$کێشەکە لە دینە یان لە ئێمە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئێمە لانی کەم لە ئێستادا دینێکی ئۆرجیناڵمان نییە تا بۆی بگەڕێینەوە، ئەوەی هەیە جیاوازی تێڕوانین و خوێندنەوەکانن بۆ دین، خراپترین جۆری ڕوانین، ڕوانینی مێژوویی کرۆنۆلۆجییە بۆ دین، خراپتر لە ڕوانینی مێژووییش مانەوەیە لەو مێژووەدا و لەمەش خراپتر گواستنەوەی ئەو مێژووە و سەپاندنێتی بەسەر ئێستادا. داعش و هاوکۆلکەکانی نموونەی ئەم جۆرەن لە ڕوانین.
ئەو ڕەخنانەی لە ڕوانینی ئیسلامی دەگیرێن دەبێ لەم ڕوانگەیەوە بن، ئەگەر نا لە ڕق و حیقد و جنێوگەلێکی هەرزەکارانەو کۆنە کینێکی دژمنکارانە زیاتر نین.
فەیلەسوفی دانیمارکی کیەکگارد کیاکەگۆ لە پەڕتووکی ترس و لەرزدا (Fear and Trembling) دا پێی وایە هەر مرۆڤێک بە سێ قوناغی بنەڕەتیدا تێدەپەڕێت.
یەکەم/ قوناغی وەرگرتنی چێژ و لەززەت
دووەم/ قۆناغی ژیانی ئەخلاقی
سێیەم/ قۆناغی دیندارانە یان عاشقانە ژیان
بە بۆچوونی کییەکگارد دەشێت مرۆڤێک هەر سێ قۆناغەکە ببڕێت و لەهەمانکاتیشدا دەشێت هەموو تەمەنی لە یەکێک لەو قۆناغانەدا بمێنێتەوە. هەندێ جار مرۆڤ هەموو ئامانجەکەی دەبێتە وەرگرتنی چێژ لە ژیاندا، جا ئەو چێژە جەستەیی بێت یان دەوونی جیاوازی نییە، هەندێ جاری دیکە ئامانجەکەی دەبێتە ئامانجە ئەخلاقییەکان ئەگەر چی لە زیانی چێژ و لەززەتە دەروونی و جەستەییەکانی خۆشی تەواوببێت. لە قۆناغی ئەخلاقیدا مرۆڤ ئامادە نییە جگە لەوەی ئەخلاقییە شتێکی دیکە بکات یان بڵێت، واتە گەر درۆیەک سوودیشی پێ بگەیەنێت ئەم ئامادە نابێت بیکات.
قۆناغی سێیەم قۆناغی بەجێهێشتنی هەردوو چێژ و یاسا ئەخلاقییەکانە. مرۆڤ لەم قۆناغەدا ئامادەیە لەپێناو فەرمانێکی ئیلاهیدا هەم چێژ و هەمیش یاسا ئەخلاقییەکان نادیدە بگرێت، بێگوێییان بکات و جگە لەو فەرمانانەی خودا شتێکی فەرمانی پێکردووندیکەی بۆ گرنگ نەبێت. بەبۆچوونی کییەکگارد مەرج نییە هەمیشە فەرمانە ئیلاهییەکان کۆک بن لەگەڵ ڕێسا ئەحلاقییەکاندا، زۆر جار ئەمرو نەهییە ئیلاهییەکان دژی یاسا ئەخلاقییەکانن یان ئەخلاقیان بۆ گرنگ نییە. لەو پەڕتووکەدا کییەکگارد سەربڕینی ئیسماعیل ئیسحاق لەلایەن ئیبراهیمی باوکییەوە لەم ڕوانگەیەوە لێکدەداتەوە. ئەو پێی وایە بە ژیری و لۆژیکێکی ئەخلاقی و سوودسەنتەر و عەوداڵی چێژەوە نەکردەیە بتوانین لە ئیبراهیم و مەسەلەی سەربڕینەکەی تێبگەین. کییەکگارد دەپرسێت بۆچی ئیبراهیم بە خودای نەگوت کوشتنی مرۆڤ کارێکی نائەخلاقییە و ناکرێت ئەم منداڵێک سەرببڕێت لەکاتێکدا زۆر جار ئیبراهیم لەسەر مەسەلەی زۆر بچوکتر جیدالی لەگەڵ خودادا کردووە؟ کییەکگارد پێی وایە دەبێت لەڕوانگەی بەجێگەیاندنی فەرمانی ئیلاهی و ڕوانینی عاشقانەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین، زمانی عیشق زمانێکی لەم شێوەیەیە، هەرچی مەعشوق وتی هەر ئەوەیە، نالی دەڵێت:
دەچێ بۆ لای ڕەقیب خۆشە وەلێ ئەو داخە کوشتوومی//لەکن ئەو چەندە مەجبورە لەلای من چەندە مەغرورە
کێشەیەک بۆ دینداران کە دێتە پێشەوە ئەوەیە ئەم دۆخە بگشتێنن و وەک سلوکی دیندارانە بۆ هەموو کەسێک و کۆی گشتی کۆمەڵگە چاوی لێبکەن. حوکمی فیقهی لەم ڕووداوانە دەربهێنن و کار بەو حوکمەش بکەن لەفەزای گشتیدا و ئەوەی بێگوێیی ئەم فەرمانە قوورسانەی کرد بەبێ ئەوەی بگاتە قۆناغی عیشق، وەک فاسق و کافر لێی بڕوانن. ڕوانینی مێژوویی بۆ دین دەقیق دێت ئەم کارە دەکات. ئەم باسە لە سیاق و سیباقی (Context) ی خۆی دادەبڕێت، دێت حوکمی لێ دەردەهێنێت و کاریش بە حوکمەکە دەکات. کەسەکە خودی خۆی هێشتا قۆناغی چێژی بەجێنەهێشتووە، دێت دەیەوێت بە فەتوایەکی بێ ڕۆح قۆناغی عاشقانە فەرزبکات بەسەر هەموو جومگە و دامەزراوەیەکی دینیدا، لەکاتێکدا لەوانەیە زۆرینە ئەمەیان پێ قەبوڵنەبێت و ئامادەی ئەم ویستەی بابای موفتی نەبن.
کێشەکە لەوێیە حەرام و حەڵاڵ زانەکان پێیان وایە دەبێت لەبەرانبەر فەرمانە ئیلاهییەکاندا تەنانەت ئەخلاقیش نادیدە بگرین بەڵام ئەوە لەبیردەکەن پێش ئەم حوکمانە دەبێت مرۆڤەکە بۆ ئەم قۆناغە ئامادە بکەن. ئەم دۆخە کە واعیزان و پۆلیسەکانی حەرام و حەڵاڵ بۆ دینی درووستدەکەن دەقیق وەک دۆخی ئەو منداڵەیە کە هێشتا ئەلیف بێ نازانێت بەڵام تۆ داواکاری ئەوەت لێی هەبێت فیزیای کوانتەم فێر ببێت و دواتریش بۆت باسبکات. قورئان دەقیقە لەوێدا کە دەڵێت یزکیهم و یعلمهم سەرەتا قۆناغیان پێ دەبڕێت ئەوسا فێریان دەکات.
ئەو چیرۆکانەی لە دینەکان و بەتایبەتیش لە قورئاندا باس کراون بۆ ئەوە نین حوکمی فیقهی و یاسایان لێ هەڵبهەنجێنین. چیرۆکی موسا و پیاوە ساڵحەکەی سوورەتی کەهفیش هەر شتێکی لەم جۆرەیە. نەکردەیە بە کەرەستەو تفاقەکانی قۆناغی چێژ یان قۆناغی ئەخلاقی بتوانین لە کوشتنی مێردمنداڵێک تێبگەین، نەخوازەڵا بێین حوکمی لێوەربگرین و کاریش بە حوکمەکەی بکەین.
