لە ساڵی 1903 ز لە گوندی حەسار نزیک بە شاری #ماردین# لەدایکبووه. بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردووە، لەبەر ئەوەی نەداربووە و باوکی کۆچی دواییکردوه، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر دەردە نەداری و هەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەهێڵن و لە ساڵی 1914 بۆ گوندی عاموودە دەیگوێزنەوه.
جگەرخوێن هەر لە منداڵییەوە زیرەکی و هۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیاربووە و حەزی لە خوێندن کردووه، بۆیە بەهەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەرێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باکوور و هەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووه.
لە کوردستانی ڕۆژاوا و ماوەیەکیش لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات مەلایەتی کردووه.
جگەرخوێن لە ساڵی 1946 ز ڕوو دەکاتە شاری قامیشلی و دەست بەکاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکیەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd) . لە ساڵی 1948 ز دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سووری و لە ساڵی 1954 ز دا بۆ ئەندامێتی پەڕڵەمانی سووریا دەپاڵێورێت. لە ساڵی 1957 ز واز لەپارتی کۆمۆنیست دەهێنێت و ڕێکخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی سووریاوه. لە ساڵی 1959 ز دا جگەرخوێن ڕوودەکاتە کوردستانی باشوور و تا ساڵی 1963 ز لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. هەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوه.
بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی جگەرخوێن لە ساڵی 1969 ز ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کوردی دەکات.
لە ساڵی 1973 ز دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش هۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.
جگەرخوێن لە ساڵی 1976 ز دا بۆ سووریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 1979 ز ناچار دەبێت ڕووبکاتە وڵاتی سوید و لەوێ وەک پەنابەریەک دەگیرسێتەوە و بە نووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە #1984-10-22# کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاکی کوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش هەروەک خۆی پێش مردنی داوایکردبوو.
بەرهەمەکان:
دیوانی ئاڤستای جگەرخوێن؛ دیوانی یەکەم: پریسک و پەتی (Prîsk û Pêtî) ، ساڵی 1945 ز دیمەشق
دیوانی دووەم: سەورا ئازادی (Sewra Azadî) ، ساڵی 1954 ز دیمەشق
دیوانی سێیەم: کیمە ئەز (Kîme Ez) ، ساڵی 1973 ز دیمەشق
دیوانی چوارەم: ڕۆناک (Ronak) ، ساڵی 1980 ز ستۆکهۆڵم
دیوانی پێنجەم: زەند ئاڤستا (Zend-Avista) ، ساڵی 1981 ز ستۆکهۆڵم
دیوانی شەشەم: شەفەق (Şefeq) ، ساڵی 1982 ز ستۆکهۆڵم
دیوانی حەوتەم: هێڤی (Hêvî) ، ساڵی 1983 ز ستۆکهۆڵم
دیوانی هەشتەم: ئاستی (Astî) ، ساڵی 1985 ز ستۆکهۆڵم
دەستوورا زمانێ کوردی (Destûra Zimanê kurdî) ، ساڵی 1961 ز بەغدا
فەرهەنگ (پەرچێ یەکەم) (Ferheng، perçê yekem) ، ساڵی 1962 ز بەغدا
فەرهەنگ (پەرچێ دوەم) (Ferheng، perçê diwem) ، ساڵی 1962 ز بەغدا[1]