کۆمەڵناس گوڵستان یارکن ئەندامی کۆمسیۆنی دژ بە نەژادپەرەستی و جیاکاری لە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا (ئیهەدە) لەبارەی زۆربوونی هێرشە نەژادپەرەستییەکان لە تورکیا لە دژی کورد ڕایگەیاند هێرشبەرەکان کورد وەک جەسەتیەک بۆ کوشتن سەیر دەکەن.
یارکن باسی ئەوەیکرد، لە تورکیا لە دژی پێکهاتە و گروپە جیاوازەکانی وەک کورد، سوریانی، ئەرمەن، عەلەوی، یەهودی و جو، ڕۆم، ڕۆمان و چەندین گروپی تر هێرشی نەژادپەرەستی ئەنجام دەدرێن و تی هەندێک لە هێرشە نەژادپەرەستییەکان ڕاستەوخۆ لە دژی ماڵ و موڵکی کەسەکانە، هەندێکیشیان لە دژی جەستەی مرۆڤەکانە. هەندێک لە هێرشەکانیان بەشێوەی لەناکاو و لەلایەن کەسەکانەوە ئەنجام دەدرێن. هەندێکی تریشیان بە شێوەیی ڕێکخراو و پلان بۆ دانرا و بە شێوەی قەرەباڵغ ئەنجام دەدرێن.
گوڵستان یارکن باسی ئەوەشیکرد، نەژاپەرەستی هەم لەلایەنی هەستی کەسییەوە ئەنجام دەدرێت و هەم پەیوەندیی بە سیستم و دام و دەزگاکانەوە هەیە و وتی هێرشە نەژادپەرەستییەکان لە دژی کوردان لە ساڵانی 1990 بە دواوە لە شارەکانی تورکیادا دەستیان پێکردووە، ئەوەش هیچ جیاواز و دابڕاو نییە لەو سیاسەتە نەژادپەرەستی و شەڕە، کە دەوڵەت لە ساڵانی 1980ەوە دەستیپێکردووە. بۆ ئەوەی کۆتایی بە نەژادپەرەستی بێت دەبێت سیستمێکی کۆمەڵایەتی دابمەزرێت، کە دەرفەت و هەل و سەرچاوە ئابووری، کولتوری و سیاسییەکان بۆ هەموو گروپە ئیتنییەکان بە شێوەیەکی یەکسان دەستەبەر بکات.
بۆ ئەوەی مرۆڤی خاوەن هەست و بۆچوونی نەژادپەرەستی بگۆڕدرێت، پێوستی بە هۆشمەندییەکی بەهێز لە دژی نەژادپەرەستی هەیە و پێویستە بزووتنەوەیەکی بەهێزی دژە – نەژادپەرەستی دروست بکرێت، بۆیە کارکردن لەو پێناوەدا بۆ خۆی گۆڕەپانێکی ناکۆتایە بۆ تێکۆشان.
یارکن سەرنجی خستەسەر هێرشە 'لە ناکاوەکان' لە دژی کوردان و وتی 'بۆ نمونە ئەگەر سەیری 2 ڕووداوەکەی ساکاریا بکەین، کە مرۆڤ تیایدا ژیانی خۆیان لە دەستداوە، کردەوەکانی هەر 2 ڕووداوەکە کاردانەوەی لە ناکاوی نەژادپەرەستانە بوون، 2 کورد دەکوژن کە هەرگیز نەیانناسیون. ئەگەر لە یادتان بێت، لەم ماوەیەدا لە ساکاریا کادیر ساکچی، شیرین تۆسون، لە ئەنقەرە بارش چاکان کوژران. کادیر ساکچی لەگەڵ کوڕەکەی خۆیدا بە کوردی قسەی کردبوو، بکوژەکە کاتێک گوێی لە قسەکردن بە کوردی بووە، لێ پرسیون 'ئێوە کوردن'، دوای ئەوەی وەڵامی 'بەڵێ' دەبیستێت، کادیر ساکچی دەکوژێت.
یارکن ئاماژەی بەوەشکرد تاکە هۆکاری ئەو کوشتنانە ئەوەیە، ئەوانەی کوژراون کوردن و بکوژیش کورد وەک 'جەستەیەک بۆ کوشتن' سەیر دەکات.
یارکن وتیشی ئەو هێرشانە تەنها لە ساکاریا ڕوویان نەداوە، هەر لەم دواییانەدا کادیر ساکچی و شیرین تۆسون لە ساکاریا کوژران. جگە لەوانەش هەر لەم دواییانەدا لە ساکاریا لە دژی کرێکارانی وەرزیی کورد هێرشی نەژادپەرەستانە ئەنجامدرا، بۆیە لەم دواییانە ناوی ساکاریا زۆر کەوتە بەر باس.
هەروەها لە چانکالا ئەکرەم یاشلیی تەمەن 74 ساڵ لەبەر ئەوەی بە کوردی قسەی کردبوو، هێرشکرایە سەری و کوشتیان، بۆیە ئێمە هێرشی لەو جۆرە لە دژی کوردان لە شارەکانی تورکیادا دەبینین و ئەو هێرشانە تەنها لە یەک شاردا ئەنجامنادرێن.
یارکن لەبارەی هەندێک کەس، کە هەوڵ دەدەن هێرشەکان وەک هێرشێکی ئاسایی نیشان بدەن، کە ڕۆژانە لە ئاستی جیهاندا ڕوودەدن، وتی ئەوانەی هەوڵ دەدەن هێرش لە دژی کرێکارانی کورد وەک هێرشێک، کە لە ئاستی جیهانیشدا ڕوودەدەن نیشان بدەن، هەوڵە بۆ ئەوەی لایەنی نەژادپەرەستیی ئەو هێرشە بشارنەوە. ئەو نزیکایەتی و ڕەفتارە هەڵەیە. هێرش لە دژی کرێکارانی کورد یان هێرش لە دژی عەرەبەکانی سوریا، هێرشی نەژادپەرەستین، چونکە لەم جوگرافیایەدا هەرگیز هیچ هێرشێکی لەو شێوەیە نەکراوەتە سەر کرێکارانی تورک.[1]