ئەفراندنی ژەنیار
#ئامانج غازی#
هەموو هونەرێکی مەزن بە پاڵپشتی کەلەپوورێکی زیندوو دەچێتە نێو مێژوویەکی پڕشنگدار, بۆیە دەبێ بە ئاگایی و بە خورتییەوە مامەڵە لەگەڵ بەشێکی هەرە زیندووی کولتووری موزیکیی کوردی بکەین.
هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین کە هونەری گۆرانیی زۆر لە هونەری موزیک کۆنتره, بۆ ئێمەی کوردیش ئەم بابەتە زۆر بە زەبەلاحییەوە هەستی پێ دەکرێ، بۆیە لێرەدا دەکرێ بگەڕێینەوە نێو باوەشی مێژووی هونەرمەندانی بواری موزیک بۆ
ناساندنی زێتری ئامێرەکانی موزیکی کوردی لەڕووی میانەوە توانستی چینە دەنگییەکان و کەڵک لێوەرگرتنیان لە بواری موزیکی ئەبستراک.
سوود وەرگرتن لە خزمەتی چەندین ساڵەی یەکتری بۆ دانانی میتۆدی فێربوونی ئەکادیمی ژەنیاری ئامێرەکان موزیک بەیەک چەشن و یەک ( کۆک ) .
لەڕووی بەشداربوون و بەشداری پێکردنی ئامێرەکانی موزیکی کوردی لە کاری ئۆرکستراڵی هەلێکی زێڕین لەبەر دەممانە تابتوانین ڕۆحیەتی موزیکی کوردی بخەینە باوەشی موزیکێک کە ناسنامەی میللەتێک هەڵبگرێ. بەبەشداری بوونی سەرجەم هونەرمەندانی پارچەکانی کوردستان لە شاکارێکی هاوبەشدا کاریگەرێتی موزیکی گەلانی دراوسێ بە کورد وەکوو ئایدیایەکی سەرەکی درووستبوونی کارەکانمان متمانەی هونەری بۆ هونەری خۆی لە دەستداوە, بۆیە بە دڵنییاییەوە موزیکێک دێتە کایەوە کە زادەی بیرو هزری پڕداهێنانی هونەرمەندانی کورد دەبێ.
لەنێو جەنجاڵی و موزیکی (Tempo) ئامێزو (Adlib) دا, دەکرێ لەسەر ئەوە دیالۆگی هونەری بکەین و بۆنەیەک یاخود شێوازێک یان فۆڕمێک بۆ موزیکی کوردی لە دایک ببێ کە خۆی هەڵگری بنەما گەورەکانی ڕەسەنایەتی هونەری پیرفۆرمانسی (ئادا) ی کوردی بێ.
لەڕووی تەکنیکی ژەندنەوە دەکرێ پێگەیەک بۆ ئەوە دابنرێ کە هونەری موزیکی کوردی لە تاکە کەسەوە یاخود لە ئەفراندنی زاتەوە بگاتە نێو هونەرمەندان و کۆمەڵگە، بۆیە ئەم بنەما فەلسەفییە، بیرکردنەوەی جیاجیا درووست دەکات و وا لە خەڵک و جەماوەر دەکات بەشێوەیەکی ترو ڕواندنێکی تازە لە هونەری موزیکی کوردی بنواڕن!.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!