$هەڕەمەکەی ماسلۆ$
نووسینی: #هەڤین کەمال شا محەمەد#
هەڕەمەکەی ماسلۆ چییە؟
پەیوەندی نێوان هەڕەمەکە و ژیانی تاک لەکۆمەڵگا نوێیەکاندا چییە؟
چۆن دەتوانین نامۆیی و بێهودەیی ژیان لای تاکی کورد لێک بدەینەوە بەپێی بیردۆزەکەی ماسلۆ؟
لە ساڵی 1943 زانا و دەروونزانی جووی ئەمریکی “ئەبراهام ماسلۆ” بیردۆزە بەناوبانگەکەی بڵاو کردەوە بەناوی “پێداویستییە مرۆڤیەکان” کە لەدوایدا بە “هەرەمی ماسلۆ یاخود سێگۆشەی ماسلۆ” ناسرا لە جیهاندا.
بەپێی بیردۆزەکەی ماسلۆ بێت مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە و هەتاوەکوو ئێستا، کە هەوڵی داوە بۆ بەدەست هێنانی پێداویستییەکانی ژیانی و پارێزگاریکردن لێی، بەشێوەیەکی هەڕەمی یاخود لە فۆڕمێکی شێوەسێگۆشەدا بووە.
بەپێی هەڕەمەکەی ماسلۆ بێت مرۆڤ پێش هەموو شت پێویستی بە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایی و فسیۆلۆژیەکانییەتی وەکوو: خواردن و خواردنەوە، شیڵتەر یاخود جێگای نیشتەجێبوون و بوونی شوێنی حەوانەوە، سێکس و زۆربوون… هتد.
لە هەڕەمەکەی ماسلۆدا پێداویستییە سەرەتاییەکان دەکەوێتە بەشی خوارەوە و یەکەمی هەڕەمەکە. بەدوای ئەودا پێداویستی هەستکردن بە دڵنیایی و ئاساییش، سەلامەتی جێگیربوون دێت کە ئەمیش بەشی دووەمی هەڕەمەکەیە. بەدوای ئەودا پێداویستی هەستکردن بە خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دێن، کە بەشی سێهەمی هەڕەمەکە پێک دەهێنێت، . بەشی چوارەمی هەڕەمەکە بریتییە لە هەستکردن بە خودی خۆت و زیادبوونی خودخۆشویستن و پرستیج (شکۆمەندی) و درووستکردنی پێگەی کۆمەڵایەتیی. کۆتا بەش و لووتکەی هەڕەمەکە بریتییە لە سەلماندنی کەسایەتی و بەناوبانگ بوون و داهێنان لەنێو کۆمەڵگادا؛ ئەویش لە ڕێگای چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و توێژینەوە لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ درووستکردنی تاکی چالاک و داهێنەر، کە ئەمیش بەپێی توێژینەوەکانی ماسلۆ بێت، تەنیا لە لە سەدا دووی مرۆڤەکان دەتوانن بگەنە لووتکەی هەڕەمەکە و کەسانی داهێنەر بن.
ماسلۆ لەبیردۆزەکەیدا دەڵێت: پێداویستییە سەرەتایی و فسیۆلۆژییەکان دەبێت دابینکراو و تێرکراوبن پێش ئەوەی تاک بیر لە هیچ بەشێکی تری هەڕەمەکە بکاتەوە، یان لە دڵەڕاوکێدا بێت بۆ بەدیهێنانی. لە دووەم بەشی هەڕەمەکە کە بریتییە لە هەستکردن بە دڵنیایی و ئاساییش و سەلامەتی. ئەم پێداوستییە تەنیا سەلامەتی خود و جەستە ناگەرێتەوە، بەڵکوو جێگیربوونی سیاسی کۆمەڵگا و دڵنیایی دارایی و پیشەیی کایەی گرنگن بۆ هەستکردن بەم دڵنیایی و جێگیربوونە. هەروەها خۆپاراستن لە هەموو مەترسییەک کە هەڕەشە لە تەندرووستی وسەلامەتی تاک دەکات وەکوو درووستبوونی پێکدادان و جەنگ، کێشە سیاسی و کێشە ڕەگەزپەرستی و خێڵەکییەکان، نەبوونی بیمەی تەندرووستی و بێکاریی و بەتاڵیی، نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون و هەژاری.
لەم بوارەدا دیموکراتیەت چەمکێکی گرنگە بۆ هەستکردن بە دڵنیایی لە کۆمەڵگەدا، چونکە تەنیا دیموکراتیەت و جێگیربوونی سیاسی و داراییە، دەتوانێت هەست بە دڵنیایی و ئاساییش بۆ تاک فەراهەم بکات لە کۆمەڵگای نوێ و تازەگەردا، هەر کاتێک تاک دووبەشی یەکەمی هەڕەمەکەی بۆ ڕەخسێنرا، دەگاتە سێهەم بەشی هەڕەمەکە، کە پێداویستی هەستکردنە بە خۆشەویستی، هاوڕێیەتی، درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و پەیوەست بوون بە کۆمەڵگاوە. تاک ناتوانێت کۆمەڵگا و وڵاتەکەی خۆش بوێت کاتێک نەتوانرابێت پێداویستییە سەرەتاییەکانی بۆ فەراهەم بکرێت، هەر کاتێک توانرا ئەم پێداوستییانەی بۆ بەدی بهێنرێت، تاکێک درووست دەبێت کە متمانەی بە خۆیەتی، خودخۆشەویستیی بەرزە، چوستوچالاکە لە کۆمەڵگا.
