ئارام ئەحمەد محەمەد
لەنێوان جینۆساید و ناسنامەی نەتەوایەتی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ و قووڵ هەیە، بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ناسنامەی نەتەوایەتی چەندین بنەما باو و گرنگن، لەوانە: زمان، خاک، مێژوو، کەلتوور، نەژاد، ئایین کە بەدرێژایی کات پێکەوە لای تاکەکانی کۆمەڵێکی دیاریکراو دەبنە ناسنامەو هەست و ئامانجی هاوبەش و پێناسەیەک بۆ خۆپاراستن و پەرەسەندن لای ئەو کۆمەڵە نەتەوەییە پەیدا دەکەن و دەبن بەهێزێک و، بۆ ئامانج و بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئەو نەتەوەیە، بەو پێیەی خۆی تێی دەگات و دەبێتە هەست و گیانێکی هاوبەش، دەبزوێت یا دەبزوێنرێت.
هەر کاتێک کە هەڕەشە لەسەر تەواوی یان بەشێکی بنەما نەتەوایەتییەکان درووست دەبێت ئەوە هەستی ناسنامەی نەتەوایەتی لای تاکەکانی ئەو نەتەوە یان ڕەگەزە هەڕەشەلێکراوەکە بەهێزتر دەبێت، جینۆساید کە بە مەبەستی لەناوبردنی نەتەوەیەک یا ڕەگەزو گرووپێکی جیاواز ئەنجام دەدرێت، ئەمەش گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر مانی ناسنامەی نەتەوایەتی، بۆیە جینۆسایدو ناسنامەی نەتەوایەتی پێوەندی ڕاستەوخۆیان هەیە وەک لەخوارەوە بە پوختی باسی لێدەکرێت.
سەبارەت بە کورد یان کوردستان، لەو کاتەوەی وشیاری نەتەوایەتی پەیدا بووە لە بوونی هەڕەشە لەسەر ناسنامەی نەتەوایەتی کورد، ئەوە کوردایەتی بۆتە باوەڕو بزووتنەوەو مایەی هاندانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردزمان، بۆ بەرگریکردن لە ناسنامەی کورد و خاکی کوردستان بەرانبەر بەو هەڕەشەو پەلامارو تاوانانەی لەلایەن داگیرکارانەوە دەستیان پێکرد، بۆیە وشەی کوردایەتی، کوردایەتیکردن، بوونە ناسنامەیەکی گرنگ و جار هەیە چارەنووسساز و شانازیکردنی تاکی کورد بە کوردایەتیکردن، تەنانەت مانایەکی پیشەیشی وەرگرت، خەڵکانێکی زۆر، دەڵێن: خەریکی کوردایەتین، کوردایەتی زۆرم کردووە، واتە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشداری و چالاکی کردووە لەبەرگریکردن لە ناسنامەی کورد دا، ئیتر خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی بێت، بەچالاکی هونەری و ئەدەبی بێت، یان بە هەر جۆرێک بۆ پاراستنی بنەماکانی نەتەوەیی لە خاک، گیان، زمان، کەلتوور، مێژوو، جلوبەرگ، ئایین. . . تاد. بەڵام دوای ڕزگاربوون، بەکردەوە یان بەبڕوا، لە هەڕەشەی لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوە بۆ سەر ڕەگەزێکی تایبەت، ئیتر ناسنامەی نیشتمانی زیاتر برەو پەیدا دەکات و دەبێتە بنەمایەکی سەرەکی و هەموو ئەو هاووڵاتیانەی کە لەوڵاتێکدا دەژیین و پاراستنی بەرژەوەندیی گشت پێکهاتەکانیان لەپاراستنی نیشتمانەکەدا یەک دەگرێتەوەو ناوی وڵاتەکەیان دەبێتە دەربڕین لە ناسنامەیاندا، بۆ نموونە بۆ ئێمە، وشەو و چەمکی کوردستان، کوردستانی، کوردستانچێتی و نیشتمان زیاتر برەو وەردەگرێت و گشت هاووڵاتیەک دەگرێتەوە کە بەنیشتمانی خۆی بزانێت.
هەندێ لە بنەماکانی ناسنامەی نەتەوە یان نیشتمان، تا ئەندازەیەک جێگیرن و مێژوویین، لەوانە (خاک، زمان، مێژوو، پێکهاتەی فسیۆلۆژی، ئایین، . . . تاد) ، بنەمای واش هەن، پەیدا دەبن یان گۆڕانکارییان بەسەردادێت، بۆ نموونە: جینۆساید، کەلتوور، بەڵام لەم زەمانی جیهانگیریشدا، لەهەندێ شوێن و لای هەندێ تاک، گشت بنەماو ناسنامەکان جێگەی گۆڕانکاریین و ئەمەش گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێت.