ئایەتێک لەقورئاندا هەیە دەڵێت لەسەر نەوەکانی ئیسرائیل نووسیمان ئەوەی کەسێک بکوژێت وەک ئەوە وایە هەموو مرۆڤایەتی کوشتبێت (:مِنْ أَجْلِ ذَٰلِکَ کَتَبْنَا عَلَىٰ بَنِي إِسْرَائِيلَ أَنَّهُ مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَکَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا وَمَنْ أَحْيَاهَا فَکَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعًا)
ئێمە دێین ئەم حوکمە لە سیاقەکەی خۆی دەردێنین و بۆ ئەمڕۆ کاری پێدەکەین، لەکاتێکدا ئەم ئایەتە حوکمێک نییە بۆ ئێمە، بەڵکوو گێڕانەوەیەکی تایبەتە بە دۆخ و جوگرافیا و مێژوویەکی دیاریکراو، لەمەسەلەی کوشتندا قورئان حوکمی خۆی بەئاشکرا پێ گوتوین بۆ ئەو ڕۆژە و پێویست ناکات ئێمە ئەم گێڕانەوەیەی ئیسرائیل و نەوەکانی وەک حوکمێکی بۆ خۆمان وەرگرین ، پێویست ڕوودا و چیرۆکەکانی قورئان بە ئەندازەی ئەوەی چیرۆکگەلێکی ئەفسانەیی و پارچەپارچەکراون بۆ مەبەستێکی دیاریکراوی وەک پەند و عیبرەت، ئەوەندە چیرۆکی مێژوویی و ڕاستەقینەی گوێئاگردان نین تا سەرەتاو کۆتاییەکیان هەبێت و پێیویست بێت پێمە حوکمیان لێوەرگرین، ئەوان بۆ ئەوە نەهاتوون تا ئێمە حوکمیان لێ دەربهێنین، چ حوکمێکیش! حوکمێک کە مرۆڤ دەبێت سەربەقۆناغی سێیەم و قۆناغی بێ چەندوچۆنەکان بێت ئەوسا دەتوانێت بەجێیان بگەیەنێت.
کێشەکەیی ڕوانینی دینداری مێژوویی بۆ دین دەقیق لێرەدایە، دەیەوێت هەموومان بەیەک جۆری دیاریکراو لەژێر بۆمباردمان و لێزمەی ئەحکامە قوورسەکاندا بخویسێنێت، بەشێکی زۆری ئەم حوکمانەشی لە چیرۆکە ئەفسانەییەکان وەرگرتووە و کاریان پێدەکات، دوێنێ بەزۆر دەترنجێنێتە ئەمڕۆ و سبەینێش هەر لەمەنگەنەی دوێنێ دەدات، بەبێ ئەوەی قۆناغی چێژ و قۆناغی ئەخلاقمان پێ تێپەڕێنێت دێت داواکاری عاشقانەی هەیە لێمان. تاکە میتۆدی دەستیشی بۆ ئەم داواکارییە سەپاندن و بەکارهێنانی زەبروزۆر و وادارکردنی زۆرەملێییە بۆ کۆمەڵێک ئەمر و نەهی کە زۆرجار نامومکینە مرۆڤ لەژێریان دەرچێت، بێ ئاگایە لەوەی گەر بشێت هەموو شتێک بەزۆر بچەسپێندرێت، عیشق و ئیمان و دینداری لەو شتانەن نەکردەیە لەڕێگای زەبرو زۆرەوە لەدڵدا بچێندرێن. هەر لێرەدایە قورئان دەڵێت ئایەتەکانی خودا وەک یەک هیدایەت نین بۆ هەموو کەسێک، هەندێ جار لەبری هیدایەت دەبنە گومڕایی بۆ زۆرێک:
(يُضِلُّ بِهِ کَثِيرًا وَيَهْدِي بِهِ کَثِيرًا) [1]