبەت لەلایەن دەزگایەکی خێرخوازییەوە بۆ ماوەی 60 رۆژ لە پارکێکی هەولێر خراونەتە سەر کار، بەڵام کارێکی کاتی. رێکار رۆژانە هەشت کاژێر بە 25 هەزار دینار کاردەکات، ئەوە کێشەکەی رێکار چارەسەر ناکات، چونکە دەزانێت دوای دوو مانگی دیکە بێکار دەمێنێتەوە و ئەو مووچە 90 هەزارییەی کە لە حکومەت وەریدەگرێت، بەشی بژێوی خۆی و خێزانەکەی ناکات.
پێشتر هەر خاوەن پێداویستییەکی تایبەت کە کارمەندی حکومەت نەبووبێت بڕی 150 هەزار دیناری پێدەدرا، بەڵام ئێستا 90 هەزار دینار وەردەگرن، ئەوانەشی کارمەندی حکومەتن تەنیا 60 هەزار دینار وەردەگرن.
د.محەممەد هاودیانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت مەرجی ئێمە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئەوە بووە دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان مووچەکانیان وەکو خۆی لێبێتەوە، ئەوانیش بەڵێنیان داوە مووچەکانیان وەکو خۆی لێبێتەوە.
لەدوای کەمکردنەوەی بووجەی کەمئەندامان لە 14 بۆ نۆ ملیار دینار، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەستیکردووە بە پێداچوونەوە بە لیستی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.
هەنگاوی یەکەمی وەزارەتەکە راگرتنی مووچەی شەش هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، بەهۆی ئەنجامنەدانی پشکنینەوە.
پیش قەیرانی دارایی 122 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت لە حکومەت مووچەیان وەردەگرت، دوای پێداچوونەوە بە لیستی مووچەکانیان 107 هەزار کەس مانەوە. ئێستا پێداچوونەوە و پشکنین بە لیستەکە کراوەتەوە و ژمارەکە بووەتە 80 هەزار، بەوەش 42 هەزار کەس ناویان لە لیستی کەمئەندامان دەرهێندراوە.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت گەورەترین گرفت لە مەسەلەی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەوەیە کەسانێک هەن دەیانەوێت سوودمەند بن، لەکاتێکدا خاوەن پێداویستی تایبەت نین. بۆ نموونە خەڵک هەیە باڵا بەرزە خۆی بە کورتەباڵا نووسیوە، یان پەنجەیەکی خوار بووە، نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە، دەستی شکاوە و لە نەخۆشخانە راپۆرتیان بۆکردووە و بە خاوەن پێداویستی تایبەت ناونووسکراوە، یان چاوساغ هەیە مووچەی نابینا وەردەگرێت.
[1]
03-12-2017