لەزمانی خۆیەوە:
لە ساڵی 1361ی هەتاوی لە شاری #سەقز#ی ئازیز و لە بنەماڵەێکی ڕۆشنبیر و هونەر دۆستدا لە دایک بووم.
وەکوو هەموو منداڵێکی ئەم دونیایە لە 6 ساڵیدا یەکەم ساڵی خوێندنم دەست پێکرد و خوێندنی سەرەتاییم لە قوتابخانەی سومەیە و خوێندنی ناوەندیم لە خوێندنگەکانی 17ی شەهریوەر لە شاری سەقز و خوێندنگەی مێعراج لە شاری سنە خوێندووه.
ساڵی 1996ی زایینی لەگەڵ بنەماڵەکەم چوومەتە باشووری کوردستان و لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووین و پاشان لە ساڵی 2007 لەگەڵ بنەماڵەکەم کۆچمان کردووە بۆ وڵاتی سوید و هەنووکە لە شاری ستۆکهۆڵم نیشتەجێین و خەریکی ژیانی ئاسایین.
سەرەتای دەست پێکردنی من لە بواری کاری هونەریدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1998ی زایینی کە لە کاناڵیێکی نێوخۆیی باشووری کوردستان بە نێوی p.u.k دەستم بە کاری دوبلاژی بەرنامەی منداڵان (کارتۆن) کرد، کە ئەم کارە سەرەتاێکی باش بوو بۆ پێش کەوتنم لە بواری کاری هونەری و منداڵاندا.
هاوکات لەگەڵ کار کردنم لە بواری دوبلاژ، هاوکاری بەرنامەی گەنجان بووم لە کەناڵی تلویزیۆنی خاک کە لە پشت کامێرە من هاوکاری ئەو بەرنامەم دەکرد.
لە ساڵی 1999ی زایینی وەک ئەندامی تیپی هونەری نەتەوەیی هەڵپەڕکێ لە شاری سلێمانی هەڵبژێردرام و تا ساڵی 2002 هەم لەو تیپە کارم دەکرد و هەم لە تلویزیۆنی p.u.k کاری دووبلاژم دەکرد. لە 3 وەرزی ئەو تیپەدا من کاری هەڵپەڕکێم کردووە و هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا لە شانۆگەری (هاملێت) لە فستیڤاڵی شانۆگەری دا ڕۆڵم گێڕاوه.
لە کورتە فیلمی (شەوێکی تر) کە لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی کوردستان و لە دەرهێنان و نووسینی سۆڵماز مۆحەممەد پەنا بوو وەکوو ئەکتەر ڕۆڵم گێڕاوە کە ئەم فیلمە توانی خەڵاتی باشترین فیلم و چوار چڵە نێرگسی ئاڵتوونی وەرگرێت.
لە ساڵی 2002ی زایینیدا پاش تاقی کردنەوەێک وەک بێژەری بەرنامەی هونەری ساباتی ستران لە کاناڵی کوردسات دامەزرام و لە ڕێکەوتی 28-08-2002 یەکەمین بەرنامەی ساباتی ستران بە بەڕێوەبەری من پێشکەش کرا.
پاش دوو مانگ لە پێشکەش کردنی بەرنامەی ساباتی ستران، ئەو بەرنامەیە بووە بەرنامەێکی ڕاستەوخۆ کە ئەو کات وەک ئامادەکارێک و هاوکات وەک بێژەر کاری ئەو پڕۆگرامەم جێبەجێ دەکرد کە هەموو شەوانی شەممەێک دەبوومە میوانی هەموو ماڵە کوردێک لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا.
هاوکات لە بەرنامەی (ئەلف بێ) وەک کاری دووبلاژ بۆ 2 وەرز کارم کردووه. وەک کاری گۆرانیش بۆ بەشی منداڵان 2 گۆرانیم وتووە کە لە سەرتای بەرنامەکانی (ئەلف بێ) و کارتۆنی (کاتوولی) بڵاو کرانەوە.
ئێستاش لە شاری ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوید دەژیم و خەریکی خوێندنم.