لە ساڵی 1903ز. لە گوندی حەسار نزیک بە شاری #ماردین# لەدایکبووه. بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردووە، لەبەر ئەوەی نەداربووە و باوکی کۆچی دواییکردوه، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر دەردی نەداری و هەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەهێڵن و لە ساڵی 1914ز. بۆ گوندی عاموودە دەیگوازنەوه.
جگەرخوین، هەر لە منداڵییەوە زیرەکی و هۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیاربووە و حەزی لە خوێندن کردووه، بۆیە بە هەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەڕێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدەی زانستی، باکووری کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەریگرتووه.
لە کوردستانی ڕۆژاوا و ماوەیەکیش لە کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات مەلایەتی کردووه.
جگەرخوین لە ساڵی 1946ز. ڕوو دەکاتە شاری #قامیشلی# و دەست بەکاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکییەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd) . لە ساڵی 1948ز. دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سووری و لە ساڵی 1954ز. دا بۆ ئەندامێتی پەڕڵەمانی سووریا دەپاڵێورێت. لە ساڵی 1957ز. واز لەپارتی کۆمۆنیست دەهێنێت و ڕێکخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو #پارتی دیموکراتی کوردستان#ی سووریاوه. لە ساڵی 1959ز. دا جگەرخوێن ڕوودەکاتە کوردستانی باشوور و تا ساڵی 1963ز. لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. هەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوه.
بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی #مەلا مستەفا بارزانی# جگەرخوێن لە ساڵی 1969ز. ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کوردی دەکات.
لە ساڵی 1973ز. دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش هۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.
جگەرخوێن، لە ساڵی 1976ز. دا بۆ سووریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 1979ز. ناچار دەبێت ڕووبکاتە وڵاتی سوید و لەوێ وەک پەنابەریەک دەگیرسێتەوە و بە نووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە #22-10-1984#ز. کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاکی کوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش هەروەک خۆی پێش مردنی داوای کردبوو.
بەرهەمەکان:
دیوانی ئاڤستای جگەرخوێن؛ دیوانی یەکەم: پریسک و پەتی (Prîsk û Pêtî) ، ساڵی 1945ز. دیمەشق
دیوانی دووەم: سەورا ئازادی (Sewra Azadî) ، ساڵی 1954ز. دیمەشق
دیوانی سێیەم: کیمە ئەز (Kîme Ez) ، ساڵی 1973ز. دیمەشق
دیوانی چوارەم: ڕۆناک (Ronak) ، ساڵی 1980ز. ستۆکهۆڵم
دیوانی پێنجەم: زەند ئاڤستا (Zend-Avista) ، ساڵی 1981ز. ستۆکهۆڵم
دیوانی شەشەم: شەفەق (Şefeq) ، ساڵی 1982ز. ستۆکهۆڵم
دیوانی حەوتەم: هێڤی (Hêvî) ، ساڵی 1983ز. ستۆکهۆڵم
دیوانی هەشتەم: ئاستی (Astî) ، ساڵی 1985ز. ستۆکهۆڵم
دەستوورا زمانێ کوردی (Destûra Zimanê kurdî) ، ساڵی 1961ز. بەغدا
فەرهەنگ (پەرچێ یەکەم) (Ferheng، perçê yekem) ، ساڵی 1962ز. بەغدا
فەرهەنگ (پەرچێ دوەم) (Ferheng، perçê diwem) ، ساڵی 1962ز. بەغدا. [1]