پێرفۆڕمانسی هونەریی کوردی
#ئامانج غازی#
لە ئاکامی کەڵک وەرنەگرتن و نەگەڕانەوە بۆ میلۆدییە ڕەسەنەکانی کوردی خەریکە کۆمەڵی ئاوازی دانراو دەستکرد و دوور لە تێگەیشتنێکی فەلسەفیانه و ڕۆشنبیریانەی لە دایک دەبن و بە کاریگەریی و گوێ گرتنی سەرپێیانە لە ئاوازەکانی (تورک و فارس) دەبنە هەوێنی دەنگە چاکەکانی ئەمڕۆمان.
بەگوێ گرتن لەتەکنیکی ژەنیارانی (فارس و تورک) بەڕێژەیەکی بەرچاو (ژەنیارە عەرەبییەکانیش) بەڕێژەیەکی کەمتر خەریکە هەیبەت و باڵا دەستی ئامێرە ڕەسەنەکانمان دەکەونە پەراوێزی کارە هونەرییەکانمان و لاساییکردنەوەی ئەو ژەنیارانە بووەتە وێردی دەست و پەنجەکانمان, لێرەدا پرسیارێکی کۆنباو و نەریتییانە بەڵام زۆر کاریگەر دەکرێ:
( تا ئێستا کێ گوێ بیستی ژەنیارێکی (تورک یان فارس یان عەرەب) بووە بتوانێ مۆرک و ئەدایەکی کوردیانەمان بۆ بژەنێ) ؟.
کەواتە بابەتی ڕەسەن لێهاتوویی دەوێ, بلیمەتی ژەنیار دەتوانێ بەپەنجەکانی ئاوازی ئەفسوناوی بدا بەبناگوێمان و چۆکمان پێدادا !.
هۆکارێکی تری لەیەکتر حاڵی نەبوونی (دەنگ و ئەدای گۆرانیبێژ لەگەڵ سیما و ڕووخساری ئاوازی ڕەسەنی کوردی) لە ناسینەوه و شارەزا نەبوونی گۆرانیبێژەکانمانە، بەمیانه و چینە دەنگی خۆی لەکاتی چڕینی گۆرانیدا،
گۆرانیبێژی کورد تا ئەزبەری ئاوازێک دەکات, ئاوازدانەر دەخاتە بەرەژان و ئازارێکی جەستەیی و ڕۆحی زۆر گەورەوە, چونکە گۆرانیبێژ لە هەردوو کۆڵەگە سەرەکییەکەی پێکهاتەی موزیکدا (زمانی نۆته و گوێچکەی هونەریی موزیکیی) بێبەشە و بەدەگمەن گۆرانیبێژێک دەبینی بە پەرۆش و ئەکادیمانە ( مواکەبەی ) ڕۆحی سەردەم و تێگەیشتنی قۆناغەکانی هونەری میللەت و گەل و تەنانەت خۆشی بێ، کەواتە کە پرسیارمان لێدهکرێ و بەڕاشکاوی پێمان دەڵێن بۆ موزیکی کوردی ئێمە تەمەن کوورتە؟ نابێ بێدەنگ بین ! ئەم بێدەنگیی و فەرامۆشییە خەریکە دەمانکوژێ. !
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە![1]