ناونیشانی بابەت: بۆچی خراپە ئابوورییەکەت لەسەر نەوت بوونیات بنێیت؟
ئامادەکردن: #سورێن جەمال محەمەد#
هەرکات بابەتی دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی دارایی دەبێتە بابەتی گەرمی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پسپۆڕانی ئابووری، گفتوگۆیەکی نێوان سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ و ڕۆژنامەنووسی بەنێوبانگی کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکیی پیتەر گرینبێرگم دێتەوە یاد. لە دیکۆمێتارییەکی کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکییدا، پیتەر پرسیار لە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەکات کە زۆربەی وڵاتانی درواسێی ئیسرائیل خاوەنی نەوت و سەرچاوەی سرووشتیی دەوڵەمەندن، بەڵام وڵاتەکەی ناتانیاهۆ نەوتی نییە، لێیدەپرسێت: “تۆ چۆن لە مە دەڕوانیت؟” ناتانیاهۆ، بە زەردەخەنەیەکەوە و زۆر بەسادەیییەوە دەڵێت: “لە ڕاستیدا، ئێمە زۆر بەبەخت بوین کە یەکێکین لەو وڵاتە کەمانەی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست کە نەوت مان نییە.” پیتەر، پێیدەبڕێت، و دەڵێت: “بەبەخت؟” ناتانیاهۆ، بە پێکەنییەوە دەڵێت: “بەڵی.” پیتەر: “بۆچی؟” ناتانیاهۆ: “لەبەرئەوەی دەبێت ئێمە مێشکمان بەکار بێنین.” ئەم وتەیەی ناتانیاهۆ، ئاماژەیەکی ڕونە بەوەی، نەبوونی نەوت وای لە ئیسرائیلییەکان کرد، مێشکیان بەکاربێنن و ئەو ئابوورییەی ئێستا بێننە کایەوە، کە بە دانیشتوانێکی شەش ملێون کەسیەوە، قەبارەی داهاتی ساڵانەی بەقەد سێ وڵاتی عەرەبی وەک، لوبنان، سووریا، و ئوردن ببێت.
پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی وڵات، ئابوورییەکی شلۆق درووستدەکات، کە هەرکات نرخی نەوت دابەزی، وڵات تووشی قەیرانێکی قوڵی دارایی ببێت، و زۆربەی کایەکانی دیکەی کۆمەڵگە تووشی زیانی گەورە دەکات. لێرەدا، نەوت ئەوەندەی خۆشی و خۆشگوزارنی هێنابێت، زیاتر بووە بە “نەفرەت” بۆ تاکەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی بۆ وڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست. ڕەنگە زۆربەمان ئاشنا بین چۆن نەوت “نەفرەت”ە بۆ زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت.
مایکل ڕۆز، نووسەری پەڕتووکی ”The Oil Curse: How Petroleum Wealth Shapes the Development of Nations” “نەفرەتی نەوت: چۆن داهاتی نەوت گەشەکردنی وڵاتان دیاریدەکات”، باس لە چوار خاسیەتی جیاوازی داهاتی نەوت دەکات کە وای لێدەکات کاریگەریی و لێکەوتەکانی لە داهاتەکانی دیکە جیاواز بیت. نووسەر دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم چوار خاسیەتەی داهاتی نەوتەوە، ڕوونیبکاتەوە چۆن داهاتی نەوت بوو بە نەفرەت بۆ زۆربەی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە جیهان بە گشتی و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی. ئەمانیش:
یەکەم: گەورەیی قەبارەی داهاتی نەوت وای کردووە کە حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت زیاتر خەرجییەکانیان زیادبکەن. بە تێکڕاش قەبارەی حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت %50 گەورەترن لە قەبارەی ئەو وڵاتانەی کە نەوتیان نییە. بۆ نموەنە، خەرجییە گشتییەکانی حکومەتی ئازەرباینجان لە ماوەی 2001 بۆ 2009 بۆ زیاتر لە %600 بەرزبویەوە. لە هەرێمی کوردستانیش، داهاتی نەوت وای کردووە، قەبارەی کەرتی گشتیی زۆر گەورە بێت. حکومەتی هەرێم کە دانیشتوانەکەی نزیکەی شەش ملێون کەسە، زیاتر لە یەک ملیۆن و چوار سەد هەزار مووچەخۆری هەیە. لە کاتێکدا، لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی کە دانیشتوانەکەی دوو قات و سێ قات لە هەرێم زیاترە، قەبارەی حکومەتەکانیان زۆر لەوەی هەرێم بچوکترە. حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت، لە ڕێگەی داهاتی نەوتەوە زۆرترین کەس دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی زیاتر دەستەڵاتی خۆیان قایم و پارێزراوتر بکەن. دیارە، لە هەرێمی کوردستانیش، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردووی پێش قەیرانی دارایی، بە هەزاران کەسیان دامەزراندووە، ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ خکومەت درووستکردووە، وای کردووە لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت نەتوانێت مووچەیان دابینبکات.
