کەلەپوور لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە 01
#ئامانج غازی#
چەمکی شارستانییەت لە ڕوانگەی ئەنترۆپۆلۆژییەوە، تەنیا لە کۆمەڵگەیەکی دیاریکراودا سنووردار نییە، بەڵکوو لە هەموو کۆمەڵگەکاندا بوونی هەیە، جا ئەم کۆمەڵگەیانە چ سەرەتایی بێن یان نا. بەم پێیە ئەنترۆپۆلۆژیا دان بە زاراوەی باوی نێوان مرۆڤەکان نانێت کاتێک دەڵێن مرۆڤی شارستانی وناشارستانی چونکە ئەم دوو زاراوەیە بە مانای جیاوازی لە شارستانییەتدا دێن نەک بەدەرکردن لێی. ئەم مۆرکە شارستانییە جیاوازەی هەر نەتەوەیەک لە فۆرمەکانی و کولتووری ڕۆحیدا دیارە، بە پێی بۆچوونی هیگڵ، کە دەڵێت: ئەگەر شیعر و هونەر و زانست و فەلسەفە لەنێوان هەموو گەلانی مێژوودا بدۆزینەوە، دەبینین جیاوازی قووڵ هەن کە هیچ کات پەیوەست و سنووردار نین بە شێواز ئاماژە دیاریکراوەکان بەگشتی، بەڵکوو ئەوجیاوازییانە دەپەڕنەوە نێو ناوەرۆکەکەشی.
بۆ ئەوەی لە مرۆڤ بگەین وڕادەی پەیوەندییەکەی بە دەنگ وجووڵەوە بزانین، پێویستە لە ڕێگەی ئەم ڕەهەندانەی خوارەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پەیوەندییانە بکەین:
1- ڕەهەندی ژینگەیی وکۆمەڵایەتی.
2- ڕەهەندی باری گوزەران وبەرهەمداری.
3- ڕەهەندی دەروونی وجوانیناسی.
4- ڕەهەندی کەلەپوور و پانتایی دەنگی و جووڵەیی (لە کۆمەڵگەی کوردیدا) .
ئامانجی ئەنترۆپۆلۆژیا لێکۆڵینەوە لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بە فۆرم وچالاکییە جۆراوجۆرەکانیانەوە، بۆ زانینی سنووری پێکهاتەییەکانیان، هەروەها مانای واتاکانیان وپەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەدا. کولتوری کۆمەڵایەتی هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە کۆمەڵگەیەک لە کۆمەڵگە مرۆییەکان لەباری ئاساییەوە بەرهەمی هێناوە لە کەلەپووری (شارستانی) وناماددی (ڕەفتاری) ، لە ڕێگەی قۆناغەکانی گەشەسەندنی مێژووییەوە، وەک گرنگیدانی ئەمڕۆمان بە کولتوری باو وەک بەشێکی گرنگی کولتوری کۆمەڵگە کە سەروەری مێژوویی لەسەر پێکدەهێنێت کە مرۆڤ لە ئێستای خۆیدا بنیادیناوە.
ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کەلەپوورێکی ئاڵۆزە لە توخم و ڕەفتارە مادییەکان کە لە قۆناغێکی مێژووییەوە دەیگوازنەوە بۆ قۆناغێکی تر، بەهۆی ئاوێتەبوونی لەگەڵ ڕەفتارەکانیان وهەروەها توانستی گواستنەوەی هەموو ئەو ڕەهەندە مرۆییانە لە ڕابردووەوە بۆ ئێستا و داهاتوو. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!