بەهاری تازە
وا هات بەهاری تازە، شنەی بای شەماڵە دێ
ناقووسی ژینی پڕ لە هیوای کیژوکاڵە دێ
قاسپەی کەوی بنار و کەژ و کێو و یاڵە دێ
کۆتر لەسەر ڕەوەز بە گمە و ناڵەناڵە دێ
جیکەی مەلە، هەرایە، وشەی باڵی داڵە دێ
شین بوو زەوی و مێگەلەمەڕ ڕۆیی بۆ لەوەڕ
پڕ بوو لە کاڕەکاڕی مەڕی شیو و دەشتودەر
شوانان کەپەنکی تازەیی خۆیان دەکەن لەبەر
هەڵدێنە نێو هەوارەوە کیژان بە جڵکی تەڕ
بارانە، بایە، گوڕەگوڕی هەوری تاڵە دێ
ڕێک چیغ و چادرن دەدرەوشن لەسەر چیا
وەک خاڵی ڕەش دەچن کە لەسەر ڕوومەتێ درا
ڕندوو لە هەرکوێ ما، کوڵی فرمێسکی هەڵڕژا
بەو بۆنە چا بوو خۆ کوڵی دڵ تۆزێ دامرا
کاتی هەوارە، قیژەیی کابانی ماڵە دێ
دونیا وەکوو بەهەشتە سەراسەر بووە گڵووک
خونچە کە دەستنەخوردەیە وا بۆتە تازەبووک
هەرکەس گوڵێک بە ڕۆح نەکرێ پێی دەڵێن چرووک
کاتی نەماوە کاکە! خەم و ئاﮪ و نووکەنووک
کیژان لە گوڵچنین و بزەی چاوی کاڵە دێ
تیپی گوڵان گەیشت و وڵات بوو بە زێو و زەڕ
بولبول بە جۆش و کوڵ لەنێوان شەو دەباتە سەر
شەونم لەسەر چڵۆپی گوڵان کەوت و بوو بە بەر
نەرگس بە بەرگی زەردەوە هێناوییە خەبەر
یانی گوڵاڵەسوورە لە خوێندا شەڵاڵە دێ
ئەمنیش هەژار و دڵبەخەم و چاوەڕێی پەیام
کێهە پەیام! پەیامی ڕەفیقانی وەک برام
پاڕامەوە لە خالیقی بوون و نەبوون، بەڵام
هەروا بە داخەوە گلەمە، هەر نەبوو وەڵام
وێرانە ماڵ و حاڵ و سەدای کوندەلاڵە دێ
خوێندی لە گوێسوانەیی تالاری سەوز و سوور
وێرانی کرد و تێک چوو، نەما کۆشکی پڕ سروور
دەگڕێ دڵی هەژاری «ئیمامی» وەک تەنوور
دەگری، دەڕێژێ خوێنی گەشی دڵ لە خوار و ژوور
هەرکوێ دەچی لە دووری ئەوان زاڵەزاڵە دێ
#سەید کامیل ئیمامی#
#دیوانی ئاوات# [1][2]