کاتێک تاک هەست بە خۆشەویستی و دڵنیایی دەروونی و کۆمەڵایەتی و دارایی و سیاسی دەکات، ئەم دڵنیاییە ڕێخۆشکەرە بۆ بەدیهێنانی بەشی چوارەم و پێنجەمی هەڕەمەکە، ئەویش بریتییە لە سەلماندنی خود و درووستکردنی پێگەی پیشەیی و کۆمەڵایەتیی لە کۆمەڵگا و ئینتمای کۆمەڵایەتیی و بەدوایدا پێداوستییە باڵا و ڕۆحیەکان دێت، کە تاکی ڕۆشنبیر و بەرهەمهێنەر و داهێنەر درووست دەکات.
نهێنی ئەم هەڕەمە لەوەدایە دەیسەلمێنێت تاک ناتوانێت بگات بە هیچ قۆناغێک یان پلەیەکی باڵا و ڕۆحی، یاخود هەست بە خۆشەویستی و ئینتیمای کۆمەڵایەتیی، خاوەندارێتی کێشە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی کۆمەڵگاکەی بکات، ئەگەر پێشتر پێداوستییە سەرەکی وفسیۆلۆژییەکانی دابین نەکرابێت، جێگیربوونی سیاسیی و ئاساییش و سەلامەتی لەگەڵ دڵنیابوونی کۆمەڵایەتی و دارایی بۆ فەراهەم نەکرابێت.
ئەگەر کۆمەڵگایەک نەتوانێت بەشە سەرەتاییەکانی هەڕەمەکە بۆ تاکەکانی دابین بکات و پێداویستییەکانی تێر بکات، ئەوا دەبێتە خاوەنی تاکی بێهیوا و دوودڵ و خەمۆک، هەستکردن بە بێئومێدیی و بێهودەیی و نامۆیی، سیمای تاکی ئەم کۆمەڵگایانە دەبێت، کە لەوانەیە بگاتە ڕادەی درووستبوونی کۆمەڵگایەکی پڕ لە تاوان و توندوتیژ و جنێوفرۆش.
ئەگەر ئێستا ژیانی تاکێکی کورد لە کۆمەڵگای کوردیدا بهێنین بەپێی هەڕەمەکە لێکدانەوەی بۆ بکەین، دەگەینە وەڵامی ئەو پرسیارەی، ئایا تاکی کورد بۆ ئەوەندە هەست بە بێهودەیی و نامۆیی و بێهیوایی دەکات؟
تاکی کورد بۆ تاکێکی ناڕۆشنبیر و جنێوفرۆش و حەزی بە توندوتیژییە؟
تاکی کورد تاوانبارەکەیە یاخود ئەو بارودۆخەی کە لە سایەیدا دەژی و ناتوانێت سادەترین پێداویستییە سەرەتایی و فسیۆلۆژییەکانی بۆ دابین بکات؟
یاخود بەجۆرێکی تر دەتوانین پرسیارەکە بکەین و بڵێین:
ئایا تاکی کورد تاکێکە هەموو پێداویستییە سەرەکی و فسیۆلۆژی و هەستکردن بە ئارامی و دڵنییایی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ فەراهەم کراوە، هەتا وەکوو تاکێک بێت بتوانێت بگاتە ئاستی سەرووتر لەهەڕەمەکە و بتوانێت تاکێکی چالاکی کۆمەڵگا بێت؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارانە، دەتوانین چاو بخشێنین بە چەند ئامارێک کە لە بواری جیاوازدا کراون لەم ناوچەیەدا، بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان بەگشتی و کۆمەڵگای کوردیی بەتایبەتی، لە بەشی خوارەوەی هەڕەمەکەیە.
بۆ نموونە: بەپێی ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەبواری برسییەتیی و هەژاریی لە جیهاندا کراوە، ئامارەکان دەڵێن وڵاتی ئێڕاق بە ڕێژەی 22.9٪ ڕێژەی برسییەتیی تێدایە (برسییەتیی بە مانای ئەوەی تاک لە 1800 کالۆری کەمتر وزەی خۆراکیی وەربگرێت لە ڕۆژێکدا).
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێڕاق ڕێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 (15 بۆ 16٪) بووە و، لە ئێڕاقدا (35٪) بووە.
ئەگەر بێینە سەر باسی ڕێژەی بێکاریی، ئەوا لە هەرێمی کوردستان سەدا چواردەیە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی پلاندانان، لە ئێڕاقدا شەش ملیۆن کەس بێکارن و هیچ کارێکیان نییە. ڕێکخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، سەرەڕای کەمبوونەوەی توندوتیژییەکان لە ئێڕاق، بەڵام شەڕوپێکدادانەکان زیانی گەورەی بە گیانی هەزاران هاووڵاتی ئەو وڵاتە گەیاندووە ئاماژەی بەوەش دا، لە هەر چوار منداڵێکی عێڕقیی یەکێکیان لەژێر هێڵی هەژارییدا دەژی.