جینۆساید، کە وەکوو باوەڕو بەرنامە ئەوە ڕێوشوێنی توندوتیژییە، مەبەستێکە بۆ لەناوبردنی کۆمەڵێک بە ئەنجامدانی تاوانی جیاجیا لەسەر بنچینەی نەتەوەیی، ڕەگەزیی، نەژادیی یان ئایینی، هەندێ لەو جینۆسایدانەی ڕوویان داوەو کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵێک هەبووە و ئەنجامەکانی تاوانەکە وا شکاوەتەوە کە هەستی هاوبەش، مێژووی هاوبەش و کاریگەریی هاوبەش و کەلتوورێکی تایبەتی هاوبەشی بۆ ئەو کۆمەڵە درووست کردووە و بۆتە بنەمایەکی ناسنامەی ئەو کۆمەڵە لەپاڵ بنەماکانی ترو بۆ ئینتیمای تاکەکانی ئەو کۆمەڵە گرنگ دەبێت، هەروەها ئەو گەلانەی جینۆسایدی زۆر و جۆراوجۆریان بەسەردا هاتووە، ئەوە هەم تێکڕا ئینتیمای گشتی پەیدا دەکەن و هەم تایبەت، جینۆسایدی کورد یان گەلی کوردستان تا ئەندازەیەک بۆتە سەرچاوەی بنەمایەکی نەتەوەیی بۆ کورد یان نیشتمانی بۆ کوردستانیان، بەڵام جینۆسایدە جیاجیاکانیش لەکات و شوێن و بەشێوەی جیا جۆرە ئینتیما و هەستێکی تایبەتی ناوچەیی یان پێکهاتەیی درووست کردووە.
جینۆسایدە سەرەکییەکانی کە دەرهەق بە گەلی کورد و کوردستان کراوە وەکوو ئەنفال، کیمیابارانی هەڵەبجە، جینۆسایدی بارزانیەکان و فەیلییەکان، خەریکە کەم و زۆر ڕەهەندی نیشتمانی وەردەگرن، گشت گرووپەکانی ناو کۆمەڵەکەمان جۆرە ئینتیماییەکیان بۆیان هەیە، لەکاتی یادەکاندا دەبنە خاڵی کۆکەرەوە و نیشاندانی هەستی هاوبەش لەناوچەو شوێن و پارچە جیاجیاکانی کوردستان و لە وڵاتانی دەرەوە لەناو ڕەوەندی کورد، جۆش و خرۆش و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لێک نزیکبوونەوە درووست دەبێت بەتایبەتی لەمانگەکانی سێ و چواردا ئاستی ئەو هەستە هاوبەشانە گەرم و گوڕیی زیاتر دەبێت.
ناساندنە نێودەوڵەتییەکانی جینۆسایدی کورد لە چەندین وڵاتی دەرەوە، هەستی زۆرێک لە کورد لە پێوەندی و تێکەڵبوون لەگەڵ تاک و ئۆرگانەکانی ژیانی ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژیین یا ئەوانەی ئێستا پێوەندی سیاسی یان ئابوورییان لەگەڵ کوردستان درووست بووە یان سەردانی کوردستان دەکەن یان بنکەیان هەیە، کە ئەمانەش ویستێکی دەربڕین و خۆناساندنە بەباسی بەسەرهاتەکانی چەوسانەوەی کورد و ئەو جینۆسایدو تاوانانەی کە داگیرکاران بەسەری داهێناوە و هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی هاوسۆزی و پشتیوانی، لایەنەکانی دەرەوەش درکیان بەو سایکۆلۆژییەتەی کورد کردووە بۆیە هەندێکیان لە پێوەندییەکانیاندا بەگوێگرتن یا بە بەشداریکردن لە یادەکاندا بێت یان بەسەردانی مۆنۆمێنتەکان بێت ئەوە پێیانەوە دیارە کە وەک ئامڕازێک بۆ پێوەندی بەستن یا گەشەپێدانی پێوەندییەکان باس و پرسی جینۆسایدی کورد بەهەند وەردەگرن، کوردیش کە لەسەردەمەکانی پێشوو نکۆڵی لە ماف و ئازادی و جینۆسایدەکانیشی کراوە، هەر بۆیە ئەو ئاوڕدانەوە دەرەکییەو چالاکی و بڕیارەکانی ناساندنی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە لای بۆتە فاکتەرێکی بزووێنەری هەستی نەتەوەیی و، ئێستا داخوازە پڕۆژەی فراوانتری ناساندنی جینۆسایدەکانی هەبێت.
