شاکاری موزیک لە بوونیادی شانۆدا
#ئامانج غازی#
ئەو پەیوەندییە ئەزەلییەی نێوان هونەرە جوانەکان، بووەتە هۆی درووستبوونی بۆتەیەکی هونەری زیندوو کە عەقڵیەت و هەستی شانۆکار و موزیکژەن و بینەر زۆر بە وریایی دەرکی پێدەکات.
کاتێک خوازیارین کە کارێکی شانۆیی بخەینە باوەشی بەراووردکارییەکی زانستی لەگەڵ یەکێک لە هونەرە زیندووەکان, یاخود ڕاستتر بڵێین لەگەڵ هونەری موزیک و شێوەکاریدا، ئەوا دەبێ ڕەچاوی کۆمەڵێک بنەمای هونەری زانستی بکەین لە ڕوانگەی ئەوەی کە بابەتە هونەرییەکە دەبێ شیکردنەوەیەکی گشتی لەڕووی پەرەگراف و دیالۆگ و زمانی هونەری و بنەما هونەرییەکان بەخۆوە بگرێ.
گەر بە باگراوندێکی خێرا سەیری مێژوویەکی دوور بکەین هەست دەکەین کە دراما و موزیکی بابەت ئامێز وەک دووهێڵی شەمەندەفەر بارگه و کەلوپەلی شاکارێکی گەورەی هونەریان لەکۆڵ ناوه و ڕووەودوورگەی ئەمان و وێستگەی حەسانەوەیان بردووە، هەر لە کارەکانی چاخی ڕێنسانسەوە بگرە و لە کارەکانی موزیکی ئایینی و زەنگۆڵەکانی کڵێساکانیشدا سرووتە گریگۆرییەکان و گۆرانییە ئەبەدییەکان هەمیشە بەدوای ئەو هەقیقەتە لێڵەدا وێڵ بوون کە بڕوایان بە بوونی هەبووە، بەڵام ئەفسوس له و کاتەدا نەدەکرا بە یەکەوە گرێ بدرێن، چونکە زمانی ڕاستەقینەی هونەری موزیک زیاتر لە دیالۆگێکی هەمیشەیی دابوو لەگەڵ ڕۆح و گیان و جەستە ماندووەکانی مرۆڤە سەرشێتەکان، کۆڕاڵە جیاجیاکانی چەرخی باڕۆک و ڕۆمانتیک و ئۆپێرا خەم ئامێزەکان و کۆمیدیا هەڵگرەکانیش ڕووی دووەمی ئەو حەقیقەتەن کە بەرجەستەکردنی کارێکی جوڵە ئامێزه و هەرگیز لە باوەشی موزیکێکی تراژیدی جیانەدەبووەوه و هەمیشە هۆگری ئەو دەنگە بەسۆزانە بوون کە لە گیانی شانۆکارەکان دەردەچوو، ئینجا دەگەیشتە جەستەی ژەنیارەکان و لەوێوەش بەرەو پانتایی شاکارێکی هونەری گەورەی هەنگاو دەبەست و دواجار لە بەردەم گوێچکە و دیدەی بیسەروبینەردا دەبووە بەرهەمێک کە گیانی سەر لەبەری مرۆڤایەتی دەهەژاند لە هونەری موزیکدا.. ئەوەی دڵ مەرامیەتی و پەنجە خواستییەتی لە بەردەم عەقڵێکی کامل بووی شانۆکارێکدا دەبێتە هەڵوەستەیەک و دەبێ ئەو دووئایدا گەورەیە لە ئاکامدا لەیەک بئاڵێن و ئاوێتەیەکی هاڕمۆنیایی بیانگرێتە ئامێز.
ئەگەر گۆرانی کوردی هەر لەیەکەمین پەلامار بۆ سەر کوردستان وەک چەکێکی بەرگری بەرانبەر دوژمن لە خزمەت بایە, ئەوا بێگومان جووڵه و ڕێکخستنی خەڵک و جەماوەر وەک تێڕوانینێکی هونەرییانە بۆ خۆی پانتاییەکی گەورەی لەسەر جوگرافیای جیهانی شانۆدا داگیرکردووە، کەواتە بە نەتەوەیی کردنی ئەم حاڵەتە بۆ یەکێک لە میللەتە هەرە زیندووەکانی ( میزۆپۆتامیا ) کارێکی پڕ شەرەفی هونەرییە، چونکە ئەو خاسیەتەی ئەمڕۆ باسی لێوە دەکەین ( سۆزی نۆتەی کوردی و دەقی شانۆیی خۆماڵی ) ئامانجێکن تا ئێستا دەستی تامەزرۆ و ڕۆحی شەکەتی هونەرمەندانی کوردی نەگەیشتووەتێ, سەد حەیف و مخابن تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ کراسێکی هەمەڕەنگی ڕەسەنایەتی نەکرایە بەر جەستەی ڕووتی کارە هونەرییەکانمان، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە هەمیشە لەنێو تەپ و تۆزی کارە سەرپێیەکان پەلە قاژێیەتی و نەکراوە ڕۆژێک دەرهێنەرێکی ویژدان زیندوو لەگەڵ موزیکژەنێکی پەنجە ماندوو باس له و بەرهەمە بکەن کە لە عەقڵی پەنگ خواردوویانی مێروولە دەکات و هەریەکەیان بەرەو ئەو جیهانە پەلەیەتی کەنازانێ کۆتاییەکەی هەر دەگاتەوە ئەو سەرچاوەیەی کەبە یەکەوە یەکەم هەنگاوی بەرەو ڕەسەنایەتیان کردە دەستپێک. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!