$کوردستان و کورد لە قۆناغی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستدا 16$
نووسینی: #کەیوان ئازاد#
$ڕاپەڕینی کورد دژ بە سیاسەتی سوپای عەرەبی ئیسلامی و دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی$
لە ڕۆژگارێکدا، کە کوردستان ڕووبەڕووی سوپای عەرەبی ئیسلامی و موسڵمانەکان بووەوە، جۆرێک لە ململانێ لەنێوان هێزەکانی سوپای عەرەبی ئیسلامی و فەرماندەکانیان و دانیشتوانی گوند و شارۆچکە و شارەکان درووست بوو. ئەو ململانێیەش بۆ جیاوازیی بۆچوونی هەریەک لەو (دوو) کۆمەڵە گەڕایەوە.
فەرماندەکانی سوپا و هێزە چەکدارەکان و دواتر فەرمانڕەوای شار و ناوچەکان و تەنانەت والییەکان، دەیانویست، کۆمەڵانی خەڵکی ژێر دەسەڵاتیان بە بێدەنگی و دوور لە کێشە و ڕووداوێک پابەندی یاساکانی ئەوان و دەوڵەتی خەلافەت بن. هەرچی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ناوچەکانی دەوروبەری بوون، ئامانجیان ئەوە بوو لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتیی نوێدا مافەکانیان زەوت نەکرێت و باج و سەرانەی زۆریان نەخرێتە سەر.
لەنێوان ئەم (دوو) بۆچوونە دژ بەیەکەشدا، هەڵوێست و سیاسەتی جیاواز هەبوو. لەوانە بەشێک لە فەرماندەکانی سوپا و سەربازەکانیان، فشاریان بۆ تاک و خێزانەکانی کوردستان هێنابوو، وەک تەماع خستنە سەر کچ و ژنی جوان و زەوی و ڕەز و باخی ڕازاوە و سامان و داهاتی هەندێک گوند و شارۆچکە و شاری دەوڵەمەند. بەتایبەت ئەو هۆزە عەرەبییانەی بەمەبەستی دەسکەوتی شەڕ هاتبوونە کوردستان و چاویان لە پارە و داهات و زەویی بەپیت و کچ و ژنی جوان بوو. هەر بۆیە ئەم دۆخە جۆرێک لە ململانێی هێنایە ئارا، کە دواجار چەند ڕاپەڕینێکی چەکداریی لێ کەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فشارهێنانی بەشێکی فەرماندەکانی سوپا بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی کوردستان، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە یاسا و فرمانەکانی دەوڵەت، لەوانە سەپاندنی باجی جزیە بەسەر ئەوانەی باوەڕداری ئایینە ئاسمانییەکان بوون، وەک ئایینەکانی (جوو، زەردەشتی، کریستیان)، تا بە شەڕی ئەوانە دەگات، کە ئایینەکەیان قبووڵ نەکرا، وەک (ئێزدی، کاکەیی، مانی، مەزدەکی، بتپەرستان). ئەمەو جگە لەوەی ئەوانەشی باوەڕیان بە ئایینی ئیسلام هێنابوو، باجەکانی (زەکات و خەراج) و چەند باجێکی تریان خرایە سەر.
(زەکات) وەک باجێکی ئایینی و (خەراج)یش وەک باجێک لەسەر زەوی و بەرهەمی کشتوکاڵی و سامانی ئاژەڵ. ئەوانەش شتێکی وایان لە دۆخی کۆمەڵگای کوردی نەگۆڕی، کە پێشتر و لە سەردەمی هەردوو ئیمپراتۆڕیی ساسانی و بێزەنتیدا بەسەریاندا سەپێنرابوو. تەنانەت ئەو شەڕانەش کۆتاییان نەهات، کە پێشتر هەردوو دەوڵەتی پێشوو کاریان لەسەر کرد، بەڵکوو جارێکی تر و بە سیمایەکی ئایینیی نوێ و لەژێر بانگەشەی غەزای ئیسلامی دەرکەوتەوە.
ئەمەو جگە لە فشار و ستەمی ئەو هۆزە عەرەبانەی موسڵمان نەبوون و لەگەڵ سوپای عەرەبی ئیسلامیدا بۆ شەڕی ساسانی و بێزەنتییەکان هاتبوونە کوردستان. بە هەموو ئەو دۆخانەشەوە، زنجیرەیەک ناڕەزایی و ڕاپەرین لە دژی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی سەری هەڵدا.
هۆکارێکی تر وای لە کوردەکان کرد دەست بدەنە ڕاپەڕین، وێرانکردنی گوند و ڕەز و باخ و پەرەستگا و پەڕتووک و نووسراوی پیرۆزی ئایینەکان بوون، لەلایەن سوپای عەرەبی ئیسلامی و هاوپەیمانەکانییانەوە. ئەوەش زەمینەی ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو گوندانە و خاوەنی ڕەز و باخ و پەیڕەوانی ئەو ئایینانە و نووسەران و خوێنەوارانی لێ کەوتەوە، کە خاوەنی پەڕتووک و نووسراوی پیرۆز و بەرهەمی زادەی فیکری خۆیان بوون، لەوانە (ئێزدی، کاکەیی، مانی، مەزدەکی، ....تاد)، بۆیە ئاسان نەبوو، ئەو ڕووداوانە بێ پەرچەکردار تێپەڕن. هەر بۆیە زنجیرەیەک ڕاپەڕینی لەگەڵ خۆیدا هێنا.