ناساندنی نێودەوڵەتی جینۆساید، چونکە هیوای لێدەکرێت کە هەوڵێکە بۆ ڕێگەگرتن لەدووبارە بوونەوەی جینۆسایدی تر، بۆ سزادانی تاوانبارانی دژ بە کورد، بۆ تێگەیشتن و ئاشنایەتی و بۆ پەیداکردنی هاوسۆزی و پشتیوانی، بۆ نزیکبوونەوە لە مافەکانی قوربانییان و زەرەرلێکەوتوانی دەستی تاوانەکان کە زۆرن، هەروەها بۆ پەیداکردنی جۆرە دڵنیاییەک، بۆیە جینۆساید ئەگەرچی لەرابردوودا سەرچاوەی هەڕەشەی لەناوبردن و مەینەتی نەتەوەو نیشتمانەکەمان بووە، بەڵام بەناساندنی وەکوو لە تاقیکردنەوەی چەند میللەتێک دەرکەوتووە ئەوە جۆرە پاراستن و بووژاندنەوەیەک بۆ نەتەوەو نیشتمانەکە پەیدا دەکات، لەبەر ئەوەی دەکرێت جینۆساید ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی و تاکێکی زۆری کۆمەڵگا بەتایبەتی بۆ قوربانییان، جینۆساید وەکوو ڕابردوو دەبێتە مێژوو، وەکوو ئێستاو داهاتوو دەبێتە سەرچاوەی پێکەوەگرێدان و هاوهەستی نەتەوەیی و دەبێتە فاکتەرێکی ئەرێنی ئەگەر باش بەگەڕ بخرێت ئەوە دەبێتە مایەی بزوواندن و هاودەنگی و خزمەت بەخشی نەتەوەیی، بۆیە لە پەیام و دەربڕینەکاندا و زۆر لەو وتارانەی دەوترێت و پەسند دەکرێن: لەسایەی خوێنی شەهیداندا ئێمە گەیشتوینەتە ئەم دەستکەوتانە، هەڵەبجەو ئەنفاڵ کوردیان بە دنیا و خەڵک ناساند، بەرانبەر بەوە وتاری پێچەوانە، بەلادان لە ڕێبازی نەتەوەیی و بەزاندنی پیرۆزیی و سەروەرییەکان دەزانرێت.
جینۆساید بۆ لایەنی تاوانبار، زیاتر لەلایەن نەتەوەپەرستە دەسەڵاتدارە زاڵخوازەکان بەکاردەهێنرێت وەکوو توندترین ئامڕاز بۆ چەسپاندنی باڵادەستی نەتەوەیی بەسەر کەمایەتیە نەتەوەیی و ڕەگەزەکانی تر ئەویش بەلەناوبردنیان یان کەم کردنەوەیان، بۆ لایەنی قوربانیش کە زیاتر نەتەوەو کەمینە ژێردەستەکان دەگرێتەوە، دەبێتە ناسنامەیەک و بنەمایەکی هاوبەش بۆ خۆپاراستن و بەدەستهێنانەوەی مافەکان، بۆیە لەنێوان جینۆساید و نەتەوایەتی، پێوەندی کاریگەریی ناسنامە هەیە، بەتایبەت لەسەدەی ڕابردوو کە سەردەمی درووست بوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و ململانێی نەتەوەکان بۆ باڵادەستی و داڕشتنی نەخشەی نەتەوەیی و دەوڵەت لەسەر بنچینەی هێزو سەپاندن و لەناوبردن یان لاوازکردنی نەتەوەو ڕەگەزی تری زۆری بەخۆوە بینی کە چەندین تاوانی جینۆسایدو پاکتاوی ڕەگەزیی لێکەوتەوە و پێوەندی نێوان جینۆساید و نەتەوایەتی ڕوونتر دەرکەوت، لەم سەدەیەشدا هێشتا درێژەی هەیە.
بۆ کورد و کوردستانیش، جینۆسایدی گەلی کوردستان، بۆتە بنەمایەکی ناسنامەی نەتەوایەتی و ڕەهەندی نیشتمانی و نەتەوەیی وەرگرتووە و بایەخێکی زۆری هەیە لە پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانداو، لە گرێدانی هەستی هاوبەشی تاک و گرووپەکان و، دەکرێت گەشە بەو بنەمایە بدرێت بۆ پتەوکردنی هەست و ئاڕاستە و ئامانجی نیشتمانی و نەتەوەیی، ئەوەش ڕەنگە باشتر بێت بە پڕۆژەیەکی زانستی و نیشتمانی و ستراتیژی گەشەی پێ بدرێت و ئەنجام بدرێت.[1]