ئەگەر بێینە سەر ڕێژەی قەیرەیی و شوونەکردن ئەوا ڕێژەکەی زۆر زۆرە کە لەسەدا حەفتایە لەئێڕاق و بەهەمان ڕێژەش لە هەرێمی کوردستان. ئەمە جگە لە ڕێژەیەکی زۆری جیابوونەوە و کێشە خێزانییەکان کە لە دادگا یەکلایی نەکراونەتەوە.
ئەم هەموو ئامارانە تەنیا یەک شتمان بۆ دەردەخات، ئەویش ئەوەیە:
ئەگەر لێکدانەوە بۆ بارودۆخی تاکی کورد بکەین بەپێی هەڕەمە دەروونییەکەی ماسلۆ، ئەوا زۆر بەئاسانی بۆمان دەر دەکەوێت کە تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردی لە بەشی خوارەوەی هەڕەمەکەدایە، واتە لەو ڕیزبەندییەدایە کە پێویستی بە خواردن و خواردنەوە و جێگەی نیشتەجێبوون و سێکس و زۆربوونە بەپلەی یەکەم، ئینجا هەستکردن بە دڵنیایی و ئاساییش و جێگیربوون بە پلەی دووەم.
کۆمەڵگایەک کە باری ئابووری و پیشەیی باش بێت لەگەڵ سیاسەتێکی جێگیر و دیموکراتخواز، تاکێک بەرهەم دەهێنێت کە کەمتر دوودڵە بەرانبەر ئێستا و داهاتووی، لە دڵەڕاوکێدا نییە بۆ خۆی و خێزانەکەی. تاکێکی چالاک و بەرهەمهێن دەبێت و هەندێک جاریش داهێنەر، ئەمەش زۆر بەڕوونی دەبینرێت لە کۆمەڵگا ڕۆژاواییەکان.
بە پێچەوانەوە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ئەم پێداویستییە سەرەکیانەی بۆ فەراهەم ناکرێت وەکوو کۆمەڵگای کوردیی، کۆمەڵگایەکە هەردەم دوودڵی، نامۆیی، بێهودەیی، سەرلێشێواوی و خەمۆکی سیمای تاکەکانیەتی. بەم هۆکارە دوای هەموو بانگەوازێک و گوتارێک دەکەوێت کە ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەی بۆ دابین بکات (زۆر بەڕوونی دەتوانین ئەوە ببینین لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، ئەو لیستانەی کە دەنگدەرانیان بە خەڵاتی ماددی قایل دەکەن دەتوانن زۆرترین دەنگ بێنن و دەتوانن زۆر بەئاسانی دەنگدەر بکڕن).
هاوکێشەکەی ماسلۆ زۆر سادەو ڕوونە، پێمان دەڵێت تۆ نابێت چاوەڕێی کۆمەڵگایەکی تەندرووست، ڕۆشنبیر، بەرهەمهێن و داهێنەر بکەیت، لە وڵاتێک تاکەکانی بچووکترین پێداویستی و مافە سەرەتایی و فسێۆلۆژیەکانیان بۆ دابین نەکرابێت و هەست بە ئارامیی، دڵنییایی و جێگیربوون نەکەن.
بەپێچەوانەوە دەبێت چاوەڕێی نەوەیەک بکەین کە تا سەرئێسقان باوەڕی بە خۆی نییە، بێمتمانەیە بەرانبەر هەموو کارێک و پڕۆژەیەکی چاکسازیی. نەوەیەک باوەڕی بە بێهودەیی ژیان هەیە (کە ئەمەش بەڕوونی دەبینرێت لە هۆنراوە و نووسینەکانی نووسەر و شاعیرە لاوەکاندا). بەداخەوەنەوەیەک خەمۆکیی و بێئومێدیی و نامۆیی زاڵترین سیمای تاکەکانیەتی، نەوەیەک دوور لەهەموو بەها مرۆڤایەتیی و ڕۆحییە باڵاکان.
بەپێی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی (WHO) باری ئابووری و دارایی خراپ، هەژاری و بێکاریی، بوونی فشاری کۆمەڵایەتی و دەروونی، بوونی شەڕ و کێشە سیاسییەکان، سەرلێشێواویی و بێسەرپەرشتیی، یەکێکە لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی خەمۆکیی، کە لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی جەستەیی وەک شەکرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و نەخۆشییەکانی دڵ. هەروەها دەبێتە هۆی ڕەفتاری نادرووست و لادانی ئەخلاقیی. هەر بۆیە دەبینین بە ڕێژەیەکی زۆر نەخۆشییە دەروونیەکان و خەمۆکیی و خۆکوشتن، توندوتیژی کۆمەڵایەتی و تاوان و ئالوودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و جنێوفرۆشیی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کۆمەڵگای کوردی لە زیابووندایە. [1]