لەم چوارچێوەیەشدا دانیشتوانی هەکاری دوای ماوەیەک لە موسڵمانبوونیان هەڵگەڕانەوە و دەستیان دایە ڕاپەڕین و هاوکاریی ئیمپراتۆریی بیزەنتییان لە دژی سوپای عەرەبی ئیسلامی کرد. ساڵی (25ک/ 645ز)یش دانیشتوانی ناوچەی موکریان دژ بە دەسەڵاتی (وەلیدی کوڕی عوقبەی ئەبی موعیەت)ی والیی ئازەربایجان ڕاپەڕین، بەڵام ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا.
ساڵی دواتریش دانیشتوانی ناوچەی (ئامەد) بەهۆی نیشتەجێکردنی هۆزی بەکری عەرەبی لە ناوچەکەیان، لە دەوڵەت هەڵگەڕانەوە و دەستیان دایە ڕاپەڕین، بەڵام لەلایەن خەلیفە (عوسمانی کوڕی عەفان) سوپایەک بە سەرکردایەتیی (عەبدوڵڵای کوڕی عامر) نێردایە سەریان و شارەکەیان گرتەوە و ڕاپەڕینەکەیان کپ کرد.
دانیشتوانی شاری (روها)ش لە ساڵی (26ک/ 646ز) دەستیان دایە ڕاپەڕین و لە دەوڵەت هەڵگەڕانەوە، بەڵام بەهۆی گەمارۆدانی شارەکەیان و بڕینی خۆراک و ئاو لێیان، ناچار کران خۆیان بەدەستەوە بدەن و بۆ ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت بگەڕێنەوە. ئەنجامی ئەوەش، کوشتنی دەیان هاووڵاتیی شارەکە و تاڵانکردنی دەیان دوکان و پەرەستگا بوو.
لەلایەکی دیکەوە، دانیشتوانی ناوچەکانی (دینەوەر، خانەقین، نەهاوەند) لە دژی (مالیکی کوڕی حەبیبی یەربوعی) ڕاپەڕین کە ساڵی (34ک/ 654ز) لەلایەن خەلیفە (عوسمانی کوڕی عەفان)ەوە کرایە والیی ناوچەکە. ئەو ڕاپەڕینانەش دەرەنجامی ئەو سیاسەتە بوو، کە خەلیفەی بە گۆڕینی والی و فەرمانڕەواکانی سنووری خەلافەتی کاری پێکرد. بەو هۆیشەوە لە چەند ناوچەیەک (والی)ی باش بە والیی خراپ ئاڵوگۆڕ کران. ئەوەش ناڕەزایی دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێ کەوتەوە.
لە سەردەمی (خەلیفە عەلی کوڕی ئەبی تاڵیب)یشدا، کوردەکانی ناوچەی شارەزوور هاوکاریی (ئەبوو مەریەم سەعدی تەمیمی)یان لە دژی خەلیفە کرد و داڵدەی ئەو کەسانەیان دا، کە دژایەتیی دەسەڵاتی ناوەندیان لە شاری (کووفە)ی پایتەخت کرد.
ئەو ڕووداوە و سەرکوتکردن و ڕاپەڕینانە، کاریگەریی خراپی لای دانیشتوانی ناوچەکانی کوردستان و دانیشتوانەکەی درووست کرد. بەشێکیان بە ناچاری و لەژێر زەبری فشاردا ملکەچی یاسا و فرمانەکانی دەوڵەتی خەلافەت بوون. بەشێکی تریان بۆ ناوچە دووردەستەکان ڕایانکرد، تا لە دەرەفەتێکدا جارێکی تر دەست بدەنەوە ڕاپەڕین.
ئەوانەی با سکران، چەند نموونەیەکی دیاری هەڵوێستی کوردەکان بوو لە ماوەی (سی) ساڵی دەسەڵاتی دەوڵەتی خەلافەتی ڕاشدی. دیارە ئەو هەڵوێستانەش بەو مانایە نەبوون کە کوردەکان لە ناوچەکانی خۆیانەوە هەوڵی لێدانی دەسەڵاتی ناوەندیان لە (مەدینە) و دواتر (کووفە) دابێت. یان هەوڵی ئەوەیان دابێت بەردەوام نائارامی لە ناوچەکانیان بۆ سەرکردە و خەلیفە ڕاشدییەکان درووست بکەن، بەڵکوو دەرەنجامی ئەو بارودۆخە خراپە بوو کە لەو ماوەیەدا بەهۆی خراپیی مامەڵەی هەندێک لە سەرکردەکانی دەوڵەت دووچاریان بوو، بۆیە جگە لە ڕاپەڕین و بەرنگاربوونەوە، چارەیەکی دیکەیان نەبوو. [1]