دووەم: سەرچاوەی داهاتی نەوت ڕۆڵی گەورەی هەیە لەوەی حکومەتەکان بە ئاقارێکی نادیموکراسیدا بڕۆن. ئەو وڵاتانەی کە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن کەمتر بەرەو دیموکراسی دەڕۆن، لەبەرئەوەی حکومەت داهاتەکانی لە ڕێگەی نەوتەوە بەدەستدەخات نەک لە ڕێگەی باجەوە. بۆ نموونە، ئەگەر حکومەت داهاتەکانی لە ڕێگەی باجەوە بەدەستبخات، ئەوە زیاتر بەرپرسیار دەبێت لە چۆنییەتیی سەرفکردنی ئەم داهاتانە. هاووڵاتییانیش زیاتر دەتوانن لێپرسینەوە لە حکومەتەکانیان بکەن. بەڵام کاتیک حکومەت پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، چی دیکە خۆی بە بەرپرسیار نابینێتەوە لەبەرانبەر فشار و ناڕەزایەتییەکان.
سێیەم: ناجێگیریی نرخی نەوت. بەرزبوونەوە و دابەزینی نرخی نەوت داهاتی حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت زیاتر تووشی ناجێگیری دەکات. هەر جارێک کە نرخی نەوت دۆلارێک دادەبەزێت، ئەوە داهاتی حکومەت بە ڕێژەیەکی گەورە دادەبەزێت. بۆ نموونە، لە ئێستادا، هەرێمی کوردستان نزیکەی بە تێکڕا، 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەگەر نرخی نەوت یەک دۆلاریش دابەزێت لە ڕۆژێکدا، ئەوە لەو ڕۆژەدا، هەرێم 450 هەزار دۆلار زیان بە داهاەتەکەی دەکەوێت، جا ئەگەر دۆخی ئێستا لەبەرچاوبگرین کە نرخی نەوت لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا زیاتر لە %40ی بەهاکەی خۆی لەدەستداوە، ئەوە داهاتی هەرێم زۆر زیاتر لە نیوە دابەزیوە. لە چاو مانگی پێشودا کە نرخی نەوت نزیکەی 50 دۆلار بوو، ئێستا هەرێم نەوت بە کەمتر لە 20 دۆلار بۆ بەرمیلێک دەفرۆشێت، ئەمەش وای کردووە، داهاتی هەرێم، زۆر زیاتر لە نیوە داببەزێت، هەرێم نەتوانێت ئاوا بەئاسانی مووچە دابینبکات بۆ مووچەخۆرانی. ئەم ناجێگیرییە نەوت بەردەوام کێشەیەکی گەورەیی بۆ بودجەی حکومەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت درووستکردووە تووشی کوورتهێنانی گەورەی کردون. بۆ نموونە، حکومەتی ئێراق، زیاتر لە 70 ملیار دۆلار کوورتهێنانی دەبێت ئەگەر نرخی نەوت بەم شێوەیە لەم ساڵدا بەردەوام بێت.
چوارەم: شاراوەیی داهاتی نەوت یان ناشەفافی لە داهاتی نەوتدا. حکومەتەکان زۆربەی کات لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت بەنهێنیی ڕێکدەکەون بۆ شاردنەوەی مامەڵەکانیان، هەروەها هەندێک کات کۆمپانیا لۆکاڵییەکانی خۆیان بەکاردێنن بۆ شاردنەوەی داهات و خەرجییەکانیان. هەرچەندە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کە ماوەی نزیکەی 260 ڕۆژێکە دەستبەکاربوە بانگەشەی ئەوە دەکات کە کاردەکەن بۆ بە شەفاکردنی داهاتی نەوت، هیچ گومانێک لەسەر ئەو بابەتە نایەڵنەوە. بەڵام تا ئێستاش زۆرترین پرسیار لەسەر داهاتی نەوت هەیە، و زۆربەی وەزیرەکانی کابینەی ئێستا ئاگاداری ئەوە نین داهاتی نەوت چەندە و چۆن سەرفدەکرێت. بۆ نموونە، د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە ئەو ئاگاداری داهاتی نەوت نییە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خۆی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازە. ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە کە تەنیا چەند کەسێکی کەم ئاگاداری داهاتی نەوتی هەرێمن.
نەوت ئابووریی بەهێز درووستناکات، بەڵکوو ئابوورییەکی شلۆق بەرهەمدێنێت، گەر هەرکات نرخی نەوت دابەزی، ئەوە وڵات تووشی قەیرانێکی گەورەی ئابووریی و دارایی دەبێت، دەبێت ببێتە تێگەیشتنی حکومەتی هەرێم، و کار بۆ ئەوە بکات، بەزویی خۆی لە ئابووریی نەوت دەربازبکات، و ڕوبکاتە هەمەچەشنکردنی سەچاوەکانی داهات لەپێناو درووستکردنی داهاتی جێگیر و بپەوکردن و درووستکردنی ئابوورییەکی بەهێز. بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر ئاوا خەمساردانە بەردەوامبێت لە پشتبەست بە داهاتی نەوت وەک تاکە سەرچاوەی بودجەکەی، ئەوا بەدڵنیایییەوە نەک پاشەکەوتی مووچە دێتەوە، بەڵکوو دەکەوینە قەیرانێکی زۆر قوڵتر لەوەی ئێستا هەیە، بەرەو پوکانەوەی زیاتریش دەچێت لە ڕووی سیاسیی و دەستوورییەوە لە ئێراقدا. [1]